میدیاكاری دێرین، نازم كەریم بۆ کوردستانی نوێ : رادیۆی كوردیم لە سـلێمانـی دامەزراند

10:34 - 2024-11-19
دیدار
59 جار خوێندراوەتەوە

نازم كەریم ساڵی 1954 لە خانەقین لەدایكبووە، دەرچووی كۆلێژی ئادابی زانكۆی بەغدادە، ماوەی 35 ساڵ لە بەغدا ژیاوە و ئێستا لە سلێمانی دەژی، بۆ ماوەی 18 ساڵ لە رادیۆی بەغدا وەك جێگر و بێژەر و سەرۆكی بەشی هەمەڕەنگ كاری كردووە و ئێستا ساڵێكە لە سلێمانی رادیۆ كوردیی دامەزراندووە. 
نازم كەریم بە دوالاپەڕەی وت: رۆژی 19/11/2023 لە سلێمانی رادیۆی كوردیم دامەزراند كە ئەو رادیۆیە لە راستیدا میراتگر و درێژەپێدەری رادیۆی كوردیی بەغدایە.
سەبارەت بە بەرنامەكانی ئەو رادیۆیە، وتی: بەرنامەكانمان هەمەڕەنگ و رۆشنبیرین و گرنگی بە بابەتەكانی رۆژانە دەدەین لە سنووری رادیۆكە كە سنووری پارێزگای سلێمانییە و زۆربەی كارەكان بۆ خۆم دەكەم و هیچ پاڵپشتێكی داراییمان نییە، ستافەكانم لە شەش كەس پێكهاتووە و هاوسەنگی جێندەریمان پاراستووە كە سێ كەس لە رەگەزی نێر و سێ لە رەگەزی مێ پێكهاتووە و هەموویان خۆبەخشانە كار دەكەن. 
لەبارەی جوگرافیای پەخشی رادیۆكە وتی: بەرنامەكان لە سلێمانی پەخش دەكرێن و لە پارێزگاكانی دیكە و كەركوك لە رێگەی ئینتەرنێتەوە گوێگران سوود لە بەرنامەكان وەردەگرن و داوامان لێدەكەن پەخشی رادیۆكە لەو ناوچانەش بکرێتەوە. 
 نازم كەریم لە كۆتاییدا ئاماژەی بەوەدا كە رۆژانە 7 بەرنامەی جیاواز پەخش دەكەن و پەخشی رادیۆكە 24 سەعاتییە و گرنگیی تایبەتی بە گۆرانییە رەسەنەكان دەدەن و لە پاڵ ئەوەشدا گرنگی بە دەنگی ئەو گەنجانە دەدەن كە ستایلی تایبەت بە خۆیان هەیە. 
جەواد حەیدەری

بابەتە پەیوەندیدارەکان