لە میدیای ئەڵمانییەوە

12:46 - 2024-11-25
جیهان
37 جار خوێندراوەتەوە

ئەڵمانیا ئامادەکاری بۆ جەنگ دەکات


لێپرسراوانی باڵای حکومەتی ئەڵمانیا پرۆژەیاسایەکیان ئامادەکردووە کە بریتییە لە راپۆرتێکی هەزار لاپەڕەیی نهێنی کە تایبەتە بە ئەگەری روودانی جەنگ لەگەڵ روسیا، بەپێی پرۆژەکەی سوپای ئەڵمانیا کۆمپانیا زەبەلاحەکانی تایبەت بە ژێرخانی ئابووریی وڵات راوێژیان پێکراوە و هەوڵدراوە ئەو کۆمپانیایانە بە چاکی بپارێزرێن لەکاتی بۆمببارانەکاندا، بەپێی زانیاریی رۆژنامەی فرانکفۆرتە ئەلگێماینە لەکاتی روودانی جەنگدا هاوپەیمانێتیی ناتۆ سەدان هەزار سەرباز و چەک و جبەخانەی بەهێز لە ئەڵمانیا جێگیردەکات تا بتوانێت بەرگریی لەوڵاتانی ئەندامی خۆی بکات، هەروەها چۆنیەتی بەڕێوەچونی گەشەی ئابووریی چالاکیی بازرگانی و هاتوچۆی سەر ئۆتۆبانەکان باسکراوە کە چۆن نەهێڵن زیانیان پێبگات.
Frankfurter Allgemeine Zeitung 

هەڵبژاردنی پێشوەختە بەڕێوەیە


لەدوای پەرتەوازەبوونی هاوپەیمانێتیی نێوان هەر سێ پارتی (سۆسیال دیموکرات SPD، سەوزەکان Die GRUNE، دیموکراتی ئازاد FDP) بەهۆی ناکۆکیی نێوانیان لەسەر مەسەلەی ئابووری و بودجەی ساڵی داهاتوو، حکومەتی ئەڵمانیا پێشنیاری هەڵوەشانەوەی کابینەکەی خستۆتەبەردەم پەرلەمان و بڕیاروایە لەسەرەتای ساڵی داهاتوو دەنگی لەسەر بدرێ و پێشبینی دەکرێت هەموو لایەنەکان لەسەری هاوڕابن، دوای هەڵوەشانەوە بۆ ماوەی مانگێک حکومەت دەبێتە کاربەڕێکەر و بڕیاردراوە لە 23ی مانگی دووی ساڵی داهاتوو هەڵبژاردنی گشتیی پەرلەمان بکرێتەوە، ئەوەش لەکاتێکدایە کابینەی ئێستا چوار ساڵی خۆی تەواونەکردووە.
Suddeutsche Zeitung

ئەفغانستان باڵیۆزی خۆی لە بەرلین کشاندەوە


لەئەنجامی ناکۆکی لەگەڵ حکومەتی ئەڵمانیا بەهۆی پێشێلکردنەکانی مافی مرۆڤ و مافەکانی ژنان و رەخنەکانی لێپرسراوانی ئەڵمانیا لە حکومەتی تاڵیبان، ئەفغانستان ستافی باڵیۆزخانەی خۆی لە بەرلین و کونسوڵگەرییەکەی لە شاری بۆن کشاندەوە، بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی شپیگل ئۆنلاین بێت ئەو دەستە دیپلۆماتکارە ئەفغانییەی بەرلەهاتنی تاڵیبان بۆ حوکم دانراون و هەروا بێکار لە بەرلین ماونەتەوە، ئەگینا حکومەتی ئەڵمانیا دانی بەدەسەڵاتی بزووتنەوەکەدا نەناوە، تا باڵیۆزیان قبووڵ بکات.
Spiegel Online

ئەڵمانیا ناتانیاهو دەستگیردەکات؟


لەدوای فەرمانی دادگای نێودەوڵەتیی لاهای بۆ دەستگیرکردنی بنیامین ناتانیاهو سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بە تۆمەتی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ و کوشتوبڕی خەڵکی فەلەستین لە غەززە، وڵاتان بۆچوون و هەڵوێستی جیایان نواندووە، وتەبێژی حکومەتی ئەڵمانیا لەمبارەیەوە دەڵێت: «حکومەتی بەرلین بەوردی چاودێریی رەوشەکە دەکات و جارێ هەڵوێستی خۆی بەیان ناکات تا ئەو کاتەی ناتانیاهو بیەوێت سەردانی وڵاتەکەی بکات».
Die Zeit

بابەتە پەیوەندیدارەکان