ل: ئابووری
ئێران پابەندە بە ناردنی غازەوە بۆ عیراق
غوڵام رەزا كۆشكی، سەرۆكی سەنتەری چاودێریی كاروباری غازی كۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند: وڵاتەكەی پابەندە بە ناردنی غازی سروشتی بۆ عیراق، بەو شێوەیەی كە پێشتر هەردوو وڵات لەسەری رێكەوتوون.
ئاماژەی بەوەشكرد، هەناردەی غازی ئێران بۆ عیراق لە دوو خاڵی سەرەكیی لە باشوور و خۆرئاوای وڵاتەوە جێبەجێ دەكرێت و بڕی غازەكەش بە گوێرەی پێویستییەكانی عیراق دەبێت، كە لە شەش مانگی یەكەمی ساڵدا زیاد دەكات.
عیراق ئۆبزێرڤەر
هەناردەی نانەوتیی سعودیە زیادیكردووە
دەستەی گشتیی ئاماری سعودیە رایگەیاند: هەناردە نانەوتییەكانی وڵاتەكەی لە چارەكی سێیەمی 2024دا بە رێژەی %16.8 زیادیكردووە و هەناردە نانەوتییە نیشتمانییەكانیش بە رێژەی %7.6 زیادیكردووە.
بە گوێرەی راپۆرتی دەستەی ئاماری گشتی، بەرامبەر بەو زیادبوونەی هەناردە نانەوتی، هەناردەی نەوتی سعودیە كەمیكردووە، چونكە لە ساڵی 2023دا هەناردەی نەوت %79.7 بووە، بەڵام ئەم ساڵ هەناردەی نەوتی سعودیە دابەزیوە بۆ %70.7 و ئەوەش هەنگاوێكی باشە بە ئاراستەی كەمكردنەوەی پشتبەستن بە داهاتی نەوت.
ئەلشەرق ئەلئەوسەت
وارن بافێت سامانەكەی دەبەخشێت
وارن بافێت ملیاردێری ئەمریكا و سەرۆكی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی كۆمپانیای (بێركشایەر هاتاوای)، لە ئێستاوە ئامادەكاریی دەكات بۆ دابەشكردنی سامانەكەی لە دوای مردنی خۆی و بڕیاریشی داوە %99.5ی سامانەكەی ببەخشێت بە سندوقێكی خێرخوازی، كە كچەكەی و دوو كوڕی خۆی سەرپەرشتیی دەكەن.
بە پێی خەمڵاندنی گۆڤاری فۆرێبس بافێت-ی تەمەن 94 ساڵ خاوەنی 150 ملیار دۆلارە و لە دوای نەمانی خۆی بەشی هەرە زۆریی ئەو سامانە دەچێتە ئەو سندوقەوە.
سكای نیوز