راپۆرتی: ئیبراهیم قامیشلۆیی
یارا حەسکۆ
یارا حەسکۆ، یەکەمین پێشانگەی تابلۆكانی لە عامودای رۆژئاوای كورستان کردەوە و چەند رۆژێک بەردەوام بوو. یارا کیژێکی عەفرینییە و هەنووکە وەک پەنابەر لە قامیشلۆ دەژی، لە منداڵییەوە خولیای كاری هونەری و نیگارکێشان بووە و دوای قاڵبوونەوەشی لەو هونەرەدا، پهیام و ئامانجەکانی لە رێگەی تابلۆکانییەوە دەردەبڕێت و کار لەسەر هونەری نیگارکێشی و شێوەکاری بەگشتی دهكات.
هونەر لەسەرووی پسپۆڕییەوە
یارا لەڕێگەی تابلۆکانییەوە ئێش و ئازارەکانی کورد و گەلانی سوریا بە بینەرانی تابلۆکانی و هونەر دۆستان دهگەیهنێت. لهو بارهیهشەوه لە دیدارێکی کورتیدا بۆ كوردستانی نوێ وتی: من لە ساڵی 1996 لە گوندی قیبارە لە شاری عەفرین لەدایک بووم، هەر لە منداڵییەوە خولیام هونەری نیگارکێشی بوو.
ساڵی 2013 بهشی ئەندازیاریی میکانیکیم لە زانکۆی حەلەب تهواوكرد، لەو کاتەدا خۆشەویستییەکی زۆرم بۆ هونەری شێوەکاری بەگشتی و نیگارکێشی بەتایبەتی هەبوو، هەرچالاکییەکی هونەریی هونەرمەندانی شێوەکاریی و کردنەوەی پیشانگە هەبووایە، بەشدارییم دەکرد.
سوپازگوزاری رێنمایی شێوەکارانی حەلەب و شامە
هەروەها دەڵێت: بۆ خۆشم وردە وردە لە ماڵەوە لە رووی ئەکادیمییەوە خۆم پەروەردە دەکرد، بەردەوام رێنماییم لە هونەرمەندانی شێوهكاری وەک، حەمید حەمۆ و بەشار بەرازی و مستەفا عەلی و زوهێر حەسیب لە شام وەردهگرت، کە ئەوان زۆر یارمەتیدەر و پشتیوانم بوون.
هەروەها دەڵێت: تائێستا نزیکەی 80 تابلۆی رهنگاوڕهنگم دروستکردووە کە بەشێکی زۆری ناوەڕۆکی تابلۆکانم ئاماژەن بە چیرۆک و بەسەرهاتە مرۆییەکان، بهتایبهتی ئەو رووداوانەی لە نێو جڤاك و خەڵکدا بەگشتی روودەدەن وەک چیرۆکی دابڕانی دایک و باوک و منداڵەکانیان بەهۆی جەنگ و ئاوارەییەوە و دوورکەوتنەوەیان لهزێدی خۆیان.
رەنگدانەوەی کورد و ژن و مرۆڤایەتی
روونیشکردەوە کە ئەمانە چیرۆکی بە ئازار و خەمناکن، بەتایبەتی بۆ گەلی ئێمە لە رۆژئاوای کوردستان و کوردستان بەگشتی، چونکە لە وڵاتێکدا کە مرۆڤ تێیدا ئارام نەبێت، بێگومان نیشتمانیش ئارام نابێت.
لەوبارەیەشەوە گرنگییەکی زۆر بە بەسهرهات و چیرۆکە راستەقینەکانی مرۆڤی کورد دەدەم و ئەوەش بەزۆری لە تابلۆکانمدا رهنگی داوهتهوه.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا دەڵێت: کار لەسەر خەون و ئاواتهكانی خۆشم دهكهم و هیوادارم رۆژێک بێت لە وار و گوندەکەی خۆم لە عەفریندا درێژە بە کارە هونەرییەکانم بدەم.
یارا ئەوەشی ئاشکرا کرد کە ئێستا سەرقاڵی زنجیرەیەک کاری نوێیە بۆ گهشهپێدانی زیاتری خۆی لەو بوارەدا و وتی: ناتوانم بەبێ ئەم هونەرە بژیم و رۆژانە کار لەسەر تابلۆی نوێ دەکەم، بۆیە لە بەرنامەمدایە لێکۆڵینەوەی زیاتریشی لەسەر بکەم لەڕووی ئەکادیمییەوە.
وتیشی: ئەگەر دەرفەتم بۆ بڕەخسێت و ناوچەکەمان ئارام بێت، پێشانگەیەکی تریش لە رۆژئاوای کوردستان دهكهمهوه. هاوكات دوای ئەم دۆخە خراپە لەڕووی ئابووری و جەنگەوە، بەڵام هێشتا خەڵکێکی زۆر عاشقی هونەر و داهێنانن و سەردانی پێشانگاکەمیان دەکرد لە شاری عامودا و تابلۆکانیشم بینهر و کڕیارێكی زۆریان ههبوو.
رۆڵ و پێگەی ژنانی کورد
یارا راشیگەیاند کە ئەگەری هەیە رێگە و رێبازهكهمان بگۆڕێت، بەڵام خەون و ئاواتەکان ههرگیز ناگۆڕدرێن. مرۆڤ حهز و خولیای چی هەبێت، هەر بەربەست و ناخۆشییەکیش بێتە رێگای، ئەوا بەردەوام دەبێت لە گەیشتن بە ئامانجەکەی.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا یارا دەڵێت: بێگومان ژنانی کورد لە مێژوودا ناسراون و خاوەنی پێگە و کارەکتەری تایبەت بەخۆیانن، بەم شێوەیەش کچان و ژنانی کورد بە بەهێزی دەمێننەوە و بە خۆڕاگری و به ئیرادەی پۆڵاینی خۆیانەوە بەردەوام دەبن لە كار و داهێنان بۆ خزمەتکردنی میللەتەکەیان.
لە کۆتاییشدا وتی: هونەر بەگشتی و هونهری شێوهكاری کاریگەریی زۆریان لەسەر خەڵکی رۆژئاوای کوردستان هەیە و جەنگ و ژیانی پەنابەری، له بەردەوام بوون لەسەر رێباز و باوەڕەکەیان ساردیان ناكاتهوه، ئەگەر هەموو دەرگاکانیشیان لێ دابخرێت، ئەوا لە رێگەی هونەرەوە پەیامی خۆیان دەگەیەنن.