بە منداڵێک دەوترێت پێش 37 هەفتەیی لەدایک ببێت

رۆژی جیهانیی منداڵانی لەدایكبووی پێشوەخت

09:28 - 2024-11-17
ڕاپۆرت
160 جار خوێندراوەتەوە
یەکەی نەبەکام لە نەخۆشخانەی د.جەمال ئەحمەد رەشید تایبەت بە منداڵان

راپۆرتی/ ئالان محەمەد جەزا


د.ئازاد عەلی بۆکوردستانی نوێ   : منداڵ هەیە بە 20 یان 24 هەفتەیی لەدایکبووە لە ژیاندا ماوە و تەندروستیشی باشە

17ی تشرینی دووەم، وەک رۆژی جیهانیی منداڵانی لەدایكبووی پێشوەخت (نەبەکام) ناسێنراوە، نەبەكام بەو كۆرپەلەیە دەوترێت کە بە هەر هۆکارێک بێت پێش کاتی ئاسایی خۆی واتا 37 هەفتەیی لەدایک دەبێت.
لە نەخۆشخانەی د.جەمال ئەحمەد رەشید بەشێكی تایبەت هەیە بە چاودێریکردنی منداڵانی لەدایکبووی پێشوەخت، رۆژانە منداڵی نەبەکامی تێدا داخڵ دەکرێت و بەپێی ئامارێکی نەخۆشخانەکە رێژەی چاكبوونەوە لە بەشەكە
 لە 80 % بۆ 90 0% ە.

لە ساڵی 2023-2024 زیاتر لە 3500 منداڵی نەبەکام لە نەخۆشخانەی د.جەمال ئەحمەد تایبەت بە منداڵان داخڵی بەشی خودەج کراون

ئاماری منداڵانی نەبەکام
د.ئازاد عەلی پزیشكی پسپۆڕی منداڵان و گەشە و تەندروستی منداڵان لە نەخۆشخانەی د.جەمال ئەحمەد رەشید بە کوردستانی نوێی راگەیاند، نەبەكامیی رێژەی هەیە، لەدایکبوونی کۆرپەلە چەند نزیکتربێت لە 37 هەفتەیی ئەوا رێژەی نەبەکامی کەمترە و چەند دوورتر بێت، لەو کاتەوە ئەوا نیشانەكانی منداڵی نەبەكامی لێ‌ دەردەكەوێت.
منداڵی نەبەكام كێشەی تەندروستیی دەبێت، لەبەرئەوەی دروستبوونی ئەندامەکانی لەشی بە تەواویی کامڵ نەبووە و هەندێکجار مەترسی لەسەر ژیانیان دورست دەبێت، بۆیە پێویستە لە دوای لەدایکبوون لە نەخۆشخانە بهێڵرێنەوە و لەژێر چاودێریی پزیشکدابن.
د.ئازاد عەلی پزیشكی پسپۆڕی منداڵان دەڵێت: ئێستا زۆرترین هۆكار بۆ لەدایکبوونی منداڵی نەبەکام، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە دایکان دەیانەوێت بە نەشتەرگەریی منداڵەکانیان لەدایک ببێت، هەروەها چاندنی منداڵ بۆ ئەو ژنانەی منداڵیان نییە، هۆكارێكی دیکە ژنەکە لە کاتی دووگیانیدا بە رێکوپێکی سەردانی پزیشکی پسپۆڕ ناکات بۆ وەرگرتنی رێنمایی.
وتیشی: 15ساڵ لەمەوپێش هەر منداڵێك پێش 28 هەفتە لە دایكبووایە، دەیانوت منداڵی لەبارچووە لەبەرئەوەی ئەگەری لەژیاندا بوونی منداڵەکە زۆر كەم بوو، بەڵام ئێستا لە نەخۆشخانە منداڵمان هەیە بە 20 یان 24 هەفتەیی لەدایکبووە لە ژیاندا ماوە و تەندروستیشی باشە، لە ساڵی 2023-2024 زیاتر لە 3500 منداڵی نەبەکام لە نەخۆشخانەی د.جەمال ئەحمەد داخڵ کراون.

کام منداڵانە لە نەخۆشخانە دەمێننەوە؟
ئەڤین جەلیل لێپرسراوی یەكەی نەبەكام لە نەخۆشخانەی د.جەمال ئەحمەد رەشید بە كوردستانی نوێی راگەیاند، رێژەی داخڵبوونی منداڵ لە یەكەی نەبەكام رۆژانە دەگۆڕێت، (5 بۆ10) نەخۆش داخڵ دەبێت لە رۆژێكدا و رۆژانە 20 بۆ 35 نەخۆش لە بەشەكەدا چارەسەر دەكرێن.
وتیشی: زیاتر ئەو منداڵانە لە یەکەی نەبەکام داخڵ دەکرێن كە كێشەی هەناسەدانیان هەیە و پێویستیان بە ئامێری هەناسەدانی دەستكردە، هەروەها ئەو منداڵانەی نەخۆشی دڵیان هەیە، یاخود ئەوانەی كێشەی ریخۆڵە و دروست نەبوونی سورێنچك یان کۆمیان هەیە و پێویستیان بە نەشتەرگەرییە، پاشان ئەو منداڵانەی زەردوییان هەیە و پێویستیان بە گۆڕینی خوێنە.
یەکەی نەبەكام لە نەخۆشخانەی د. جەمال لە دووبەش پێكدێت، نەبەکامی منداڵان و لەدایکبووان، هەروەها لە یەکەکدا هۆبەی بەشی چاودێری ورد هەیە بۆ ئەو منداڵانەی پێویستیان پێیەتی.
سۆزان محەمەد لێپرسراوی بەشی ئامار لە نەخۆشخانەی د.جەمال تایبەت بە منداڵان بە کوردستانی نوێی راگەیاند، لە بەشەکانی نەبەکامی منداڵان و لەدایکبووانی نەخۆشخانەکەدا 86 بێد هەیە بۆ ئەو منداڵانەی پێویستیان پێیەتی.

چۆنیەتی سەردانکردنی یەکەی نەبەکام
سەردانکردنی یەکەی نەبەکامی نەخۆشخانە بەپێی رێنمایی تایبەتە و هەموو کەس ناتوانێت سەردانی ئەو بەشە بکات، ئەڤین جەلیل لێپرسراوی یەكەی نەبەكام لە نەخۆشخانەی د.جەمال دەڵێت: سەردانكردن لە بەشەكەی ئێمە تەنها بۆ كەسی پلە یەكی منداڵەکانە واتا دایك و باوك، هەروەها پێویستە کەسەکان پێش چوونە ناو یەکەکە ماسك ببەستن، دەستەكانیان بشۆن و تەعقیمی دەست بەكاربهێنن پێش ئەوەی دەست لە منداڵەکانیان بدەن بۆئەوەی بیانپارێزن لە توشبوون بە نەخۆشی.
ئەڤین جەلیل داواش لە دایكان و باوكان دەکات لەبەر هەڵبژاردنی مێژوویەکی جوان وەک رۆژی لەدایکبوونی کۆرپەکانیان، نەبنە هۆکاری لەدایکبوونی منداڵێکی نەبەکام بە نەشتەرگەری و دروستبوونی مەترسی لەسەر گیانی کۆرپەکانیان.
د.ئازاد عەلی پزیشكی پسپۆڕی منداڵانیش دەڵێت: بۆ رێگریی لە لەدایکبوونی منداڵ بە نەبەکامی داوا لە دایکانی دووگیان دەکەم دوور بکەونەوە لە لەدایکبوون بە نەشتەرگەری بە خواستی خۆیان، هەروەها دایکانی دووگیان لە ماوەی دووگیانییەکەیاندا بەهیچ شێوەیەک بەبێ رێنمایی پزیشکی پسپۆڕ هیچ جۆرە دەرمانێک بەکارنەهێنن، هەروەها ئەو دایکانەی منداڵی نەبەکامیان دەبێت پێویستە بۆ چۆنیەتی بەخێوکردنی رێنمایی پێویست لە پزیشک وەربگرن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان