هەرێمی کوردستان..

ئایندەی زیاتر لە 10 هەزار خۆبەخش کە لە نەخۆشخانەکاندا کاردەکەن..

11:04 - 2024-11-26
ڕاپۆرت
108 جار خوێندراوەتەوە
خۆبەخشان رۆڵێكی کاریگەریان هەیە لە نەخۆشخانەکاندا

راپۆرتی/ محەمەد تۆفیق نەورۆڵی


‎خۆبەخشانی كەرتی تەندروستی لە هەرێمی  كوردستان، رۆڵێكی گرنگ و بەرچاویان گێڕاوە لە خزمەتکردن لە نەخۆشخانەكاندا، بریكاری وەزارەتی تەندروستیش دەڵێت: لە كاتی دامەزراندندا پێشەنگی بۆ خۆبەخشانە و کارە خۆبەخشییەكەشیان بە خزمەت بۆ هەژمار دەكرێت.
‎سۆما شەفیع كچە پەرستارێكی خۆبەخشە لە نەخۆشخانەی منداڵان و منداڵبوونی هەڵەبجە، ساڵی 2022 بەشی پەرستاری منداڵانی تەواو كردووە، بە کوردستانی نوێی وت: بۆ زیاتر وەرگرتنی زانیاری و ئاشنابوون بە بەشەکەم، لە نەخۆشخانە دەستم بە كاری خۆبەخشی كرد، بە ئومێدی ئەوەی هەم زانیاری تەواوم دەستبكەوێت هەم دابمەزرێم، سەرەڕای ئەوەی خەرجیم زۆرتر بووە بەهۆی کارە خۆبەخشییەکەمەوە لەبەرئەوەی بۆ هاتوچۆ و نانخواردن پێویستم بە پارەیە، بەڵام نزیكەی ساڵ و نیوێكە هەر بەردەوامم لە ئەركەكەم وەك خۆبەخش.
‎وتیشی: ئێستا بەشێوەی ئێشکگری 24 سەعاتی و لە كاتی پێویستدا 48 سەعاتی تەواو دەوام دەكەم لە بەشی فریاکەوتن و قاوشی منداڵان، ئەوەی لەو بەشانە پێویست بێت دەیکەم وەک کانیۆلا دانا، دەرزی لێدان، دەرمان پێدان، چاودێریکردنی نەخۆش، هەروەها رۆیشتن لەگەڵ نەخۆش لەکاتی رەوانەکردن بۆ نەخۆشخانەکانی سلێمانی.
‎لە بارەی هاوكاریكردنی خۆبەخشانەوە، سۆما شەفیع وتی: لە هیچ روویەکەوە نەخۆشخانە هاوکاریی من و خۆبەخشەکانی تری نەکردووە وەک کرێی هاتوچۆ و دابینکردنی تێچوویەکی کەم لە بری ئەو ئەرکە قورسەی کە دەیکەین.

‎كردنەوەی دەرگای دامەزراندن
‎رەیان عومەر خۆبەخشێكی دیكەیە لە نەخۆشخانەی ژنان و منداڵانی هەڵەبجە بە كوردستانی نوێی وت: ماوەی پێنج ساڵە وەک خۆبەخش کاردەکەم لە دەوامی رۆژانە و وەک ئێشگکر بەپێی پێویستیی نەخۆشخانەکە، لە کاتی ئەرکەکەمدا وەک پەرستار و هەر  پێویستییەکی دیکە هەبێت بەوپەڕی دڵسۆزییەوە لە خزمەتیاندا دەبین، هیچ هاوکارییەکی مادی ناکرێین، بەڵام لەڕووی مەعنەوییەوە ئەگەر پێویستییەکمان هەبێت ستافی نەخۆشخانە هاوکارمان دەبن.
‎وتیشی: کارەکە لەڕووی مادییەوە قورس دەکەوێت لە سەرمان، هاوکات خێزان و منداڵ بەجێدەهێڵین، بەڵام لە کارکردن بەردەوامین بۆیە پێویستە حکومەت دەرگای دامەزراندن بۆ خۆبەخشان بکاتەوە وەک وەفایەک بۆ خزمەتی چەند ساڵە و ماندوبوونمان.

 

بەڕێوەبەری كارگێڕی نەخۆشخانەی منداڵان و منداڵبوونی هەڵەبجە بۆ کوردستانی نوێ    : 
لە سەرجەم بەشەکانی نەخۆشخانەدا ژمارەیەکی زۆر خۆبەخشمان هەیە، دڵسۆزانە كاردەكەن و تاڕادەیەکی زۆرباش هاوکارن

‎هیچ هاوكارییەك ناكرێن
‎چنور عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری كارگێڕی نەخۆشخانەی منداڵان و منداڵبوونی هەڵەبجە بە كوردستانی نوێی راگەیاند: لە سەرجەم بەشەکانی نەخۆشخانەدا ژمارەیەکی زۆر خۆبەخشمان هەیە، کە دڵسۆزانە كاردەكەن و تاڕادەیەکی زۆرباش هاوکارن و توانیویانە بۆشایی کەمی كارمەندمان بۆ پڕبكەنەوە، لە كاتێكدا مانگانە هیچ بڕە پارەیەكیان پێنادرێت، بەڵام بەردەوامن لە پابەندبوونیان بە دەوامی رۆژانە و ئێشکگرییەوە.
‎وتیشی: ئێستا بە فەرمانی وەزارەت کاری خۆبەخشی راگیراوە، داواكارم لە حكومەت ئەو فەرمانە هەڵبوەشێنێتەوە، بۆئەوەی لە كاتی كردنەوەی دەرگای دامەزراندن بەڕوویاندا، ساڵانی خۆبەخشییان لەبەرچاو بگیرێت و بە خزمەت بۆیان هەژمار بكرێت.

 


بریكاری وەزارەتی تەندروستی بۆ کوردستانی نوێ  :  
لە كاتی كردنەوەی دەرگای دامەزراندندا، پێشەنگی بۆ خۆبەخشانە، هەر خۆبەخشێكیش لە ئەركدابێت، بە خزمەت بۆی هەژمار دەكرێت



‎ئەولەوێت بۆ خۆبەخشانە
‎رەهێڵ فەرەیدون بریكاری وەزارەتی تەندروستی بە كوردستانی نوێی راگەیاند: لە نەخۆشخانەكانی هەرێمی كوردستاندا زیاتر لە 10 هەزار خۆبەخش بوونیان هەیە، لە سەردەمی سەرهەڵدانی كۆرۆنا و بۆشایی خانەنشین بوونی بەشێكی كارمەندانی تەندروستی رۆڵێكی گرنگ و كاریگەریان گێڕا و جێدەستیان دیاربوو، لەم كابینەیەدا زیاتر لە 1500 كارمەند دامەزراوە كە لەو ژمارەیەش بەشێكی زۆری خۆبەخشان بووە.
‎وتیشی: راگرتنی کاری خۆبەخشی پەیوەندی بە رێنماییەكانەوە هەیە، ئێستا كاردەكرێت بۆئەوەی لە رێنمایی نوێ و گونجاودا كاربكرێت بۆ وەرگرتنی خۆبەخشان لە نەخۆشخانەكانی هەرێمی كوردستان.
‎لە بارەی دامەزراندنی خۆبەخشانەوە بریكاری وەزارەتی تەندروستی باسی لەوەشكرد، داوای دامەزراندنمان كردووە، لە كاتی كردنەوەی دەرگای دامەزراندنیشدا، پێشەنگی بۆ خۆبەخشان دەبێت، هەر خۆبەخشێكیش لە ئەركدابێت بە خزمەت بۆی 
هەژمار دەكرێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان