جۆماڵ، خاوێنكردنەوەی جۆگە لە قوڕ و لیتە

01:53 - 2022-07-14
دووتوێ
764 جار خوێندراوەتەوە

دانا محەمەد

گوندنشینان بە تایبەتی لەو ناوچە و گوندانەدا كە بێستان و دالێی ئاوی دەكەن، واتە بێستان و تەماتە و بامێ و هەر شتێكی دیكە بە بەراو دەكەن، دەزانن جۆماڵ چییە؟ یان لە هەندێك ناوچەی دیكەشدا پێی دەوترێت «جۆگە ماڵ». ئەم دوو وشەیە هەمان مانا و مەبەستە، بەڵام لە ناوچەیەك بۆ ناوچەیەكی دیكە لە بەكارهێناندا و بە دەنگ جودای دەكەنەوە، كە وشەكەش واتە «جۆگە ماڵین، یان جۆگە راماڵین»
كاتێك گوندنشینان و جوتیارەكان دەیانەوێت بە رێگەی وشكایی و بەهۆی جۆگەوە بێستانەكەیان و هەندێكجاریش كشتوكاڵەكەیان ئاو بدەن، بە جۆگەیەكدا كە بە نزیكی 50سم قووڵ دەکرێت لە زەویدا هەڵیدەكەنن، ئەم جۆگەیەش لەو جێگایەوە كە دەستپێدەكات پێی دەوترێت «بنەوان»، بەڵام زۆرجار بەهۆی كۆنبوونی جۆگەكە و كۆبوونەوەی پاشەڕۆ و هەرەسهێنانی دیوارەكانی جۆگەكەوە، پڕ دەبێتەوە بە ئاسانی رێگە نادات ئاوەكە بگاتە سەر بێستان و كشتوكاڵەكە، بۆیە گوندنشینان و جوتیاران پێش ئەوەی لە وەرزی نوێی كارەكەیاندا دەست بە ئاودان بكەن، جۆگاكە پاك دەكەنەوە و هەرچی بەربەست و پاشماوەیەك لە جۆگاكەدا هەبێت رایدەماڵن و پاكی دەكەنەوە و بەو كرداری پاكردنەوە و جۆگا دەردانە دەوترێت «جۆماڵ، یان جۆماڵین».
وشەی «جۆماڵ، یان جۆگە ماڵین» لە هەردوو «فەرهەنگی خاڵ»دا بە مانای «پاكردنەوەی جۆگەی گەورە و قووڵكردنی» دێت و لە «هەنبانە بۆرینە»شدا بەمانای «خاوێنكردنەوەی جۆگە لە قوڕ و لیتە» دێت، ئەم جۆگە راماڵینە یارمەتیی ئاو دەدات لە «بنەوانە»كەیەوە بە باشی و بە ئاسانی و بە خێراییەكی زۆر بگاتە بەروبوومەكان و وشك نەبن. خێرایی ئاوی جۆگەكانیش لەسەر ئاستی لێژیی و تەختی ئەو زەوییانە وەستاوە كە جۆگەكەی پێدا تێپەڕدەبێت.
جاران لە گوندەكاندا بە زۆری ئاودانی زەوییە بەراوەكان بەم شێوەیە بوو، ئەگەرچی جۆماڵەكە بە هەرەوەز و بە هێز و بازووی گوندنشینان بوو، بەڵام هاووڵاتیانی گوندەکان بە نۆرە و بەپێی دابەشكردنێكی یەكسان ئەم جۆگەیەیان بەكاردەهێنا بۆ ئاودان، مخابن وەك زۆرێكی دیكەی بابەتە كوردەوارییەكانی گوندەکان، ئێستا كەمتر پشت بە ئاودان بە جۆگە دەبەسترێت و ئەم كاری جۆماڵینەش خەریكە لەناو دەچێت و نامێنێت.

#گوندستانی نوێ

بابەتە پەیوەندیدارەکان