شێرپەنجەی سینگ یەکەمینە و دوای ئەویش قۆڵۆن و بۆریی هەناسە

لە هەولێر زۆرترین رێژەی توشبوون بە شێرپەنجە تۆمارکراوە

10:15 - 2024-11-18
ڕاپۆرت
239 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی/ تەها عەبدوڵڵا 


بە گوێرەی ئامارێكی ئەنجومەنی شێرپەنجەی عیراق، كە لە چەند رۆژی رابردوودا بڵاوكراوەتەوە، لە ساڵی 2023 لە عیراق و هەرێمی كوردستان 43 هەزار و 62 توشبووی شێرپەنجە تۆماركراوە، لە كاتێكدا لە ساڵی 2022 ئەو رێژەیە 39 هەزار و 68 کەس بووە، هەر بەگوێرەی ئەو ئامارانە، زۆرترین توشبوو بە نەخۆشی شێرپەنجە لەسەر ئاستی عیراق لە پارێزگای هەولێر بووە، ئەوەش بە تۆماركردنی دوو هەزار و 456 کەس لە ساڵی 2022 و ئەو رێژەیەش لە ساڵی 2023 بۆ سێ هەزار و 30 كەس بەرزبۆتەوە.
هەر بە گوێرەی ئەو ئامارەی ئەنجومەنی شێرپەنجەی عیراق بڵاویکردۆتەوە، كەمترین رێژەی توشبوون بە شێرپەنجە لە پارێزگای كەركوك تۆماركراوە، هەروەها ئاماژە بەوەشکراوە زۆرترین رێژەی گیانلە دەستدان بە نەخۆشی شێرپەنجە لە پارێزگای بەغدا تۆماركراوە، دوای ئەویش بەسرە و نەینەوا دێت، باوترین جۆری نەخۆشییەکە شێرپەنجەی سینگە دوای ئەویش شێرپەنجەکانی قۆڵۆن و بۆری هەناسە دێت.

رێوان حسێن  بۆ    کوردستانی نوێ  :  وەرزش نەكردن، كێشانی جگەرە و نێرگەلە لەگەڵ بۆماوەیی چەند هۆكارێكی تری زیادبوونی شێرپەنجەن

هۆکارەکانی زیادبوونی شێرپەنجە
رێوان حسێن پسپۆڕی نەخۆشی شێرپەنجە لە بارەی زیادبوونی رێژەی نەخۆشییەكە بە كوردستانی نوێی راگەیاند: راستە ئێستا رێژەی توشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجە زیادیكردووە، ئەمەش بۆ چەند هۆكارێك دەگەڕێتەوە، لەوانە بەهۆی هۆشیاریی بەشێك لە هاووڵاتیان زووتر پشكنین بۆ خۆیان دەکەن و دەردەکەوێت کە کەسەکە توشبووە، بەمەش رێژەی توشبوون زیاتر تۆمار دەكرێت. 
وتیشی: هۆكارێكی تری زۆربوونی شێرپەنجە بۆ پیسبوونی ژینگە دەگەڕێتەوە، بە تایبەتی بوونی پاڵاوگەی نایاسایی لە شاری هەولێر، هەروەها جۆری ئەو خۆراكانەی خەڵك دەیخوات، بەشێكیان هۆكاری ئەو نەخۆشییەن، ئەمە جگە لەوەی سەختی ژیان و زۆریی فشارەكان لەسەر مرۆڤ هۆكارگەلێکی ترن بۆئەوەی شێرپەنجە زیاتربێت.
رێوان حسێن دەڵێت: وەرزش نەكردن، كێشانی جگەرە و نێرگەلە لەگەڵ بۆماوەیی چەند هۆكارێكی ترن رێژەی توشبوون بە شێرپەنجە زیاتربێت، هەرچەندە هۆشیاریی زۆر بڵاودەكرێتەوە، بەڵام هێشتا خەڵكێك هەیە بڕوای بەو رێنماییانە نییە و
 پابەندی نابن.

د.گەیلان قادر بۆ   کوردستانی نوێ : وەک لیژنەی تەندروستیی ئەنجومەنی نوێنەران، چاودێریی بارودۆخەكە دەكەین و كاردەكەین بۆ دەستنیشانكردنی لایەنی كەمتەرخەم

  
بەدواداچوون دەکرێت
زیادبوونی رێژەی شێرپەنجە لە عیراق بە تایبەتی لە شارێكی وەك هەولێر جێگای هەڵوەستە لەسەركردنە و پێویستە هەردوو وەزارەتی تەندروستی هەرێم و فیدراڵ بەدواداچوونی بۆ بكەن و بزانن هۆكارەكەی چییە، بۆئەوەی بتوانن ئاستێك بۆ ئەو مەترسییە دابنێن.
د.گەیلان قادر پزیشكی پسپۆڕ و ئەندامی لیژنەی تەندروستیی ئەنجومەنی نوێنەران بە كوردستانی نوێی راگەیاند: بەدڵنیاییەوە ئێمە وەك لیژنەی تەندروستی ئەنجومەنی نوێنەران، چاودێری بارودۆخەكە دەكەین و كاردەكەین بۆ دەستنیشانكردنی لایەنی كەمتەرخەم، لەبەرئەوەی پێمانوایە چارەسەرنەكردنی هۆكارەكانی زیابوونی نەخۆشی شێرپەنجە وادەكات لە ساڵانی داهاتوودا رێژەی زیاتر تۆماربكرێت.
وتیشی: هەندێك هۆكار دەستكردی مرۆڤ خۆیەتی و دەتوانرێ چارەسەر بكرێت، لەوانە پاك راگرتنی ژینگە و نەهێشتنی ئامێرە زیانبەخشەكانی وەك مولیدە،  پاڵاوگەكان و جۆری خراپی ئۆتۆمبێل، هەروەها زیادكردنی رێژەی سەوزایی و باشترکردنی جۆری خۆراك، ئەمانە چەند هەنگاوێکن دەبنە هۆی كەمكردنەوەی نەخۆشییەكە.

نافیز مستەفا  بۆ  کوردستانی نوێ    :  بەهۆی كاركردنی پاڵاوگە نایاساییەکانەوە تەمێکی تاریك ئاسمانی هەولێری داپۆشیوە و ژینگەی شارەكە پیس بووە

رەتکردنەوەی ئامارەکە
بۆ زانینی راستیی و دروستی ئەو ئامارەی لەبارەی شێرپەنجەوە بڵاوکراوەتەوە کوردستانی نوێ پەیوەندی کرد بە وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێم و بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی هەولێر، بەڵام رەتیانکردەوە لێدوان لەو بارەیەوە بدەن.
دوای بڵاوبوونەوەی ئامارەکانی شێرپەنجە لە ئەنجومەنی شێرپەنجەی عیراق، راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی هەولێر رایگەیاند: لە 49 %ی نەخۆشانی شێرپەنجە خەڵكی ئاوارە و پەناهەندەی دەرەوەی هەرێمە، لەگەڵ خەڵكی ناوەڕاست و خوارووی عیراق كە بۆ چارەسەری نەخۆشی شێرپەنجە روو لە شاری هەولێر دەكەن، بەمەش ژمارەی دروستی توشبووان لەشاری هەولێر زۆر كەمترە لە رێژەی راگەیەنراو.
هاوکات نافیز مستەفا ئەندامی لیژنەی نەوت ‌و گاز لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر بە كوردستانی نوێی راگەیاند: پێشتر چەندینجار هۆشداریمان دابوو لەوەی پارێزگاری لە ژینگەی هەولێر بكرێت ئەگەرنا زیانی گەورەی دەبێت، بە تایبەت بوونی پاڵاوگە نایاساییەكان، كە هیچ ستانداردێكی ژینگەییان تێدا نییە و بەبێ مۆڵەت كاردەكەن، ئەو دوكەڵ و پاشەڕۆیانەی لە ئەنجامی كاركردنی پاڵاوگە نایاساییەكان دروست دەبێت تێكەڵ بە ئاوهەوا دەبنەوە، بەهۆیەوە دەبنە كارەسات و دوژمن بۆ خەڵك و ژینگە.
وتیشی: بەهۆی كاركردنی ئەو پاڵاوگانەوە تەمێکی تاریك ئاسمانی شاری هەولێری داپۆشیوە، لەوە دەرچووە تەنیا بە بینین بێت، بەڵكو بەشێوەی بۆنی ناخۆشیش بڵاوبۆتەوە،  كە ئاماژەیە بۆ پیسبوونی تەواوی ژینگەی شارەكە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان