ئومێد شێركۆ شاكر*
قۆناغی بنەڕەتی یەكێكە لە قۆناغە گرنگەكانی خوێندن، لەم قۆناغەدا منداڵ دەبێت لەسەر خوێندن رابێت، نەك ببێتە هۆكاری بێزاربوونی لە خوێندن. هەندێ لە دایك و باوكان زیاد لەپێویست فشار دەخەنە سەر منداڵەكەیان، بۆئەوەی بخوێنێت نازانن ئەم قۆناغە بۆ ئەوە نییە منداڵەكە ببێتە زانا، بەڵكو قۆناغێكە بۆ چەشتنی چێژی فێربوون، بۆیە نابێت بە سەختگیری و دروستكردنی فشاری زۆر، ئەو چێژە لە منداڵەكانمان زەوت بکەین.
چەند خاڵێکی گرنگ
چەند خاڵێك هەیە ئەگەر دایكان و باوكان لێی دووربكەونەوە دەبێتە هۆكارێك كە خوێندن لەلای منداڵ خۆشەویست ببێت، لەوانە:
1. نابێت خوێندن بۆ سزادانی منداڵەكانمان بەكاربهێنین، زۆرجار منداڵەكە خوێندن و ئەركەكانی تەواو كردووە، هاتووە لەلای دایك و باوكی دانیشتووە یان یاریی دەكات، لەم كاتەدا هەڵسوكەوتێك دەكات دایك یان باوكەكە بە دڵی نییە، بۆیە سزای منداڵەكە دەدەن بەوەی پێدەڵێن هەڵسە بڕۆ خوێندنەكەت بكە. ئەم سزایە «بڕۆ خوێندنەكەت» بكە دەبێتە هۆی دووركەوتنەوەی منداڵەكە لە خوێندن، چونكە خوێندن بە سزا تێدەگات، بۆیە دەبێت دووربكەوینەوە لەم هەڵسووكەوتە.
2. خاڵێكی تر كە دەبێتە هۆی بێزاربوونی منداڵ لە خوێندن لەم قۆناغەدا، ئەوەیە دایك و باوك بەردەوام بە هۆ و بێ هۆ سەربخەنە سەرمنداڵەكەیان، بەردەوام پێی بڵێن بخوێنە، بۆ ماوەی بیست و چوار سەعات هەر ئەم وشەیەیان لەسەر زار بێت «بخوێنە». ئەم زۆر وتنەوە و دووبارەكردنەوەیەی «بخوێنە» وا لە منداڵ دەكات بێزار بێت لە خوێندن، بۆیە دەبێت دووربكەوینەوە لەم جۆرە قسانە.
3. نابێت ئێمە وا مەزەندە بكەین منداڵەكەمان نابێت هەڵە بكات، كە منداڵەكەت لەكاتی شیكاركردنی پرسیارێكدا هەڵە دەكات ئاسایی وەریبگرە، دەبێت ئەوە بزانی منداڵەكەت زانا نییە، چونكە ئەگەر زانا بێت بۆ دەچێتە قوتابخانە، دووربكەونەوە لە وتنی هەندێ وشەی وەك «نەزان، گێل، تەمبەڵ» ئەم وشانە كاری تێدەكات و دەبێتە هۆكاری رقلێبوونەوەی لە خوێندن، دەبێتە هۆی دواكەوتنی و درەنگ تێگەیشتنی.
4. دووربكەونەوە لە توندوتیژی لەگەڵ منداڵدا، بەتایبەتی لەو كاتەی وانەکانی خوێندنی پێدەڵێن، لە جیاتی ئەم توندوتیژی و توڕەبوونە سۆز و خۆشەویستی خۆتانی بۆ دەرببڕن، تا خوێندن و قوتابخانەی لەلا خۆشەویست بێت. هەر هەڵسوكەوتێكی ناڕێك دەبێتە هۆكاری دووركەوتنەوەی لە خوێندن.
5. هەڵەیەكی گەورەیە منداڵەكەت بەراورد بكەیت لەگەڵ منداڵێكی تردا، لەگەڵ منداڵەكانی خۆت یان منداڵی خزم و ناسیاو و هاوسێكانتدا. دەبێت ئەوە بزانی ئاستی تێگەیشتن و فێربوون لای منداڵان جیاوازە، ئەم بەراوردكردنە دەبێتە هۆكاری دووركەوتنەوەی منداڵەكەت لە خوێندن.
لەكۆتاییدا ئەگەر مەبەستمانە خوێندن لەلای منداڵەكانمان خۆشەویست بكەین و پەرۆشی ئەوەین ئاستی زانستییان بەرزبێت، دەبێت دووربكەوینەوە لەم هەڵسووكەوتانە.
*مامۆستای بیركاری لە قوتابخانەی عزەدین فەیزی لە هەولێر