بەپێی یاسا، رێگریکردن لە سەرژمێریی و زانیاری ناڕاست، سزای هەیە

سەرژمێری بۆ داهاتووی هەرێم گرنگە

09:23 - 2024-11-19
ڕاپۆرت
201 جار خوێندراوەتەوە
تیمێکی سەرژمێریی دانیشتوان

راپۆرتی/ ئەسرین محەمەد

سەرژمێری واتا زانینی ژمارەی تەواوی دانیشتوانی وڵاتێک، هەروەها زانینی تەمەن، رەگەز، شوێنی نیشتەجێ بوون و کارکردنیان، لەگەڵ چەندین وردەکاری دیکە، بە ئامانجی رێکخستن و بونیادنانی کاروبارەکانی وڵات بە شێوەیەکی ورد و پشتبەستن بە داتا.
کۆتا سەرژمێری کە لە عیراقدا کرابێت ساڵی 1997 بووە، بەبێ بەشداری هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان، بەڵام سەرژمێری ساڵی 1957 لە عیراق بە دوایین سەرژمێری پێش دەستێوەردانی سیاسی ئاشکرا دادەنرێت و تائێستا پشتی پێدەبەسترێت، لەبەرئەوەی وێنەیەکی روونی پێکهاتەی نەتەوەیی و ئایینی ناوچە جۆراوجۆرەکانی پێشکەش دەکرد.
لە ماوەی رابردوودا لایەنی بەرپرس لە حکومەتی ناوەند و هەرێم، ئامادەکارییان کردووە بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەی سەرژمێری گشتیی له‌ هه‌موو عیراق و هه‌رێمى كوردستان لە یەک کاتدا بەپێی چەند قۆناغێک.

 



وەزیری پلاندانانی حکومەتی هەرێم: سەرژمێری زۆر گرنگە بۆ زیادبوونی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان و زیادکردنی نوێنەرانمان لە پەرلەمانی عیراق

قۆناغەکانی سەرژمێری
یەکەم قۆناغ پڕكردنه‌وه‌ى تۆمارى خێزانە، کە بژمێره‌كانى سه‌رژمێرى، له‌ رۆژانى 17، 18، 19/11/2024 سه‌ردانى گشت شوێنه‌كان ده‌كه‌ن، له‌ شار و گوند، له‌ هه‌ر چوار پارێزگاکەى هه‌رێم و سەرجەم خێزانه‌كان تۆمار ده‌كه‌ن، بە مه‌به‌ستى ئاسانكارى بۆ خێزانه‌كان و بژمێره‌كانيش له‌كاتى پڕكردنه‌وه‌ى فۆڕمى سه‌رژمێرى، چه‌ند زانيارييه‌كى سه‌ره‌تاييان لێ وه‌رده‌گرن، وه‌ك جۆرى بينا، ژماره‌ى خێزانه‌كانى ناو بيناکە، ناوى سيانى ئه‌ندامانى خێزان، ناوى دايك و باوكى ئه‌ندامانى خێزان، په‌يوه‌ندیی كه‌سه‌كان به‌ سه‌رۆكى خێزانەوە لەگەڵ ره‌گه‌ز و مێژووى له‌ دايكبوونيان.
دارا رەشید وەزیری پلاندانانی حکومەتی هەرێم بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، سەرژمێری زۆر گرنگە بۆ زیادبوونی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان و زیادکردنی نوێنەرانمان لە پەرلەمانی عیراق.
دووەم قۆناغ، رۆژانی 20 و 21/11/2024 سەرژمێری گشتییە و قەدەغەی هاتوچۆ لە تەواوی عیراق راگەیەندراوە بۆئەوەی هه‌موو كه‌سێك له‌ ماڵه‌وه‌ ‌بێت، بژمێره‌كانى سه‌رژمێرى سه‌ردانى هه‌موو بيناكان ده‌كه‌نه‌وه‌ و دڵنياده‌بنه‌وه‌ له‌وه‌ى هيچ خێزانێك له‌بير نه‌كرابێت، له‌به‌رئه‌وه‌ى دواى سەعات 12 شه‌وى 21/11/2024 فۆڕمى تۆمارى خێزان داده‌خرێت و دوای ئەوکاتە هيچ کەسێک تۆمار ناكرێت.
دارا رەشید وەزیری پلاندانانی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، له‌ ماوه‌ى ئەو دوو رۆژەدا دوايين گۆڕانكارييه‌كانى ئه‌ندامانى خێزان (بۆ نموونه‌ هه‌بوونى له‌دايكبوون يان مردن) تۆمار ده‌كرێن و ئه‌و خێزانانه‌ش كه‌ پێشتر تۆمار نه‌كراون، تۆمار ده‌كرێن و زانيارييه‌ سه‌ره‌تاييه‌كانيان لێ وه‌رده‌گيرێت.

سزای رێگریکردن و زانیاریی ناڕاست
لە رووی یاساییەوە پرۆسەی سەرژمێری بە دوو قانون رێکخراوە، قانونی سەرژمێری دانیشتوان ژمارە (40)ی ساڵی 2008 و هەموارەکەی، لەگەڵ قانونی دەستەی ئاماری عیراق ژمارە (32)ی ساڵی 2023، لەو قانونەدا هاووڵاتی پابەندکراوە بەوەی بەشداری سەرژمێریی بکات و بە پێچەوانەوە سزای قورسی زیندانیکردن و پێبژاردنی دارایی هەیە.
پارێزەر رەوەند تاریق دەڵێت: ئەگەر هاووڵاتی رێگریکرد لەوەی سەرژمێری بکەن، بە گوێرەی یاسای دەستەی ئامار ژمارە(32)ی ساڵی 2023 مادەی (18) بڕگەی (چوارەم)  سزا دەدرێت بە زیندانیکردن بۆ ماوەیەک کە لە سێ ساڵ زیاتر نەبێت، هەروەها سزادانی دارایی کە لە سێ ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە پێنج ملیۆن دینار زیاتر نەبێت.
وتیشی: ئەگەر هاووڵاتی لەکاتی سەرژمێریدا زانیاری ناڕاستی بە مەبەست پێشکەشکرد، بەگوێرەی هەمان قانون، پاڵپشت بە مادەی (19) بڕگەی (یەکەم) هاووڵاتییەکە زیندانی دەکرێت بۆ ماوەیەک کە لە حەوت ساڵ زیاتر نەبێت و لەگەڵیدا سزادانی دارایی هەیە کە لە پێنج ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە 10 ملیۆن دینار زیاتر نەبێت.

بژمێرەکانی سەرژمێری
پێویستە لەماوەی ئەو چەند رۆژەدا كارتى نيشتمانيى ئه‌ندامانى خێزان (یان ناسنامەی باری کەسێتی و هاووڵاتینامە بۆ ئەوانەی کارتی نیشتمانییان نییە) و كۆبۆنى خۆراكى خێزان به‌رده‌ست بێت، لەبەرئەوەی له‌كاتى سه‌رداندا بژمێرەکە بۆ تۆمارى زانيارييه‌كان لێيان داوا ده‌كات. هەر ئەندامێکی خێزان لە ماڵەوە نەبێت بە شێویەکی کاتی بەهۆی سەفەر بۆ دەرەوەی وڵات یان هەر هۆیەکی تر، پێویستە کارتی نیشتمانی یان کۆپیەکەی ئەو کەسە لە ماڵەوە هەبێت بۆئەوەی بنوسرێت لەگەڵ خێزانەکەی.
پرۆسەکە لە هەرێمی کوردستان لەژێر سەپەرشتی لایەنی بەرپرس و بە هاوکاری نزیکەی (61) هەزار دەرچووی زانکۆ و پەیمانگەکان بەڕێوە دەچێت، کە پێشتر بەشێوەی ئۆنلاین لەسەر ئاستی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان فۆرمی بوون بە بژمێریان تۆمار کردووە.
دەستەی ئاماری هەرێم رایگەیاند، بژمێرەکان لەسەر بنەمای پێداویستی شوێنی جوگرافی، قەرەباڵغی دانیشتوان، شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیان لەسەر ئاستی گوند، گەڕەک، ناحیە، شارۆچکە، شار، پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان دەستنیشان کراون و پێشتر راهێنانیان پێکراوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان