هونەرمەندی شانۆكار شێخ كەریم شێخ ساڵح بۆ کوردستانی نوێ :

هیوادارم شانۆ و درامای كوردی لەم چەقبەستووییە رزگاری ببێت

11:57 - 2024-11-13
دیدار
61 جار خوێندراوەتەوە

هونەرمەندی شانۆكار شێخ كەریم شێخ ساڵح، لە ساڵی 1960 لە گەڕەكی بەكرەجۆی شاری سلێمانی لەدایكبووە و قۆناغی سەرەتایی لە خوێندنگەی زێوەر و قۆناغی ناوەندی لە كاوەی كوڕان و دواتریش بەشی كارەبای لە ئامادەیی پیشەسازیی سلێمانی تەواو كردووە. 
هونەرمەندی شانۆ شێخ كەریم بە دوالاپەڕەی وت: هەر لە قۆناغی سەرەتاییەوە حەزم بە كاری نواندن بوو، بەڵام بوارم بۆ نەڕەخسا هەتا دوای ڕاپەڕین، ساڵی 1991 پەیوەندییم بە تیپی پێشڕەوی شانۆی كوردییەوە كرد و ئاواتەكەم هاتەدی و لەساڵی 1992 هەتا ئێستا لە هەموو كارە هونەری و شانۆییەكانی تیپی پێشڕەو بەشدارم. 
 لە شانۆگەرییەكانی، هێرۆسترات لە یادكەن، گوڵ عومەر، ئەحەی كڕنو، وڵاتەكەم، ئاوایی بێكەسە، جەنابی وەزیر، ئێوارەیەك لە شانۆی پێشڕەو، خۆ نەیان كڕیوین، سێبەری كەرێك كارم كردووە. لە دراماكانی، نالی، كەریم تاك دینار، خۆرنەوەزان، خانەكەی حاجی ئاغا، ساتەكانی ژیان، كرێچییەكان، كۆشكی هەنار رۆڵم گێراوە و لە فیلمی سینەماییەكانی، بەهەشتێكی سووتاو، كڵۆكان، ژانی گەل و ئالوودە بەشدار بووم و رۆڵم لە كورتە فیلمی دونیا و دەلاك گێڕاوە. 
وتی: لە ساڵی 2017 ەوە دەستم بە نووسینی شیعر كردووە و ژمارەی شیعرەكانم زۆرن و زیاتر حەزم بە كورتە شیعر و پۆستەرە شیعرە.
سەبارەت بە دۆخی ئەمڕۆی هونەری شانۆ و دراما و سینەمای كوردی، وتی: لەم بارودۆخەی ئەمڕۆدا كە دەسەڵات، دەسەڵاتی كوردییە دەبوایە هونەری كوردی زۆر لە برەودابوایە كە بەداخەوە وا دەرنەچوو، هیوادارم حكومەتی هەرێم زیاتر دەستی هونەر بگرێت بۆ ئەوەی لەو دۆخە چەقبەستووە رزگاری بێت. 
ئالان محەمەد جەزا

بابەتە پەیوەندیدارەکان