سه‌رهه‌نگ عه‌بدولڕه‌حمان
گوندی قامیش سه‌ربه قه‌زای ماوه‌تی شارباژێڕه، هه‌ڵكه‌وته‌ی گوندە‌كه له‌ناوه‌ڕاستی ناوچه‌ی شینكایه‌تیدایه، له‌نێوان چیاكانی (ئیلێل، بالۆسه، برزوت، ئه‌حمه‌د رۆمی)دایه، (20)كیلۆمه‌تر له شارۆچكه‌ی ماوه‌ته‌وه دووره، (48)كیلۆمه‌تر خۆرهه‌ڵاتی شاری سلێمانی كه‌وتووه و ئه‌م گونده (1177مه‌تر) له‌ئاستی ده‌ریاوه به‌رزه، رووبه‌ری گشتی زه‌وییه‌كه‌ی (15,9)كیلۆمه‌تر دووجایه و له باكوورەوە هاوسنووره له‌گه‌ڵ گوندی شینكی و گه‌ڵاڵه، له باشوور له‌گه‌ڵ گوندی وڵاغلو، له خۆرهه‌ڵات له‌گه‌ڵ گوندی دڕی و دۆڵبێشك، له خۆرئاوا له‌گه‌ڵ گوندی گه‌وره‌دێ.
ئه‌م گونده به‌هۆی پێگه ستراتیژییه‌كه‌یه‌وه له سه‌رده‌می بابانه‌كاندا ژماره‌ی دانیشتوانی (245) كه‌س بووه، له سه‌رده‌می حوكمڕانی ئینگلیزه‌كانیشدا ماوه‌یه‌ك ناحیه بووه و ئه‌مین به‌گی قامیش مودیر ناحیه بووه، به‌پێی سه‌رژمێرییه‌ك له ژماره(27-31) رۆژنامه‌ی پێشكه‌وتندا بڵاوكراوه‌ته‌وه، ناحیه‌ی قامیش (51) گوندی له‌خۆگرتووه و ژماره‌ی خانووه‌كانی (914) ماڵ بووه، ژماره‌ی دانیشتوانی بریتی بووه له(4234) كه‌س. دواتر به‌هه‌ر هۆیه‌ك بووبێت مه‌ركه‌زی ناحیه چۆته‌وه ماوه‌ت و قامیش بۆته‌وه بە گوند.
ئه‌م گونده له سه‌رژمێری ساڵی (1977)دا (195) ماڵ و (1078) كه‌س بووه. به‌ڵام پاش راگواستن و په‌رته‌وازه‌بوونی دانیشتوانه‌كه‌ی كه به‌شێكی زۆریان له ئۆردوگای كارێزه نیشته‌جێ بوون. به گوێره‌ی سه‌رژمێری ساڵی (1984) ژماره‌ی خه‌ڵكی قامیش له‌ناو ناحیه‌كه (248) خێزان بووه.
دوای راپه‌ڕین، له‌كۆتایی ساڵی (1991)دا ژماره‌یه‌كی زۆر له خه‌ڵكه راگوێزراوه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێنه‌وه و ده‌ستده‌كه‌نه‌وه به بنیاتنانه‌وه‌ی، تا ساڵی (1992) ژماره‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی ده‌گاته نزیكه‌ی (150) خێزان.
ئیدی ئه‌م گونده هه‌روا به قه‌ره‌باڵغی ده‌مێنێته‌وه تا سه‌ره‌تای ساڵی (2003) کە (42) ماڵ، (140) كه‌س بوون. له ئێستاشدا (20) ماڵێكی لێده‌ژی.
سه‌باره‌ت به ناوی گوندی قامیش، ده‌گێڕنه‌وه كاتی خۆی له خوار گونده‌كه‌وه كانی و ئاوێك هه‌بووه قامیشه‌ڵانێكی زۆری لێبووه، ره‌وه‌ندیش چوونه‌ته‌سه‌ر ئه‌و كانییە.
پێكهاته‌ی گونده‌كه له دوو بنه‌ماڵه‌ی سه‌ره‌كی پێكهاتووه، كه ئه‌وانیش: بنه‌ماڵه‌كانی (جانی و جبا)ن، ئه‌مانه دوو برا بوون، له بنه‌ڕه‌تدا له شاره‌زووره‌وه روویانكردۆته ناوچه‌ی خۆشناوه‌تی و له‌وێش ده‌بێت به كێشه‌یان، ئیدی رووده‌كه‌نه ناوچه‌ی شینكایه‌تی و گوندی قامیش ئاوه‌دان ده‌كه‌نه‌وه. سه‌باره‌ت به بنه‌ماڵه‌كانی جانی كه ئه‌وه‌ی به‌ڕوونی زانراوه باپیره گه‌وره‌ی ئه‌م بنه‌ماڵه‌یه ناوی محه‌مه‌د بووه، به‌ڵام به مام حه‌م ناسراوه و پاشان چه‌ند به‌ره‌بابێكیان لێكه‌وتۆته‌وه. هه‌روه‌ها چه‌ند بنه‌ماڵه‌یه‌كی تر هه‌ن كه له شوێنی تره‌وه هاتوون و له‌ڕێی ژن و ژنخوازییه‌وه تێكه‌ڵی ئه‌م بنه‌ماڵه‌یه بوون.
بنه‌ماڵه‌كانی جباش له چه‌ند به‌ره‌بابێك پێكهاتوون، جگه له جبه‌و جانی، له‌كاتی خۆیدا تیره‌یه‌كی دیكه‌ش هاتوون، كه خێڵێكی ره‌وه‌ندی بوون و باپیره‌گه‌وره‌یان ناوی مام ره‌وه‌ند بووە.
قامیش له‌سه‌رده‌می عوسمانییه‌كاندا له ساڵی 1916دا دووجار هێرش كراوه‌ته‌سه‌ری و سوتاوه‌و تاڵانكراوه. له‌و شه‌ڕه‌دا كه‌سێكی خه‌ڵكی گونده‌كه به‌ناوی (زۆراب قادر مه‌لاژن) له‌نزیك شاخی (ره‌جه‌ب كڕێو) شه‌هیدده‌بێت، به‌شه‌هیدبوونی ئه‌ویش خه‌ڵكه‌كه هێنده‌ی تر رق ئه‌ستوور ده‌بن، په‌لاماری هێزی داگیركه‌ر ده‌ده‌ن و زۆریان لێ ده‌كوژن، چه‌ندین ئێسترو بارگیر به باره‌وه ده‌سكه‌وتیان ده‌بێت و هه‌تا ئه‌وبه‌ر چه‌می قه‌شان راویان ده‌نێن. بۆ رۆژی دوایی عوسمانییە‌كان له تۆڵه‌ی ئه‌و شكسته‌یان به تۆپخانه و سه‌ربازێكی زۆره‌وه هێرش ده‌كه‌نه‌وه، به‌ڵام خه‌ڵكه‌كه نه‌یانهێشت گونده‌كه داگیربكه‌ن، ئینجا تۆپخانه ده‌به‌نه به‌رزایی كێوی (زه‌ڕیان) تۆپبارانێكی چڕی گونده‌كه ده‌كه‌ن و ده‌یسوتێنن. به‌تایبه‌تی گه‌وره‌ترین سه‌رمایه‌ی خه‌ڵكه‌كه ئه‌وكاته دۆشاو بووه، هه‌موو كوپه‌كان شكاون و دۆشاو جۆگه‌له‌ی به‌ستووه بۆ خوار گونده‌كه.
خه‌ڵكی قامیش له شۆڕشه‌كانی كورددا هه‌میشه رۆڵی به‌رچاویان هه‌بووه و خه‌ڵكێكی شۆڕشگێڕ‌و وڵاتپارێز بوون، چه‌ندین تێكۆشه‌ری وه‌ك: حاجی عه‌زیزی قامیش، حاجی سه‌لیمی قامیش، مه‌لا محه‌مه‌د ئه‌مین قامیشی-یان تێدا هه‌ڵكه‌وتووه، نموونه‌ی خه‌ڵكی نیشتمانپه‌روه‌ر بوون و چه‌ندین شه‌هیدیشیان هه‌یه.
قامیش هه‌ر له كۆنه‌وه كۆمه‌ڵێك مه‌لای چاكی لێ هه‌ڵكه‌وتووه، رۆڵیان هه‌بووه له بڵاوكردنه‌وه‌ی خوێنده‌واری له گونده‌كه‌دا، ئه‌وانیش بنه‌ماڵه‌ی مه‌لا زاده‌كان بوون كه له مه‌لا عه‌باسه خڕه‌وه ده‌ستپێده‌كات و له‌ناوچه‌ی شینكایه‌تی پێیده‌ڵێن مه‌لا گرده، ئه‌م پیاوه سێ كوڕی هه‌بووه به‌ناوه‌كانی مه‌لا محه‌مه‌د، مه‌لا ئه‌حمه‌د، مه‌لا قادر. دیاره مه‌لا محه‌مه‌دی قامیش كوڕی مه‌لا عه‌باسه‌خڕه له خزمه‌ت باوكی‌دا ده‌ستیكردووه به خوێندن و پاشان ناوبانگی به ده‌ورووبه‌ردا بڵاوده‌بێته‌وه و برایم پاشای بابان سه‌ردانی كردووه و رۆڵێكی به‌رچاوی هه‌بووه له‌و سه‌رده‌مه‌دا.
هه‌روه‌ها له قۆناغێكی دیكه‌شدا بنه‌ماڵه‌یه‌كی دیكه رۆڵێكی به‌رچاو ده‌گێڕن له بواری ئایینی و خوێنده‌واریدا ئه‌ویش بنه‌ماڵه‌ی مه‌لا سه‌عیدی مه‌لا مه‌حموده كه له كۆتایی ساڵانی چله‌كاندا ده‌چێته گوندی قامیش و ده‌بێته مه‌لای گونده‌كه و ساڵی 1951 له قامیش كۆچی دواییكردووه و دوای ئه‌ویش مه‌لا مه‌حه‌مه‌د ئه‌مینی كوڕی ده‌بێته مه‌لای گوند و هه‌تا راگواستنی گوندە‌كه له‌ساڵی 1978 مه‌لای گوند ده‌بێت. مه‌لا حه‌مه‌ئه‌مین یه‌كێك بووه له مه‌لا باش و شۆڕشگێڕه‌كانی كورد و به‌شداریی كۆماری کوردستانی لە مهاباد كردووه و ماوه‌یه‌كیش له ساڵی 1974دا قازی بووه له ماوه‌ت. له‌دوای راپه‌ڕینیش مه‌لا مه‌حمود قامیشی ساڵانێكی زۆر خزمه‌تی كردووه.
سه‌باره‌ت به خوێندنی مۆدێرن، مامۆستا ره‌زا محه‌مه‌د هه‌مزه ناسراو به(ره‌زا فه‌ندی) خه‌ڵكی ناوچه‌ی قه‌ره‌داغ بووه، بۆیه‌كه‌مجار له‌رۆژی 16- 10- 1956دا قوتابخانه‌ی له گوندی قامیش كردۆته‌وه. ساڵی 1961 شۆڕشی ئه‌یلول هه‌ڵگیرسا، قوتابخانه‌كه بۆماوه‌ی چه‌ند ساڵێك چۆڵكرا. ساڵی 1967 قوتابخانه‌كه بۆ جاری دووه‌م كرایه‌وه مامۆستا بورهان محه‌مه‌د ئه‌مین بوو به مامۆستا‌و نزیكه‌ی 40 قوتابی هه‌بوو، له‌ناو خانووی گڵ‌دا بوون، له ساڵی 1970دا بینا بۆ قوتابخانه‌كه دروستكراو تا راگواستنی گونده‌كه له‌ساڵی 1978دا خوێندن به‌رده‌وام بوو.
له‌دوای راپه‌ڕینیشه‌وه له‌ساڵی 1992دا له كابینه‌دا ده‌ستكراوه‌ته‌وه به‌خوێندن و مامۆستا محه‌مه‌د ساڵح زۆراب، وه‌ك یه‌كه‌م مامۆستا ده‌ستبه‌كار بووه. دواتر له‌ساڵی 1996دا له‌لایه‌ن رێكخراوێكی خێرخوازییه‌وه بینای قوتابخانه‌ی بۆ كراوه. ساڵی 1996 بۆ یه‌كه‌مجار خوێندنگەی ناوه‌ندیشی تێداكراوه‌ته‌وه و مامۆستا عه‌زیم محه‌مه‌د، مامۆستا محه‌مه‌د ساڵح و مامۆستا ساڵح مه‌حمود له یه‌كه‌مین مامۆستاكانی بوون.
له‌دوای ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ش، گه‌نجانی گوند له 10- 12- 1993دا تیپی شانۆی برزووت داده‌مه‌زرێنن، چه‌ند كارێكی هونه‌ری پێشکەش دەکەن. هه‌ر له‌م گونده‌دا و بۆ یه‌كه‌مجار له مێژووی ناوچه‌كه‌دا كۆمه‌ڵێك گه‌نج گۆڤارێكی وه‌رزی ده‌رده‌كه‌ن به‌ناوی گۆڤاری شینكایه‌تی، ژماره سفری ئه‌م گۆڤاره له 1 7- - 2001 ده‌رچووه‌و (8) ژماره‌ی لێده‌رچووه، به‌داخه‌وه له‌ساڵی 2003 ه‌وه گۆڤاره‌كه به‌هۆی نه‌بوونی پشتیوانیی داراییه‌وه داخراوە.
ساڵی 1996 بۆ یه‌كه‌مجار بنكه‌ی ته‌ندروستی قامیش كراوه‌ته‌وه. عومه‌ر جیهانگیر وه‌ك لێپرسراوی بنكه‌كه ده‌ستبه‌كار بووه.
ئه‌م گوندە زیاتر له 30 كانی و كارێزی هه‌یه کە به‌داخه‌وه ئێستا زۆربه‌یان وشكبوون، له‌وانه: كانی «پیاوان، ژنان، گوڵێ، میره‌سه‌ن، سه‌رشاخی، لاماڵان، حه‌مه‌كارزه، شیوی چناران، بالۆسه، مه‌لای، دڕه‌ڵێ، باراوان، حاجیان، كه‌نده‌شین، ژوور‌و، قوماژان، ئیڵێل، كانی بی، بن هه‌وراز، دوێڵه‌كان، گۆماوان، ئه‌حمه‌دی خدری، هه‌نجیران، ره‌شیاو، هه‌نار، پایزات، قوڵه‌تاڵو، زه‌ڵێ، سه‌رچاوه، مام خۆشییان، ساركێ، به‌نه‌دوور، دۆڵی بیرێ، شیوی مێوێ..... هتد.
قامیش له كۆنه‌وه داهات و ده‌رامه‌تی ژیانیان له‌سه‌ر ره‌ز و به‌تایبه‌تی ترێ، دۆشاو، ترش، ئاژه‌ڵداری و هه‌ندێكیشیان به بنێشتكردنه‌وه خۆیان خه‌ریك كردووه. له‌كۆندا ئه‌و به‌رووبومه به پشتی وڵاخ (گوێدرێژ و ئێستر) بردوویانه بۆ ناوچه‌ی گه‌رمیان و كه‌ركوك تا له‌وێ بیگۆڕنه‌وه به گه‌نم.
له‌ساڵانی دواتردا بیریان له‌كاری بازرگانی كردۆته‌وه و سنووریان به‌زاندووه و به‌كۆمه‌ڵ كاروانیان كردووه له‌نێوان سلێمانی، مهاباد، هه‌ولێر و كه‌ركوكدا ئاڵوگۆڕی كه‌لوپه‌ل و پۆشاك، فه‌رش، چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نییان كردووه. ئێستاش به‌شێكیان به بازرگانی و كشتوكاڵه‌وه سه‌رقاڵن و هه‌ندێكیشیان فه‌رمانبه‌رن.