یاسایەكی توندتر بۆ راوچییەكان

01:30 - 2022-07-14
دووتوێ
666 جار خوێندراوەتەوە

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

وەك ئەوەی مرۆڤی كورد هیچ خۆشەویستی و چێژێك لە تابلۆ و ئاوێتەبوونی جوانییەكانی سروشت و ئاژەڵ و باڵندە كێوییەكاندا نەبینێت، بەردەوام لە هەوڵی لێكتر جیاكردنەوەی ئەم دوو لایەنە جوانەی پێكهێنەری سروشتدایە، حەزێكی سەیر و نامۆیە لە كاتێكدا مرۆڤی ئێستا تێرتر و وشیارترە بە سروشت و جوانییەكانی و پێویستە بەرگریی لە ژینگە و جوانییەكەی بكات، كەچی مرۆڤی كورد زۆر بێدەربەستانە گەڕاوەتەوە بۆ خوویەكی مێژوویی نەرێنی مرۆڤە سەرەتاییەكان كە ئەویش راكردن و هەڵپە هەڵپ بووە بە دوای نێچیر و باڵندە و ئاژەڵە كێوییەكاندا، ئەوەشی جیاوازیی ئێستایە لەگەڵ مرۆڤە سەرەتاییەكاندا لە راو و شكاردا ئەوەیە، رەنگە مرۆڤی كۆن لە برساندا بە دوای ئاژەڵەكاندا گەڕابێت و بۆ پێستە و خورییەكەی پێویستی بە راوكردن هەبووبێت، بەڵام مرۆڤی ئێستا هیچ پێویستییەكی بە راوكردن نییە و تەنها حەزێكی كەسییە و خاڵی دەكاتەوە و هیچی دیكە.
ئەو زیانەی ئێستا بە هۆی راو و شكارەوە بەر ژینگەی كوردستان كەوتووە، مەگەر لە زەمەنێكی زۆر دووری مێژووییدا بەر ئەم ژینگەیە كەوتبێت و لێكەوتەی نەرێنی جێ هێشتبێت بەسەر ژینگەكەیەوە، چونكە لە رووی نەبوونی یاسا و كۆت و بەندەكانەوە بۆ وەرزەكانی راوكردن و شێوازەكانی راوكردن، هەردوو كاتەكەی هەمان شتە، ئەگەرچی ئێستا یاسای تایبەت هەیە بۆ راوكردن و وەرزی تایبەت بە راوكردن دانراوە، بەڵام نە لە ئێستا و نە لە دوێنێدا، مرۆڤی كورد پەیوەست نەبووە بە یاساكانی راو و شكارەوە و بە شێوەیەكی هەڕەمەكیانە بەشدار بووە لە بچڕانی پەیوەندیی نێوان ئاژەڵ و سروست و هەرچی دڵی ویستبێتی لەگەڵ سروشتی كوردستان كردووێتی.
نەك تێكدانی تابلۆی سروشت و لەناوبردنی ئاژەڵەكان، تەنانەت خراپی هەڵسوكەوتی راوچییەكان بەبێ رەچاوكردنی كاتی راوكردن و یاسای راوكردن و وەرزی راو و جۆری ئاژەڵەكان، هاووڵاتیانی گوندەكانیان تووڕەكردووە و راوچییەكان بوونەتە هۆی تێكدانی ئارامیی گوندەكان و پەیداكردنی ترس لەلای گوندنشینەكان، چونكە زۆرجار لە درەنگانێكی شەودا و بە هۆی راونانی نێچیرەكان و تەقەكردنەوە لە نێچیرەكان، دەچنە ناو گوندەكانەوە و دەبێتە هۆی هەم ترس بۆسەر گیانی گوندنشینان و هەم توڕەیی گوندنشینەكانیش.
تێكدانی ژینگە و سروشت و لەناوبردنی ئاژەڵە كێوییەكان، پێویستی بە یاسای توندتر هەیە لەو یاسایەی ئێستا هەیە بۆ قەدەغەكردنی راو و شكار لە هەندێك كاتدا و بۆ هەندێك ئاژەڵ، ئەو یاسایەی ئێستا هەیە لە ئاستی پێویستدا نییە و نەبۆتە مایەی ترس لای راوچییەكان و بە ئاشكرا و بەبێ ئەوەی راوچییەكان لە سزاكانی ئەو یاسایە بترسن، بەردەوامن لە راوكردن و بێزاركردنی گوندنشینان.
ئەگەرچی بۆ ئێستا یاساكان مرۆڤی كوردی ناچار نەكردووە كە واز لە راوكردن و قڕكردنی ئاژەڵەكان بهێنێت و جوانییەكانی ژینگە و سروشت تێكنەدات، هاوكات راوچییەكانیش وەك تاكێكی ئەم كۆمەڵگەیە هۆشیارییەكی ئەوتۆیان نییە كە بەرگریی لەم جوانییە بكەن و لەناوی نەبەن و زیان هەم بە ئاژەڵەكان و هەم بە سروشتیش نەگەیەنن، ئەمەش پێچەوانەی هەر تاكێكی دیكەیە لە هەر كۆمەڵگە و وڵاتێكی جیهانیدا كە هەم رێزێكی تایبەتیان بۆ ئاژەڵ هەیە و هەم ژینگەش بەهایەكی گەورە و پیرۆزی هەیە و وەك سەرمایەیەكی گرنگ لێی دەڕوانن و بەرگریی لێدەكەن و دەستیان هەیە لە پاراستنی و جوانكردنیدا.
ئەوەی بۆتە مایەی پرسیاری سەرەكی هەر گوندنشینێك و تا ئەندازەیەكی زۆر تووڕە و بێتاقەتی كردوون، ئەوەیە كە بۆچی تاكی كورد لەلایەك لە یاساكان ناترسێت و لەلایەكی دیكەشەوە هۆشیاری ئەوەی نییە كە ئیدی ئەم جوانییە نەشێوێنێت؟ بێگومان بۆ ئەمەش دوو خاڵی جەوهەری باس دەكرێت كە هەم حكومەت یاساكان وەك خۆی یان توندتر جێبەجێ ناكات لەسەر راوچییەكان، هەم هەندێك كەس و بەرپرسی هەرێمی كوردستان لە پشت بێترسی راوچییەكانەوەن و لە هەر كات و شوێنێكدا ئەو راوچییانە دەستگیر دەكرێت، ئەوا ئەو بەرپرسانە راوچییەكان ئازاد دەكەن، ئەمەش بیانووی خزمایەتی بێت یان هەر هۆیەكی دیكە بێت، سروشتی كوردستان ئەگەر بپارێزرێت و بەرگریی لە ئاژەڵ و جوانییەكانی بكرێت، دەتوانرێت بكرێتە سەرچاوەیەكی دەوڵەمەندی داهات و ببێتە شوێنی كۆبوونەوەی چەندان جۆری جیاواز و هەمەڕەنگی ئاژەڵی كێوی و لە زۆرێكی ناوچە جیاجیاكانی جیهانەوە سەردانی ئەم سروشتە بكرێت و سوودی رۆحی و مادی لێ ببینرێت. بە پێچەوانەوە ژینگەی كوردستان ئەوەندەی دەستی مرۆڤی بۆ شێواندن و تێكدانی جوانییەكانی پێگەشتووە، هێندە مرۆڤی كورد وەك بەرگریكردن لە جوانییەكانی ئاشنای نەبووە و دڵسۆز نەبووە بە پاراستنی جوانییەكانی.
وەك لە پێشووشدا ئاماژەمان پێداوە، لەناوبردنی ئاژەڵە كێوییەكان پەیوەندیی راستەوخۆی بە دڵنیایی مرۆڤی كوردەوە هەیە كە سزایەكی ئەوتۆ نادرێت جارێكی دیكە نەتوانێت راوبكاتەوە، چونكە ئەو سزایانەی بەرامبەر راوكردنی ئاژەڵەكان دانراوە ئەوەندە زۆر و توند و كاریگەر نییە تاكی راوچی توانای ئەوەی نەبێت دابینیان بكات و بچێتە ژێر باری سزاكەی، بۆیە ئەگەر سزاكان توند بن و كەسی دەسەڵاتدار و كاربەدەست دەستوەرنەدات لە ئازادكردنی راوچییەكان، ئەوا لە ژێر هێزی یاسادا ئەو راوچییانەش واز لە راوكردن دەهێنن و چیتر ئەو هەموو ئاژەڵە جوانە لەناو نابرێن و ژینگەی كوردستانیش ناشێوێنرێت و زیان بەم سەرمایە گرنگە ناگەیەنرێت.

#گوندستانی نوێ

بابەتە پەیوەندیدارەکان