پاڵاوتنی هەڵبژاردەكانی ئاسیا بۆ گەیشتن بە مۆندیال

بارودۆخی هەڵبژاردەی عیراق چۆنە؟

01:18 - 2024-11-26
وەرزش
53 جار خوێندراوەتەوە

یارییەكانی پاڵاوتنی هەڵبژاردەكانی كیشوەری ئاسیا بۆ گەیشتن بە مۆندالی 2026 بەردەوامن و پێیان ناوەتە قۆناغی كۆتاییەوە.
لەم قۆناغی كۆتاییەی یارییەكانی پاڵاوتندا، 18 هەڵبژاردە بەشداریی دەكەن، بەمشێوەیە بەسەر سێ گروپدا دابەشكراون:
*گ1: ئێران، قەتەر، ئۆزبەكستان، ئیمارات، قیرغیزستان، كۆریای باكوور.
*گ2: كۆریای باشوور، عیراق، ئوردون، سوڵتان نشینی عومان، فەلەستین، كوەیت.
*گ3: ژاپۆن، ئوستورالیا،سعودیە، بەحرەین، چین، ئیندۆنیسیا.

سیستمی یارییەكان
*یەكەم و دووەمی هەر گروپێك كە شەش هەڵبژاردە دەكەن، راستەوخۆ دەگەنە دوا یارییەكانی مۆندیالی 2026.
*سێیەم و چوارەمی ئەم گروپانە دەگەنە یارییەكانی پاشكۆی پاڵاوتن كە شەش هەڵبژاردە دەکەن.
*ئەم شەش هەڵبژاردەیەش دەكرێنەوە بە دوو گروپی سێ هەڵبژاردەیی.
*یەكەمی هەردوو گروپەكە، كە دوو هەڵبژاردەی تر دەكات، راستەوخۆ دەگەنە مۆندیال.
*دوو دووەمەكەش بەشداریی پاشكۆیەكی تری پاڵاوتنی یارییەكان دەكەن و براوە دەچێتە یاریی پاشكۆی پاڵاوتنی كیشوەریی جیهانییەوە.
*واتا سەرجەم 8 هەڵبژاردە و نیو لە كیشوەری ئاسیاوە دەگەنە مۆندیالی داهاتوو.
بارودۆخی هەڵبژاردەی عیراق
عیراق لە گروپی دووەمدایە، ئێستا پاش بەڕێوە چوونی شەش جەولە لە یارییەكان، كۆریای باشوور یەكەم و عیراق دووەم و ئوردون سێیەم وعومان چوارەم و كوەیت پێنجەم و فەلەستین دواتیپی ریزبەندیی گروپەكەیە، جگەلە مانەش هەر هەڵبژاردەیەك چوار یاریی ماوە بیكات.
ئێستا هەریەكە لە هەڵبژاردەكانی كۆریا و عیراق و ئوردون لە سەختترین ركابەریدان بۆ گرتنی پلەکانی یەكەم و دووەمی، كە ئەم دوو پلەیە راستەوخۆ دەیانگەیەنێتە مۆندیال، سێیەم و چوارەمیش هیوایەكیان دەبێت و بەشداریی پاشكۆیەكی تری پاڵاوتن دەكەنەوە بۆ گەیشتن بە مۆندیال.
هەڵبژاردەی عیراق ئەم یارییانەی ماوە بیانكات:
*عیراق × كوێت - یاریگای بەسرە.
* فەلەستین × عیراق - لە ئوردون.
*عیراق × كۆریای باشوور - لە یاریگای بەسرە.
*ئوردون ×  عیراق - لە ئوردون.
هێشتا زووە بۆ ئەوەی بزانین كام دوو هەڵبژاردەیە راستەوخۆ دەگەنە مۆندیال و كام دوو هەڵبژاردەیەش دەكەونە پاشكۆی پاڵاوتنەوە، بەڵام ئەوەی دەتوانرێت بوترێت ئەوەیە كۆریا و عیراق و ئورودون و تەنانەت عومانیش ئەگەری ئەوەیان لەبەر دەمدایە راستەوخۆ بگەنە مۆندیال و یەكەم و دووەمی گروپەكە بن، هەرئەوەش نا، بگرە تەنیا ئەم چوار هەڵبژاردەیە توانای ئەوەیان هەیە لە هەڵبژاردە ركابەرەكان بن بۆ گەیشتن بە مۆندیال ئیتر راستەوخۆ بێت یان بە پاشكۆی پاڵاوتن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان