پ. د. فەرەیدون عەبدولستار
گەورە بیرمەند و فەیلەسوفەكانی شارستانییەتی یۆنانی كۆن لە سوقرات و هیپۆكرات و ئەفڵاتون و ئەرستۆ تا ئەم سەردەمەش ئامادەییان هەیە و كاریگەرییان دیارە بەسەر بیر و فەلسەفەی مرۆڤایەتی، بەشێوەیەك كە هەمیشە بەرهەمەكانیان وەكو سەرچاوەیەكی مەعریفی، رێگاكانیان رووناك كردۆتەوە و مرۆڤیان وریا كردۆتەوە، بەمەش بێگومان كەڵكیان لێ وەرگیراوە بۆ تێگەیشتن لە نهێنییەكانی ژیان، بوونەتە جوڵێنەری گۆڕینی باری مرۆڤەكان و كۆمەڵگاكان بەرەو ژیانێكی باشتر و گونجاوتر.
مێژوونووسان دەگێڕنەوە بەوەی فەلسەفە و زانستی پزیشكیی یۆنانی كۆن، كاریگەریی راستەوخۆی هەبووە لەسەر دەركەوتن و سەرهەڵدانی فەلسەفە و زانستی پزیشکیی ڤێترینەری لە مێژوودا، بەپێی سەرچاوە مێژووییەكانی سەردەمی یۆنانی كۆن، زانای یۆنانی Alcmaen دەورووبەری 500 پ.ز بۆ یەكەمینجار هەستاوە بە توێكاری لاشەی ئاژەڵەكان بەمەبەستی لێكۆڵینەوەی زانستی، لە ئەنجامدا تێگەیشتن لە كاری ئەندامەكان و هەروەها ئاماژەش بەوە دەكەن، كە هەر دوو بیرمەند و فەیلەسوفی گەورەی یۆنان، هیپۆكرات و ئەرستۆ، رۆڵی بەرچاویان هەبووە لە دەركەوتن و پێشكەوتنی هونەری پزیشکیی ڤێترینەری (Veterinary Medical art) لەناو كۆمەڵگەی یۆنانی كۆندا.
هیپۆكرات فەیلەسوف و پزیشكی یۆنانی كە لە مێژوودا بە باوكی زانستی پزیشكیی ناسراوە، رۆڵی سەرەكیی هەبووە لە دانانی بنەما سەرەكییەكانی فەلسەفەی زانستی پزیشكی و هەروەها فەلسەفەی زانستی پزیشکیی ڤێترینەری
هیپۆكرات (377-460 پ. ز)
هیپۆكرات فەیلەسوف و پزیشكی یۆنانی كە لە مێژوودا بە باوكی زانستی پزیشكیی ناسراوە، رۆڵی سەرەكیی هەبووە لە دانانی بنەما سەرەكییەكانی فەلسەفەی زانستی پزیشكی و هەروەها فەلسەفەی زانستی پزیشکیی ڤێترینەری، زۆر لە بیردۆزەكان و دید و بۆچوونەكانی لە چوارچێوەی پەرتووكێكدا بڵاوكردەوە بە ناوی سروشتی ئاژەڵان (The nature of animals) و دەتوانین بڵێین كە هیپۆكرات داهێنەری زانستی پزیشكیی نوێیە بەوەی زۆر لەو زاراوە زانستییە پزیشكییانەی ئێستاشمان بەكاردەهێنرێت لەلایەن ناوەندە پزیشكییەكانەوە و لە كۆلیجە پزیشكییەكان دەخوێندرێت، هەروەها هیپۆكرات هەستاوە بە وەسفكردن و راڤەكردنی نەخۆشییەكانی مەڕ و بەراز و گا و مانگا وەكو نەخۆشی ئاوبەندی سنگ Hydrothorax و هەروەها دەستنیشانكردنی نەخۆشی لەجێچوونی جومگەی حەوزDislocation of hip joint لە رەشەوڵاخدا.
بەپێی وتەی هەندێك لە مێژوونووسان برایەكی هیپۆكرات بەناوی سۆساندەر Sosandar یەكێك بووە لەو پزیشكانەی كە لەو سەردەمەدا پێی گوتراوە پزیشكی ئەسپ Horse doctor، ئەمەش بێگومان لەبەر بایەخی ئەسپ و پێگەی ئەسپ لە ژیانی كۆمەڵانی خەڵكی ئەو سەردەمە.
ئەرستۆ (322-384 پ. ز)
گەورە فەیلەسوفی یۆنانی ئەرستۆ تەمەنی تەنها حەوت ساڵان دەبێت كاتێك فەیلەسوفی یۆنان، هیپۆكرات كۆچی دوایی دەكات، لە دواییدا دەبێتە خۆێندكاری بیرمەند و فەیلەسوفی یۆنانی كۆن، ئەفڵاتون.
كارەكانی ئەرستۆ بریتی بووە لە بایەخدان بە جیهانی رووەكەكان و گیانلەبەران لە تۆماركردنی ناوەكانیان و خەسڵەتە جیاكەرەوە گرنگەكانیان، هەروەها پۆلێنكردنی ئاژەڵ و باڵندە جۆربەجۆرەكانی سروشت بەپێی شێوەكانیان و پێكهاتەی لەشیان و شێوازی ژیانیان و كۆكردنەوەی گشت ئەم زانیاریانە لە پەرتوكێكدا بەناوی مێژووی ئاژەڵان (History of animals) و هەر لەبەر ئەم كارانەی ئەرستۆ لە مێژوودا بە باوكی زانستی بایۆلۆژیی ناو دەبرێت.
لە چالاكییە سەرەكییەكانی دیكەی ئەرستۆ، هەروەكو تاقیكردنەوەیەكی پراكتیكی بەئەنجامی دەگەیاند، بریتی بوو لە توێكاری لاشەی ئاژەڵی مردارەوەبوو بە مەبەستی شارەزابوون لە زانینی شێوە و پێكهاتەی ئەندامەكانی لەشیان و شێوازی كاركردنیان و بەراوردكردن لە نێوانیاندا، ئەمەش بێگومان خۆی لە خۆیدا هۆكارێكی باش بوو ئەرستۆ بەكاری دەهێنا بۆ ناسین و تێگەیشتن لە پێكهاتەی لەشی مرۆڤ، چونكە یۆنانییەكان هەروەكو چینییەكان وهیندییە كۆنەكان رێگەیان نەدەدا لاشەی مرۆڤە مردووەكان توێكاری بكرێت، ئەم بیرۆكەیەش بووە بنەمایەكی بەهێزی زانستی پزیشكی بەراوردكاری Comparative Medicine ، كەواتە وەكو دەرەنجامێك دەتوانین بڵێین كە لێكۆڵینەوە لە بابەتەكانی پزیشکیی ڤێترینەری، هۆكارێك بووە بۆ تێگەیشتن لە بابەتەكانی پزیشكی مرۆڤ هەر لە سەردەمی یۆنانی كۆنەوە لەسەر دەستی رابەرانی پزیشكانی یۆنانی كۆن هیپۆكرات و ئەرستۆ كە ئەمەش بێگومان بووە بنەمایەك بۆ بیرۆكەیەكی فەلسەفی گرنگ لەژێر دروشمی (یەك تەندروستی و یەك پزیشكیی one health،one medicine) كە هەتاكو ئەم سەردەمەی ئێستاشمان كاری لەسەر دەكرێت.
كلاودیۆس گالین (129-2016 ز)
نووسەر و پزیشكی یۆنانی كلاودیۆس گالین هەستا بە گواستنەوە و بڵاوكردنەوەی بیروبۆچوونەكانی هیپۆكرات و پزیشكە یۆنانییەكانی دیكە بۆ شاری رۆما، كە پایتەختی ئیمپراتۆرییەتی رۆمان بوو، وەكو پزیشكێكی سەربازیی چارەسەری نەخۆشییەكان و برینەكانی لەشی سەربازەكانی سەردەمی رۆمانی دەكرد، ناوبراو بە بەناوبانگترین پزیشكی رۆمانی كۆن دادەنرێت، گالین لەو باوەڕەدا بوو كە تەندروستی مرۆڤ و ئاژەڵ زۆر پەیوەندیی بە دەركەوتنی شێوەكانی مانگ Phase of moon و دیاردە فەلەكییەكانەوە هەیە، ئەویش وەكو ئەرستۆ دەستیكرد بە توێكاری ئاژەڵەكانی وەك مەیمون و بزن و مەڕ و بەراز و هەوڵیدا ئەو ئەنجامانەی بەدەستیان دەهێنێ بەكاریبهێنێت بۆ تێگەیشتن لە كاری ئەندامەكانی لەشی مرۆڤ، بە تایبەتی ئێسكەكانی لەشی مرۆڤ كە پێویستە پزیشكان بیانناسن و جیایان بكەنەوە لە یەكتری، دەیگوت دەتوانن توێكاری مەیمونێك بكەن بە لابردنی ماسولكەكانی و زانیاری وەربگرن دەربارەی هەر ئێسكێك، پێویستە ئەو مەیمونانە هەڵبژێرن و توێكاری بكەن كە شێوەیان زۆر لە مرۆڤ دەچن، لە ئەنجامی ئەم لێكۆڵینەوانەدا دەركەوتووە، توێكاریزانی لە بواری مرۆڤ و ئاژەڵدا پێشكەوتنی بەخۆوە بینی و مێژوونووسان دەڵێن هونەری پزیشکیی ڤێترینەری لە سەردەمی ئیمپراتۆرییەتی رۆمان هەنگاوی گەورەی بەرەو پێشەوە ناوە، بەتایبەتی لەبواری دەستنیشانكردن و چارەسەركردنی كێشە تەندروستییەكانی ئەسپ، هەروەها لە رۆما زۆر لەو زاراوە تایبەتمەندانەی كە پەیوەندیی هەبووە بەبواری پزیشكیی ڤێترینەری سەریهەڵدا و بەكارهێنرا لە ناوەندە پزیشكییەكان لەوانەش (Veterinarias) و (Equarius medicus).
كۆنترین کتێبی پزیشكیی ڤێترینەری
بەگوێرەی شارەزایانی مێژوو، لە سەدەكانی سێیەمین و چوارەمینی زاینی لە سەردەمی ئیمپراتۆرییەتی بێزەنتیدا کتێبی Hippiatrika بە كۆنترین و دێرینترین کتێب دادەنرێت لە بواری پزیشكیی ڤێترینەری، كە كۆكراوەی كۆمەڵێك بابەتە كە پەیوەندیی هەیە بە چارەسەرەكانی نەخۆشییەكانی پزیشكیی ڤێترینەری، كە لەلایەن نووسەرانی یۆنانییەوە نووسراون و بڵاوكراونەتەوە، بێگومان بەسەرچاوەیەكی گرنگی پزیشكیی ڤێترینەری دادەنرێت لەو سەردەمەدا، دەگێڕنەوە لەشكری ئیمپراتۆرییەتی بێزەنتین زۆر كەڵكیان لێوەرگرتووە لە چارەسەركردنی ئەسپە نەخۆشەكانیان.
مێژوونووسان دەگێڕنەوە بەوەی فەلسەفە و زانستی پزیشكیی یۆنانی كۆن، كاریگەریی راستەوخۆی هەبووە لەسەر دەركەوتن و سەرهەڵدانی فەلسەفە و زانستی پزیشکیی ڤێترینەری لە مێژوودا
كارە گرنگەكانی چەند پزیشكێكی ڤێترینەری دیكە
بە پێی سەرچاوەكان پزیشكیی ڤێترینەری بێزەنتی Apsyrtus (330-380 ز) كە پزیشكێكی سەربازی بووە و خزمەتی كردووە لە لەشكری ئیمپراتۆرییەتی رۆمانی و بە باوكی زانستی پزیشكیی ڤێترینەری ناوی دەبەن، كە لە ناوەڕاستی سەدەی چوارەمی زاینیدا ژیاوە، زۆر بایەخی داوە بە دەستنیشانكردن و چارەسەركردنی نەخۆشییەكانی ئاژەڵان بە گشتی و نەخۆشییە بڵاوەكانی ئەسپ بەتایبەتی و زانیارییە نوێیەكانی تۆماركردووە، هەمیشە بەدواداچوونی زانستییانەی هەبووە بۆ چارەسەرەكان، لەو کاتەوە چارەسەرە پزیشكییەكان گۆڕانی بەسەردا هات و بەرەو پێشەوە هەنگاوی ناوە.
نووسینی کتێبی لەلایەن Flavius vegetius) 383-450 ز) كە بەرهەمێكی زانستی بووە لەبارەی چۆنییەتی بەڕێوەبردن و چارەكردنی ئێسترەكان، كە بە یەكەمین سەرچاوە دادەنرێت لەبواری دەستنیشانكردن و چارەسەركردنی نەخۆشییەكانی ئێستر، نووسەر ئەوەی تێدا روونكردۆتەوە كە نەخۆشییەكان بەهۆی هۆكارە سروشتییەكانەوە روودەدەن نەوەك رۆحە شەڕانگێزەكان، لێرەوە توانرا ئەم کتێبە تا سەردەمی رێنیسانس سوودی لێوەربگیرێت. لەلایەكی دیكەوە هەندێك لە مێژوونووسان ( Vegetius Renatus 450-500 ز) بە باوكی پزیشكیی ڤێترینەری ناو دەبەن، بەوەی زۆر لە كارەكانی لەبواری پزیشکیی ڤێترینەری تۆماركردووە و هاوشێوەی هیپۆكرات بڕوای بەوە هەبووە كە هۆكارە سروشتییەكان بەشێوەیەكی سەرەكی دەبنە هۆی نەخۆشكەوتنی گیانلەبەران، هەروەها كاریگەریی مانگی پیشانداوە لەسەر ئەسپەكان و زاراوەی شەوكوێری لە ئەسپدا (Moon Blindness) بەكارهێناوە.
پەراوێزەكان:
1. هیپۆكرات Hippocrates: فەیلەسوف و پزیشكی یۆنانی كە لە مێژوودا بە باوكی زانستی پزیشكی ناسراوە و مانای هیپۆكرات بریتییە لە بەڕێوەبەری ئەسپەكان Chief of horses و Hippopotamus بریتییە لە ئەسپی رووبارەكان و Hippology بریتییە لە زانستی ئەسپەكان.
2. Veterinarius بەو سەربازانە گوتراوە لەشكری ئیمپراتۆرییەتی رۆمان كە رۆڵیان هەبووە وەكو پزیشكێی ڤێترینەری (Veterinary surgeon).
3. Equarius Medicus واتە پزیشكی ئەسپەكان (Horse Doctor).
سەرچاوەكان:
1. Fred J.Born, The early history of the horse doctor, 2011.
2. Dr. Rajesh singh, Abrief history of veterinary profession,2022.
3. مێژووی پیشەی پزیشکیی ڤێترینەری (كورتە باسێكی مێژوویی) نووسینی: پرۆفیسۆر دكتۆر فەرەیدون عەبدولستار، 2023 ،(چاپی دووەم).