ساڵیادی سەركردەی نەمر د. كەمال فوئاد سیاسەتمەدار و رووناكبیر

09:19 - 2024-11-17
کوردستان
141 جار خوێندراوەتەوە

د.كەمال فوئاد كەسایەتییەكی گەورەی سیاسی و رووناكبیریی كوردستان بوو، ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بوو، زیاتر لە 60 ساڵ لە كۆڕی تێكۆشانی سیاسی و رۆشنبیرییدا، خزمەتی زۆری بە گەل و نیشتمانەكەی كرد.
كەمال عەبدولكەریم محەمەد فوئاد، كە بە د.كەمال فوئاد ناسراوە، ساڵی 1932 لە بنەماڵەیەكی دیار و ناسراوی شاری سلێمانی لەدایكبووە.
لە سلێمانی و بەغدا و ئەڵمانیا خوێندوویەتی. لەكۆتایی پەنجاكانی سەدەی رابردوودا چووەتە ئەڵمانیا‌ و لەوێ‌ ماستەری لە فۆنیمەكانی زمانی كوردی لە زانكۆی هامبۆرگ و دكتۆرای لەسەر دەستنووسە كوردییەكان، وەرگرتووە.
دكتۆر كەمال، هەر لەسەرەتای ژیانی لاوی و لە تەمەنی 15 ساڵیدا تێكەڵاوی جووڵانەوەی سیاسی بووە و سەرەتا پەیوەندیی بە حزبی شیوعی عیراقەوە كردووە و یەكێك لە كادرە دیار و چالاك و هەڵسوڕاوەكانی ئەو حزبە بووە و لە بەغدا هەمیشە رابەر و پێشەنگی خۆپیشاندانەكان بووە و هەر بەهۆی ئەوەوە دەستگیركراوە و دوو ساڵ لە زیندان ماوەتەوە.
دواتر لەناو پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان درێژەی بە خەبات داوە‌ و ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری یەكێتی و ساڵانێكی دوورودرێژ ئەندامی مەكتەبی سیاسی بووە.
جگە‌ لە كاری سیاسی، د.كەمال؛ خولیای ئەدەب و رۆژنامەنووسی بووە و لەو بوارەدا شوێنپەنجەی دیارە و دیارترین كاری ئەوە بووە كە ساڵی 1968 لە ئەڵمانیا ژمارەكانی رۆژنامەی كوردستانی دۆزییەوە و لە ساڵی 1972 چاپی كردن. لە ساڵانی 1971-1974 وەك مامۆستای زانكۆ لە بەشی كوردی كۆلیجی ئەدەبیاتی زانكۆی بەغدا، خزمەتی كرد.
ئەم سیاسەتمەدار و رووناكبیرە گەورەیەی كورد لەڕۆژی 15/11/2014 لە وڵاتی ئەڵمانیا بەهۆی نەخۆشییەوە كۆچی دوایی كرد‌ و چووە دنیای نەمرییەوە.
درودی رێز‌ و وەفا و ئەمەكداریی بۆ گیانی پاك و پیرۆزی دكتۆر كەمال-ی رووناكبیر و سیاسەتمەدار.

لە چراكانی نیشتمانەوە

#یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان