راپۆرتی، رەوەست نەوزاد
سەرەڕای دەرچوونی بڕیاری داخستنی پاڵاوگە نایاساییەكانی سنووری پارێزگای هەولێر، كەچی تائێستا نەتوانراوە ئەو بڕیارە وەكو خۆی جێبەجێبكرێت، بەڕێوەبەری ژینگەی هەولێر لەو بارەیەوە رایدەگەیەنێت، دروستكردنی پاڵاوگە بۆتە كارێكی ئاسان و هەندێكیان بەشێوەی گەڕۆك كار دەكەن، بۆیە نەتوانراوە كۆنتڕۆڵ بكرێن، ئەندامێكی پێشووی ئەنجومەنی پارێزگاش پێیوایە، جگە لە بەرژەوەندیی چەند كەسێكی دەستڕۆیشتوو، هیچ پاساوێك بۆ مانەوەیی ئەو پاڵاوگانە نییە.
هۆكاری جێبەجێنەكردنی ئەو بڕیارە بۆ دەستڕۆیشتوویی خاوەنی بەشێك لەو پاڵاوگانە دەگەڕێتەوە و زۆریشیان كەسانی بەرپرسن لەناو دامودەزگاكانی حزبی و حكومییەكان.
دڵشاد حسێن بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی هەولێر بە كوردستانی نوێی راگەیاند: لەگەڵ هەوڵەكانن بۆ داخستنی پاڵاوگە نایاساییەكانی سنووری پارێزگای هەولێر كە ژمارەیان 138پاڵاوگەیە، تائێستا نەتوانراوە سەرجەمیان دابخرێن.
وتیشی: كێشەكان لەگەڵ ژمارەیەك پاڵاوگەیە، كە تائێستاش لە كاركردن بەردەوامن، ئەویش بەهۆی ئەوەی گەڕۆكن و شوێنەكانیان دەگۆڕن و بەشێوەی تانكی دروستكراو كار دەكەن.
راشیگەیاند: داخستنی پاڵاوگە نایاساییەكان بڕیارێكی كۆتاییە و نابێت لە داهاتوودا بەو شێوەیە بەردەوامبن لە كاركردن، دوای تێكدانیشیان پارچەكانیان دەدەین بە كارگەی تواندنەوەی ئاسان، تا هیچ ئاسەوارێكیان نەمێنێت و دەرفەتی دووبارە دروستكردنەوەیان لەدەست بدەن، چونكە لە ئێستادا دانانی پاڵاوگە بۆتە كارێكی زۆر ئاسان، بە جۆرێك دەتوانرێت بە ماوەیەكی كەم و بە كەرەستەی سەرەتایی دروستبكرێت.
هەر لەوبارەیەوە دلێر حسێن ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر بەكوردستانی نوێی راگەیاند: بەگوێرەی ئەو راپۆرتانەی دەدرێت بە لایەنی پەیوەندییدار لە حكومەتی هەرێم و ئیدارەی پارێزگا، بوونی پاڵاوگە نایاساییەكان زیانێكی ئێجگار زۆریان لەسەر تەندروستیی هاووڵاتی و ژینگە دروستكردووە، بەڵام بەداخەوە تائێستا دانەخراون، ئەمەش لەكاتێكدا پارێزگاری هەولێر بڕیاری داخستنی ئەو پاڵاوگانەی دەركردووە.
وتیشی: هۆكاری جێبەجێنەكردنی ئەو بڕیارە بۆ دەستڕۆیشتوویی خاوەنی بەشێك لەو پاڵاوگانە دەگەڕێتەوە و زۆریشیان كەسانی بەرپرسن لەناو دامودەزگا حزبی و حكومییەكان.
وتیشی: ناكرێت بەبیانووی پڕكردنەوەی پێداویستیی ناوخۆیی و سووتەمەنی، ژیانی هاووڵاتیان بخرێتە مەترسییەوە و درێژە بە مانەوەی ئەو پاڵاوگانە بدرێت، كە هیچ مەرجێكی تەندروستیان تێدا نییە، پێشموانییە نەمانی ئەو پاڵاوگە نایاسییانە كاریگەرییەكی ئەوتۆیان هەبێت لەسەر پڕكردنەوەی پێداویستیی ناوخۆیی، چونكە لەلایەك هەرێم بەشی خۆی سووتەمەنی لە بەغدا وەردەگرێت، لەلایەكی ترەوە ئێمە ژمارەیەك پاڵاوگەی یاسایی و گەورەمان هەیە، جگە لە دابینكردنی پێویستی ناوخۆ، بەشێك لە بەرهەمەكانیان دەفرۆشن بە پارێزگاكانی باشوور و ناوەڕاستی عیراق.