76 كەپری فرۆشتن لەلایەن ژنانەوە بەڕێوەبران

لە پێنجەمین فێستیڤاڵی بازاڕدا تواناکانیان دەردەخەن

09:47 - 2024-11-18
ڕاپۆرت
183 جار خوێندراوەتەوە
ژنان بەشدارییەکی بەرچاویان لە فێستیڤاڵی بازاڕی کەلاردا هەبوو

راپۆرتی: حسێن عەزیز


بە چاودێری بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری گەرمیان، پێنجەمین فێستیڤاڵی بازاڕ لە قەزای كەلار، لە ناوەندی ئیدارەی گەرمیان بۆ ماوەی چوار رۆژی لە (14 بۆ 17) ی ئەم مانگە لە پاركی شاری یاریی كەلار بەڕێوەچوو، بە بەشداری نزیكەی 300 خاوەنكار  لە كارگە و كۆمپانیاكان، براندە جیهانیی و ناوخۆییەكان و بەرهەمی خۆماڵی و كاری دەستیی ژنان. رۆژانە هەزاران كەس لە كڕیاران و فرۆشیاران سەردانی بازاڕەكەیان كرد و لە نزیكەی 300 كەپر كە بۆ ساغكردنەوەی كەلوپەلەكان دانربوون، 76 یان لەلایەن ژنانی خاوەنكارەوە  بەڕێوە دەبران. 

فێستیڤاڵەکە سەرکەوتووە
سۆزان عزەدین عەلی كچێكی تەمەن 21 ساڵەوە و سەرقاڵی ساغكردنەوەی بەرهەمەكانی رۆیاڵ پلاتینۆیە بە لاپەڕەی ژنان – ی راگەیاند: ماوەی ساڵێكە سەرقاڵی كاركردنم، پێمانخۆشبوو وەك براندی رۆیاڵ پلاتینۆ بەشداری لە فێستیڤاڵی بازاڕ لە كەلار بكەین و بۆنەكانمان بناسێنین و لقی فرۆشتنمان لە لەندن و پاریس و توركیا هەیە و هێناویشمانەتە كوردستان و لە هەولێر و سلێمانی لقمان هەیە، تەنیا بۆ بۆ ناساندنی بەرهەمەكانمان هاتووینەتە ئەم فێستیڤاڵە لە كەلار. 
ئەو كچە بۆنفرۆشە باسی لەوەشكرد: لە یەكەم رۆژی فێستیڤاڵەوە بەشدارییان كردووە، خەڵكی بۆنەكانیان بەدڵە و زۆر گوێ بە نرخەكانیان نادەن و لە سلێمانییەوە هاتوون و شتی جیاوازیان بینیووە و بە رای ئەو بازاڕێكی سەركەوتووە. 

هەلی کار بۆ کچان
گۆشەیەكی تری بازاڕی فێستڤاڵەكە سێ كچی كەلاریی بەرهەمەكانی كارگەی شیرینی ئاری-یان ساغ دەكردەوە و كانی رەشید عەلی تەمەن 19 ساڵ  لەو بارەیەوە  وتی: بۆ ساڵی پێنجەمە بەشداریی لە فێستیڤاڵی بازاڕی گەرمیاندا دەكەین، كۆمەڵێك چوكلێتی سروشتی بێ شەكرمان بەرهەمهێناوە، هەموو بەرهەمەکانمان خۆماڵییە و هەلی كارمان بۆ چەندین گەنجی سنوورەكە رەخساندووە. بەشی زۆری ئەو كەسانەش كە بەرهەمەكانمان دەكڕن كچان و ژنانن. خەڵك لە زۆربەی ناوچە جیاجیاكانەوە سەردانمان دەكەن و داوا لە گەنجان دەكەم هەوڵی خۆیان بدەن بۆ ئەوەی ببنە خاوەنكار و بژێوی ژیانیان دابین بكەن. 
ژنانی شاری سنەی رۆژهەڵاتی كوردستانیش میوانی فێستیڤاڵەکە بوون و جلوبەرگی رەسەنی كوردەواری و بەدەستچنراوی خۆیان نمایشكردبوو، هێندەی تر بازاڕەكەیان رازاندبووەوە، سەمیری محەمەد حسێن كە ماوەی 20 ساڵە خەریكی دروستكردن و چنینی كەلوپەلی كوردییە وتی: پێنج ساڵە بەشداریی ئەم فێستیڤاڵەدا دەكەین و  جلوبەرگی كوردی و كەوا، هێلەكی ژنان و كۆڵوانەمان لە شاری سنەوە هێناوە، نزیكەی 20 ساڵە بەناوی تەناس خاتوون لە شاری سنە كاردەكەین، بەدیزاینی نوێ جلەكان دووراون و زۆرترین جۆری كەلوپەل كە فرۆشتوومانە هێلەك و كەوایە، بە شێوازێكی جوان ئامادەكراوە و نرخەكانی بەراورد بە نرخی كوردستان زۆر هەرزانترە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان