بەڕێزان خانەوادە و کەسوکاری سیاسەتمەدار و تێکۆشەر مامۆستا کەریم ئەحمەد
بەڕێزان مەکتەبی سیاسی حزبی شیوعی عیراق
بەڕێزان مەکتەبی سیاسی حزبی شیوعی کوردستان
لە ناخی دڵمانەوە هاوبەشی خەمتانین بۆ کۆچی دوایی سیاسەتمەدار و تێکۆشەری دێرینی کۆڕی خەباتی گۆڕەپانی سیاسی لە عیراق و کوردستاندا، مامۆستا کەریم ئەحمەد.
مامۆستا کەریم تێکۆشەرێکی خاکی و جەماهیری بووە وەک سەرۆک مام جەلال لە نووسنێکیدا باسیکردوە و دەڵێت (لە قۆناغی خوێندندا ئێمە خوێندکاری ئەو بووین بەڵام وەک خۆی تەماشای دەکردین). مامۆستا کەریم ئەحمەد لەناو کایەی خەباتدا کە لە ناوەراستی چلەکانەوە بەحزبی شیوعی عیراق پەیوەست بووە، لە سەرەتا و ناوەڕاستی پەنجاکاندا چەند جارێک دەستگیرکراوە و تاکو سەرەتای شەستەکانی سەدەی رابردوو بە هۆی هاتنە سەر حوکمی بەعسییەکانەوە خەباتیان لەگەڵ شۆڕشی کوردستاندا گرێداوە. لەوکاتانەوە دۆستایەتی و کاری پێکەوەیی لەگەڵ حزبە کوردستانییەکان لای مامۆستا کەریم ئەحمەد گرنگی هەبووە و لە ناوەڕاستی هەشتاکانی سەدەی رابردوودا بۆ پێکهێنانی بەرەی کوردستانی مامۆستا کەریم رۆڵێکی بەرچاوی بینی لەوەی کە هەرێمی کوردستانی حزبی شیوعی بەشدارییەکی کارای هەبێت لەو بەرەیەدا.
ئەم رۆڵانەی مامۆستا کەریم ئەحمەد کە بینیویەتی بۆ برەودانیخەباتی سیاسی بوو لە گۆڕەپانی عیراقی و کوردستانیدا دژ بە رژێمی دیکتاتۆریی بەعس.
ئەمڕۆش بۆ کۆچی دوایی ئەو تێکۆشەرە ماندوونەناسە، پرسە و ماتەمی خۆمان بەخانەوادە و گشت ئەندامانی حزبی شیوعی عیراق و حزبی شیوعی کوردستان رادەگەیەنین.
مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان