شێخ جەعفەر دیاریی سەرۆک بافڵ بەسەر خانەوادەی شەهیدانی 16ی ئۆکتۆبەردا دابەش دەکات

05:33 - 2024-11-26
کوردستان
380 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ سێشەممە 26ی تەشرینی دووەم، لەڕێوڕەسمێکدا، هەڤاڵ شێخ جەعفەر شێخ مستەفا لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەبارەگای ئەنجومەن، بەهەماهەنگیی لەگەڵ مەکتەبی شەهیدان و تێکۆشەران، دیاری سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی بەسەر ژمارەیەک لە خانەوادەو کەسوکاری سەربەرزی شەهیدانی 16ی ئۆکتۆبەردا دابەشکرد.
لەو ڕێوڕەسمەدا کە هەریەک لە هەڤاڵان بڵێسە جەبار فەرمان، لێپرسراوی مەکتەبی شەهیدان و تێکۆشەران و زیاد جەبار، لێپرسراوی مەڵبەندی رێکخستنی سلێمانی و وەستا رەسوڵ، لێپرسراوی مەڵبەندی رێکخستنی پێشمەرگەو سالار مەحمود، لێپرسراوی مەڵبەندی رێکخستنی گەرمیان و هەڤاڵ جوتیار ئامادەیبوون و بەشدارییانکرد لە دابەشکردنی دیارییەکاندا، هەڤاڵ شێخ جەعفەر، وێڕای سوپاسکردنی سەرۆک بافڵ، لەپای دابینکردنی ئەو دیارییانە بۆ کەسوکاری شەهیدانی 16ی ئۆکتۆبەر، ستایشی خەبات و قوربانیدانی شەهیدانی 16ی ئۆکتۆبەرو خانەوادەو کەسوکارە سەربەزەکانیانی کردو جەختیکردەوە کە ئەو پۆلە شەهیدە بەگیانی پیرۆزی خۆیان بەرگرییان لە خاکی کوردستان کردو بەخوێنی ئاڵ و گەشیان کوردستانیبوونی کەرکوک و خورماتوو و ناوچە کوردستانییەکانی دیکەیان سەلماند، بۆیە جێی شانازی کەسوکارەکانیان و تەواوی خەڵکی کوردستانن و هەمیشە لە یادەوەریی هەمووماندا دەمێنن و ناویشیان لە لاپەڕە پرشنگدارەکانی مێژووی گەلەکەماندا تۆماردەکرێت.
هەروەک هیوای خواست لەمەولا بتوانرێت هەرجارەو دیاری و رێزلێنان پێشکەش بە کۆمەڵێک خانەوادەی شەهیدان بکرێت، هاوکات دەستخۆشی لە هەوڵ و کارەکانی مەکتەبی شەهیدان و تێکۆشەران کرد لە خزمەتکردنی کەسوکاری شەهیداندا. دووپاتیشیکردەوە کە بەداخەوە نەتوانراوە وەکو پێویست خزمەتی منداڵ و خێزان و کەسوکاری شەهیدان بکرێت، بۆیە کارێکی گرنگ و پڕ بایەخە هەوڵەکان زیاتر چڕبکرێنەوە لەپێناوی باشتر خزمەتکردنیان و دەربازکردنیان لە خەم و مەینەتییەکانی ژیان.
هەر لەمیانەی رێوڕەسمەکەدا هەڤاڵ بڵێسە جەبار فەرمان، وتەیەکی پێشکەش کرد و تێیدا باسی لەوەکرد کە کۆمەڵێک یاسای پەیوەندیدار بەکەسوکاری شەهیدان هەیە پێویستیان بەهەموارکردنەوەیە، تا لەڕێگەیانەوە بتوانرێت زیاتر خزمەت بە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان بکرێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان