پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان بەبێ جیاوازی

سەنتەری شۆڕشی ددانی فێرکاری

10:24 - 2024-11-27
ڕاپۆرت
133 جار خوێندراوەتەوە
سەنتەری شۆڕشی ددانی فێرکاری، یەكێكە لە نەخۆشخانەکانی سەر بە دەزگای تەندروستی پێشمەرگە

راپۆرتی/ محەمەد رەزا

سەنتەری شۆڕشی ددانی فێرکاری، یەكێكە لە نەخۆشخانەکانی سەر بە دەزگای تەندروستی پێشمەرگە، لە چەندین بەشی جیاواز پێکهاتووە، تیایدا بەبێ جیاوازی خزمەتگوزاری تەندروستی لەلایەن پزیشکانی پسپۆڕی بوارەکە و چەندین کارمەندی شارەزاوە پێشکەشی سەرجەم چین و توێژەکان دەکرێت.

رۆژانە زیاتر لە 25 نەخۆش دەبینرێت
دەروون دارا پزیشكی نەشتەرگەری و نەخۆشییەكانی ددان لە سەنتەری شۆڕشی ددانی فێرکاری بە كوردستانی نوێی راگەیاند: رۆژانە زیاتر لە شەش پزیشكی ددان لە نەخۆشخانەکەدا کارەکانی پڕكردنەوە، دەماربڕین، پاككردنەوەی ددان، ددان كێشان و تیشکی ددان بۆ نەخۆشەکان دەکەن، بە شێوەی ئاسایی و بە نەشتەرگەری، رۆژانە زیاتر لە 25 نەخۆش دەبینن.
بەپێی ئامارێکی سەنتەری شۆڕشی ددانی فێرکاری، لە سەرەتای ساڵەوە تائێستا زیاتر لە 900 نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەکەیان کردووە و چارەسەری پێویستیان بۆکراوە.
گوڵاڵە عوسمان یاریدەدەری پزیشك لە سەنتەری شۆڕشی ددانی فێرکاری وتی: هەر نەخۆشێك سەردانمان دەكات بە كەسوكاری خۆمانیان دەزانین و ئەوەشی هەر گلەییەكی هەبێت بە مەرجێک لەجێی خۆیدابێت بەهەند وەریدەگرین.
وتیشی: لە سەنتەری شۆڕشی ددانی فێرکاری سەرەمان نییە بۆ نەخۆش، ئەو نەخۆشەی سەردانمان دەكات، ئەگەر نەتوانرا هەمان رۆژ ئیشەكەی بۆ بكەین رۆژی دوایی بۆی تەواو دەكەین.

خزمەتگوزاریی تەندروستی
رولا دشوار پزیشكی پسپۆڕی ددان لە سەنتەری شۆڕشی ددانی فێرکاری دەڵێت: هەمیشە لە خزمەتی ئەو نەخۆشانەداین کە سەردانی نەخۆشخانەکەمان دەکات و هیچ جۆرە جیاوازییەك ناكەین لەنێوانیاندا.
ئومێد حسێن بۆ چارەسەری ددانی سەردانی نەخۆشخانەکەی کردبوو وتی: هەموو ئەو کارانەی لەم نەخۆشخانەیەدا دەکرێت هەر ئەوەیە کە بە نرخێکی زیاتر لە نۆڕینگە تایبەتەکاندا دەکرێت.
ناسك غریب کارمەندی تەندروستی لە سەنتەری شۆڕشی ددانی فێرکاری دەڵێت: بەهیواین لە رێگەی کارەکانمانەوە بتوانین خزمەتگوزاریی زیاتری تەندروستی بە باشترین شێوە پێشکەشی هاووڵاتیان بکەین.

ئامێری کوالێتی بەرز
دەروون دارا پزیشكی نەشتەرگەری و نەخۆشییەكانی ددان لە سەنتەری شۆڕشی ددانی فێرکاری وتی: ئەو ئامێرە پزیشكییانەی لە نەخۆشخانەکەدان هەمووی ئامێری كوالیتی بەرز و تازەن.
وتیشی: نەخۆشەكان دڵنیادەكەینەوە تا ئەوكاتەی ئەم نەخۆشخانەیە هەبێت، بە باشترین شێواز لە خزمەتی هەموواندا دەبێت.
خزمەتکردنی کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراوان و هێزەکانی پێشمەرگە و هاووڵاتیانی هەرێم کاری لە پێشینەی دەزگای تەندروستی پێشمەرگە و نەخۆشخانەکانی شۆڕشە، لە ماوەی رابردوودا دڵسۆزانە لە چەندین بواری جیاوازدا خزمەتگوزاری تەندروستی پێشکەش کردووە و بووەتە شوێنێکی متمانەپێکراو بۆ بەدەستهێنانی چاودێری تەندروستی پێویست.

بابەتە پەیوەندیدارەکان