ئاماده‌كردنی هێزی كار له‌ ئه‌ستۆی زانكۆدایه‌؟

11:11 - 2024-11-17
ئابووری
166 جار خوێندراوەتەوە
ئه‌گه‌ر خوێندكار به‌ پراكتیكی كار ئاشنا نه‌بێت، ناتوانێ له‌ بازاڕی كاردا جێگه‌ی خۆی بكاته‌وه‌

راپۆرتی: کوردەوان محەمەد سه‌عید 


پ. ی. د. ئاڤا عومه‌ر فه‌تاح بۆ دیجیتاڵ میدیای کوردستانی نوێ   :  پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و كه‌لێنه‌ی كه‌ ئێستا هه‌یه‌ و وایكردووه‌ ده‌رچووه‌كانمان نه‌توانن له‌ بازاڕی كاردا لێهاتووییه‌كانی خۆیان بدۆزنه‌وه‌، به‌ پراكتیزه‌كردنی خوێندنه‌كانمان ده‌بێت، واته‌ ده‌بێت وانه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای پرۆژه‌ بخوێنرێت

بازاڕی كار یه‌كێكه‌ له‌ بنه‌ما سه‌ره‌كییه‌كانی ئابووریی هه‌ر وڵاتێك، رێكختسنه‌وه‌ی ئه‌م بازاڕه‌ له‌ ئه‌ستۆی حكومه‌ت و دامه‌زراوه‌كانیدایه‌، له‌ رێكخستنه‌وه‌كه‌شدا ده‌بێ پشت به‌ توێژینه‌وه‌ی زانستیی ناوه‌نده‌ ئه‌كادیمییه‌كان ببه‌سترێ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ره‌خساندنی هه‌لی كار بۆ ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ گه‌نجان، كه‌ ساڵانه‌ زانكۆ و په‌یمانگاكان ته‌واو ده‌كه‌ن و ده‌بنه‌ هێزی كار، به‌ تایبه‌تیش له‌ سایه‌ی سیستمی بازاڕی ئازاددا ئاسان نییه‌، چونكه‌ ده‌بێ هه‌ر یه‌كه‌ له‌ كه‌رتی گشتی و كه‌رتی تایبه‌ت به‌شداریی له‌ ره‌وتی گه‌شه‌پێدانی ئابووریدا بكه‌ن ئاماده‌كردنی هێزی گاری گه‌نجیش بۆ ئه‌وه‌ی له‌ بازاڕی كاردا جێگه‌ی خۆی بكاته‌وه‌ ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆی زانكۆ و په‌یمانگاكان.

كارامه‌یی و لێهاتوویی خوێندكار
پ. ی. د. ئاڤا عومه‌ر فه‌تاح له‌ لێدوانێكدا بۆ ستۆدیۆی دیجیتاڵ میدیای كوردستانی نوێ له‌و باره‌یه‌وه‌ رایگه‌یاند: چۆن بتوانین زانكۆ و پیشه‌سازی لێك نزیك بخه‌ینه‌وه‌؟ له‌ راستیدا پێویسته‌ خوێندنی ئێستامان تێكه‌ڵ بكه‌ینه‌وه‌ به‌ لایه‌نه‌ پراكتیكییه‌كه‌، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین كارامه‌یی و لێهاتوویی فێری خوێندكاران بكه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن ئه‌و كه‌لێنه‌ پڕبكه‌نه‌وه‌ كه‌ ئێستا هه‌یه‌ و ده‌رچووه‌كانمان ناتوانن له‌ بازاڕی كاردا لێهاتووییه‌كانی خۆیان بدۆزنه‌وه‌. 
سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه‌ ده‌رچووانی زانكۆ چۆن لێهاتوویی خۆیان بدۆزنه‌وه‌، ئه‌و پسپۆڕه‌ پێی وایه‌ ئه‌و پرۆسه‌یه‌ به‌ پراكتیزه‌كردنی خوێندنه‌كانمان ده‌بێت، واته‌ ده‌بێت وانه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای پرۆژه‌ بخوێنرێت، یاخود بتوانرێت كه‌سانی خاوه‌نكار بهێنرێت له‌ ناو خوێندنه‌كانماندا وانه‌ بڵێنه‌وه‌، چونكه‌ هه‌ندێك له‌ لایه‌نه‌ پراكتیكییه‌كان له‌ ناو كتێبه‌كانیشدا نه‌نووسراونه‌ته‌وه‌، به‌ڵكو له‌ واقعی كاركردندا دێته‌ پێشه‌وه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ كه‌ ئه‌وان وابه‌سته‌ بكه‌ین و تێكه‌ڵیان بكه‌ین له‌گه‌ڵ خۆماندا بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ناو پرۆگرامه‌كانی خوێندندا جێیان بكه‌ینه‌وه‌، ئه‌مه‌ یه‌كێكه‌ له‌ رێگاكان.
دروستكردنی بڕیارده‌ر و سه‌ركرده‌ی كار
پ. ی. د. ئاڤا عومه‌ر فه‌تاح له‌ درێژه‌ی لێدوانه‌كه‌یدا وتی: رێگایه‌كی دیكه‌ش ئه‌وه‌یه‌، كه‌ بتوانین له‌ رێگه‌ی ئه‌و داتایانه‌ی كه‌ پێشتر هه‌بووه‌، له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌لێنه‌كان به‌ شێوازێك پڕ بكرێنه‌وه‌ كه‌ خوێندكاران خۆیان واقعی راسته‌قینه‌ی كاره‌كان ببینن و ببنه‌ بڕیارده‌ر، ئه‌ویش له‌ رێگه‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ دیدی ره‌خنه‌گرانه‌ تیایاندا گه‌شه‌ پێبده‌ین و هه‌روه‌ها بتوانین ئه‌و لێهاتووییانه‌ی كه‌ هه‌یانه‌، وه‌كو چۆنێتی به‌ڕێوه‌بردن، یاخود به‌ڕێوه‌بردنی كار، تیایاندا گه‌شه‌ پێبده‌ین، تا بڕیارده‌ر و سه‌ركرده‌ی باشیان لێ دروست بكرێت و جارێكی دیكه‌ تێكه‌ڵ ببنه‌وه‌ له‌گه‌ڵ واقیعی كاره‌كانیاندا.
هۆكاری سووربوونی ئه‌م پسپۆڕه‌ و پسپۆڕانی دیكه‌ش له‌سه‌ر په‌ره‌پێدانی توانا و لێهاتوویی خوێندکار له‌ رووی كاره‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌، كه‌ خوێندكاری ئێمه‌ تا ئێستاش كاتێك زانكۆ ته‌واو ده‌كات و ده‌چێته‌ بازاڕی كاره‌وه‌، به‌ ته‌كنیكی كار و ورده‌كارییه‌كانی ئه‌و كاره‌ ئاشنا نه‌كراوه‌ و لێهاتووییه‌كانی خۆی نه‌دۆزیوه‌ته‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ وه‌ك هێزێكی كاری لێهاتوو رۆڵی راسته‌قینه‌ی خۆی له‌ ئابووریی وڵاتدا نابینێت.

#ئابووری

بابەتە پەیوەندیدارەکان