تۆڵە لە گروپێکی مەترسیداری داعش کرایەوە

06:22 - 2024-11-24
کوردستان
341 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئۆپراسیۆنەكانی ئاسایش، گروپێكی مەترسیداری چەكداری داعش(ویلایەتی كوردستان) هەڵوەشاندەوە و تۆڵەی شەهیدانی (قەرەداغ و ناوشوان)دەكاتەوە.

لە راگەیەندراوەكەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئۆپەراسیۆنەكانی ئاسایشدا، لەسەر بنەمای زانیاریی هەواڵگری و ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان لەڕۆژی 2024/8/9 تا 2024/11/22 بەبڕیاری دادوەری لێكۆڵینەوەی ئاسایش توانیان، چەندین ئۆپەراسیۆنی كێوماڵكردن بەهەماهەنگیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دژەتیرۆر و هێزەكانی كۆماندۆی كوردستان و دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق و فرۆكە جەنگییەكانی عێراق ئەنجامبدەن.

لەدرێژەی چالاكییەكانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئۆپەراسیۆنەكانی ئاسایش، بەشێوەی بەردەوام لەپێناو دەستگیركردنی ئەندامانی گرووپی تیرۆریستیی داعش و هەڵوەشاندنەوەی (وویلایەتی كوردستان)چەندین ئۆپراسیۆنیان ئەنجامداوە لە سنووری (سلێمانی، كەركوك، هەڵەبجە، رانیە، تەكیەی جەباری، تەكیەی كاكەمەند، ناوچەی شارەزوور، ناڵپارێز، دەربەندیخان، پیرەمەگرون، قۆپییەكانی قەرەداغ، ناوچەی سەنگاو، جەبەل بۆر، چیای زەمبوور، ناوچەی ناوشوان، گوندی ژاژ -لە نزیك قەزای چەمچەماڵ، تەقتەق و شاخی قەرەسرد).

دەشڵێت، “لە كۆی ئەم پڕۆسەیەدا دەزگای ئاسایشی هەرێم سێ شەهیدی بەئارامی و ئاسایشی كوردستان بەخشیوە، دوو شەهیدی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی بەناوەكانی (هونەر گالب و شەماڵ مەحمود) و شەهیدێك لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئۆپەراسیۆنەكانی ئاسایش بەناوی (محەمەد ڕەشید قادر) لەگەڵ سێ بریندار، هەروەها سێ كارمەندی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق برینداربوون، لەكۆی ئەم پڕۆسەیەدا بۆ هەڵوەشاندنەوەی ویلایەتی كوردستان پێنج تیرۆریستی داعش كوژران و 14 تیرۆریست دەستگیركران و دەستیشگیراوە بەسەر ژمارەیەك چەك و تەقەمەنی و پشتێنی خۆكوژی و دووربینی سەربازی(حەراری), سەرجەم مۆڵگەكانیان خاپووركران”.

هەر لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، بەرێوەبەرایەتیی گشتی ئۆپەراسیۆنەكانی ئاسایش، بەفەرمانی دادوەری لێكۆڵینەوە ئاسایش، لەماوەی رابردوودا بۆ رێگریكردن و پارێزگاری لە هاوڵاتییان لە بیری توندڕەوی و تیرۆر، لەچوارچێوەی (وڵاتپارێزی و خەڵك پارێزی)، هەڵمەتێكیان لەناوچەی شارەزوور بۆ دەستگیركردنی ژمارەیەك گومانلێكراو ئەنجامدا و لەدوای دەستگیركردنیان و ئەنجامدانی لێكۆڵینەوەكان پلانی بەرێوەبەرایەتیی گشتیی ئۆپەراسیۆنەكانی ئاسایش سەركەوتوو بوو, توانرا دەستگیركراوەكان (أصلاح) بكرێن و بگەڕێنەوە ناو خێزانەكانیان.

بابەتە پەیوەندیدارەکان