گۆرانگە، بەهەشتێک لەناو دڵی شارباژێڕدا

01:47 - 2022-07-14
دووتوێ
697 جار خوێندراوەتەوە

د. ئاراس محەمەد ساڵح

گۆرانگە یەکێکە لە گوندەکانی کوردستان، لە رووی کارگێڕییەوە سەربە ناحیەی باسنێیە لە قەزای چوارتای پارێزگای سلێمانی، بەوردی نازانرێت کەی ئاوەدانکراوەتەوە، بەڵام بە قسەی پیاوە بەتەمەنەکانی گوندەکە لە زۆر کۆنەوە ئاوەدان بووە، لەبارەی ناوەکەیەوە لەبەرئەوەی دانیشتوانەکەی هەموویان گۆرانن لەبەرئەوە بە گوندەکەیان وتراوە گۆرانگە، واتە شوێنی کۆبوونەوەی گۆران.
 هەڵکەوتەی جوگرافی گوندەکە کەتووەتە نێوان رەوەزە چیایەکەوە لە ناو دۆڵیکی قووڵدا، ئاوێکی زۆر و باخ و باخاتێکی زۆریان هەیە، دارگوێز و چنارەکان گوندەکەیان داپۆشیوە، هاژە و کەفچەراندنی ئاوە سازگارەکەی و رۆیشتنی بەناو باخ و دارەکاندا وێنەیەکی بەهەشتی سەرزەمینیان دروستکردووە.
 بەزۆریی بژێوی خەڵکەکەی لەسەر باخداری و ئاژەڵ بەخێوکردنە، باخی هەنار و گوێز و ترێ و زۆر میوەی دیکەیان هەیە، هەروەها سەوزەکانی وەک تەماتە، توتن، خەیار و بامێ دەچێنن، دانەوێڵەکانی وەک گەنم و جۆیان هەبووە، لە کۆندا زەوییەکانیان بە گا کێڵاوە، لەبەرئەوەی شوێنەکەیان شاخاوییە و رەزەکانیان بە قەدپاڵی چیاکانەوەیە، هەتا ئێستا جووتی گا و هەوجاڕ بەکاردەهێنن.
لە کۆنەوە مزگەوت و مامۆستای ئاینییان هەبووە، لە حەفتاکانی سەدەی رابردوودا قوتابخانەی نوێی تێدا کراوەتەوە، هەتا راگوێزانی گوندەکانی شارباژێڕ قوتابخانەکەیان بەردەوام بووە، جگە لەو قوتابخانەیە هیچ پڕۆژەیەکی دیکەی خزمەتگوزارییان پێش راگواستن بۆ نەکراوە.
 ژمارەیەک گوند هاوسنوورە لەگەڵ ئەم گوندەدا، وەک گردەزوبێر، دیگەڵ، وەڕاز، کونجرین و کوڕەداوێ، بێتوات، مڕانێ، گۆمڵی، رەشەکانی، لەگەڵ هەموو ئەم گوندانەدا پەیوەندیی بەهێزیان هەیە و دوور لە هەموو کیشەیەک پێکەوە ژیاون. 
گوندی گۆرانگە لەبەرئەوەی ئاوی زۆری هەبووە، هەر لە کۆنەوە ئاشی ئاوی تێدابووە، لە گوندەکانی دەوروبەریەوە خەڵکی روویان تێکردووە بۆ باراشهاڕین، ئەم ئاشە هەتا ساڵی 1998 بەردەوام بووە، لە دوای ئەوە ئیتر ئیشی پێنەکراوە، لە ساڵی 2021  ئەم ئاشە لەسەر ئەرکی بەڕێز کاک دکتۆر تەها رەسوڵ نۆژەنکراوەتەوە و وەک یادگارێکی کەلتوریی و کەلەپوری لە لەناوچوون پارێزراوە.
ئەم گوندە جوان و دڵگیرە سەرچاوەی ئاوی زۆرە و لە گرنگترین  کانی و کارێزەکانی: کانی چاوە، کانی کەڵبەز، کانی مزگەوتەکە، کانی رەشید ئاغا، کانی بەهار، کانی گوڵەڕێواس، کانی هەوارەبەرزە، چاوە بچکۆلە، کانی پیری کارێز و گڕکی، کارێزی بەرەی موسی، ناوشیو، شایان، هەروەها ژمارەیەکی تر کانیە بەهارە و سەرچاوەی تر لە سنووری ئەم گوندەدا هەیە.
دانیشتوانی ئەم گوندە هەموویان گۆرانن و لە بنەماڵەکانی مام رەسوڵ، حاجی محەمەد، حاجی ساڵح، مام عەبدوڵڵا پێکهاتوون، ئێستا ژمارەی دانیشتوانەکەی بنەماڵەکانی زیادی کردووە، لەگەڵ ئەوەشدا هەموویان وەک ئەندامی یەک خێزان بە تەبایی و خۆشەویستییەوە پێکەوە دەژین.
هەڵکەوتە و ئاووهەوای گۆرانگە زۆر گونجاوە بۆ هەنگەوانی و  هەنووکە چەند پڕۆژەیەکی هەنگەوانی لە گوندەکەدا هەیە.
گوندی گۆرانگەش وەک زۆربەی گوندەکانی دیکە تووشی هێرش و پەلامار بۆتەوە. لە ساڵی 1978 کاتێک گوندەکانی دەوربەریان راگوێزراون بۆ ئۆردوگاکان، دانیشتوانی ئەم گوندە ئاگادارکراونەتەوە کە رادەگوێزرێن، هەربۆیە خانووەکانیان تێکداوە، بەڵام دواتر پێیانوتراوە ئێوە راناگوێزرێن، لەبەرئەوە ناچاربوون جارێکی دیکە خانووەکانیان دروستکردۆتەوە.
لە ساڵی 1987 چەند جارێک گوندەکەیان تۆپباران کراوە و چەند هاووڵاتییەک برینداربوون و زیانی ماڵی زۆریان لێ کەوتووە، لە کۆتایی ساڵی 1987 گوندەکەیان راگوێزراوە و خانو و رەزەکانیان خاپوورکراوە و مەزراو لەوەڕگاکانیان سووتێنراوە.
لەدوای راپەڕینی ساڵی 1991 جارێکی تر لەلایەن دانیشتوانەکەیەوە ئاوەدانکراوەتەوە، باخ و کانی و کارێزەکانیان جارێکی نۆژەنکردۆتەوە و ماڵەکانیان دروستکردۆتەوە، لەلایەن حکومەت و رێکخراوەکانەوە پڕۆژەی کارەبا و ئاو و قوتابخانە و رێگاوبان و مزگەوتیان بۆ دروستکراوە، ئێستاش زیاتر لە 12 ماڵی تێدایە و خێزانەکانی دیکەش هەموویان خانوویان هەیە و بەشێوەی کاتی دەگەڕێنەوە گوندەکەیان بۆ ئیشوکاری کشتوکاڵ و باخەکانیان.

سەرچاوەکان:
1/
چاوپێکەوتنی نووسەر لەگەڵ عەبدوڵڵا محەمەد سەعید، لە رۆژی 4/5/2022 لە گوندی گۆرانگە.
2/ چاوپێکەوتنی نووسەر لەگەڵ دانا کەمال عەبدوڵڵا، لە رۆژی 4/5/2022  لە گوندی گۆرانگە.

#گوندستانی نوێ

بابەتە پەیوەندیدارەکان