وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: کەژاڵ ئەحمەد
بۆچی ناوبانگی مەلای موسڵیی لە جیهانی عەرەبیدا نەگەیشتە ناوبانگی سەید دەروێش، ئەگەرچی موسڵیی کەلەپوری عیراقیی دەوڵەمەند کردبوو؟ لەو باوەڕەدام هۆکاری سەرەکیی وڵاتی میسر بووە لەبەرئەوەی لەو رۆژگارەدا بۆ ئەوەی بابەتێک گشتگیر بکرایە دەبووایە هەموو شتێک میسریی بێت
نووسەری ناودار سەمیر عەتاڵڵا و خانمی رۆماننوس ئینعام کەچەچی، هەریەکەیان بەجیا وتارێکیان سەبارەت بە ئاوازدانەرێکی کوردی ونناو نووسیوە کە گرنگترین ئاوازدانەری کۆتایی سەدەی هەژدە بووە، بە باشمزانی هەردوو وتارەکە لەیەکبدەم و وەریانبگێڕم، لەبەرئەوەی هەردوو نووسەر گەلێک زانیاریی نەوتراویان سەبارەت بەم داهێنەرە نابینایە خستۆتەڕوو.
باسی مەلا عوسمانی موسڵیی ناکەم لەبەرئەوەی خەڵکی هەمان شارین کە موسڵە، بەڵکو لەبەرئەوەی ماوەی رابردوو بە هەموو هێزیەوە لە پاریس ئامادەبوو، بەهۆی ژێکانی میوزیکژەنی قەدرگران (نەسیڕ شــــــەممە)وە. ئێوارەیەکی میوزیکیی جوان و قەرەباڵغ بوو لە هۆڵی گەورەی «یونسکۆ» بە بۆنەی پێشانگەی ئەو زیندانە تاریکانەوەی کە لە موسڵ پاش دەرکردنی داعش دۆزراونەتەوە. شاری موسڵ کە بە شاری دوو بەهار ناسراوە زیاتر لە چیرۆکێکی خۆشەویستیی هەیە لەگەڵ ئامێری عود دا، یەکێ لەو چیرۆکانە هەردوو برای عودژەن مونیر و جەمیل بەشیرن، هەروەها محەمەد فازیل کە بەناوبانگترین دروستکەری ئامێری عود بووە.
عوسمان موسڵیی (1854 - 1923) لە خێزانێکی هەژاردا لەدایکبووە، باوکی سەقا بووە، کاتێ عوسمان حەوت ساڵ بوو ئەو کۆچی دوایی کرد. کوڕەکەی تووشی ئاوڵە بوو لە منداڵیدا و چاوەکانی کوێربوون، پیاوچاکێکی عەشیرەتی ئەلعومەریی سەرپەرشتیی کرد تا گەورەبوو، لە نێوان زێدی لەدایکبوونی و بەغداد و ئەستەمبوڵ و دیمەشق و قاهیرەدا هاتوچۆی دەکرد. ژمارەیەک ئاوازی لەدوای خۆی بەجێهێشتووە تائێستایش خەڵکیی سەرمەست دەکەن و ئیلهام بەخشن بۆ ئاوازدانەران و گۆرانیبێژان و نەوە لەدوای نەوە دەیڵینەوە. کە دەڵێم گۆرانیبێژان، مەبەستم لەو گۆرانیانەیە کە سەرمان بۆ لای خۆیان دەسووڕێنن و رۆحمان ئاسودە دەکەن، نەک ئەو غەڵبە غەڵبانەی پێیان دەوترێت گۆرانیی، کەم کەس ئەوە دەزانن کە گۆرانیی (زوروني کل سنة مرة) ئاوازی مەلا عوسمانی موسڵییە، ئەسڵی گۆرانییەکە سرودێکی سۆفییانەیە بە ناونیشانی (زر قبر الحبیب مرة) و سەید دەروێش وەریگرتووە(ئیقتیباسی کردووە). مەلای موسڵیی خاوەنی ئاوازی زۆر گۆرانییە کە تائێستاش گوێیان لێ دەگیرێت وەک (فوق النخل، بنت الشلبیة، يام العيون السود، آه يا حلو يا مسليني، طلعت يا محلى نورها) و زۆر گۆرانی دیکە. مەلا عوسمان شاعیرێکی سۆفیی، نووسەر و وتاربێژێک بوو لە سەرکردەکانی هزر و پیاوێکی نیشتمانپەروەر بوو، داوای دەستهەڵگرتنی ئنگلیزی دەکرد لە وڵاتەکەی.
زەید خەلدون جەمیل لە توێژینەوەیەکدا نووسیویەتی: موسڵیی هەر کە گەیشتە پایتەختی عوسمانییەکان بە خێرایی دەرکەوت و بوو بە بەناوبانگترین قورئانخوێن. قورئانخوێنێکی نابینا بهێننە بەرچاوی خۆتان کە تەجوید بزانێت و ئاواز دابنێت و گۆرانیش بڵێت. سوڵتان عەبدولحەمید لەبارەیەوە دەبیستێت و فەرمان دەکات قۆڵبەست بکرێت و بهێنرێت بۆ کۆشکەکەی بۆ ئەوەی گوێی لێ بگرێت. مەلا موسڵیی بچوایە بۆ هەر وڵاتێک، خەڵکی فێر دەکرد و لە خەڵکەوە فێردەبوو، کاتێک چوو بۆ میسر نەغمەی حیجاز و نەهاوەند و لق و پۆپەکانی خستە ناو ئاوازی ئەو وڵاتەوە، هەروەها مەقامی عیراقیی خستە ناو گۆرانیی تورکییەوە کە تائێستایش ئەم تەرزە لە گۆرانیی پێی دەوترێت شێوازی مەلا عوسمانی حافیز (واتە نابینا)، هەر هێندەیش بەسە کە بزانین لە نێو قوتابییە میسرییەکانیدا ئەمانە هەبوون: کامیل ئەلخەلعی و ئەبو خەلیل قەببانی و عەلی مەحمود و محەمەد رەفعەت، بەناوبانگترین قوتابیشی سەید دەروێش بوو کە لە دیمەشق بە مەلا عوسمان گەیشتووە و دەروێش سێ ساڵ لەلای مەلا خوێندوویەتی و هەندێ لە موەشەحاتەکانیشی لەو وەرگرتووە. توێژەر سەبارەت بە مەلا ئەم چیرۆکە دەگێڕێتەوە: کاتێک مەلا عوسمان دەگەڕایەوە بۆ ماڵەوە و دەستی نەوەکەی گرتبوو، گوێی لە دەنگی ئاوازی میوزیک دەبێت لە شوێنێکەوە دێتە بەرگوێی، لەبەردەم پەنجەرەی ماڵەکەدا دەوەستێت و بە نەوەکەی دەڵێت: «گوێت لە ئاوازی عود نییە؟ ئەم میوزیکژەنە منی کوشتووە، بمبە بۆ بەر دەرگاکەی» نەوەکەی دەیباتە بەر دەرگایەک لەو نزیکانە، مەلا بە گۆچانە ئەستوورەکەی لە دەرگاکەدەدات و بەدەنگی بەرز دەڵێت: ئەی عودژەن ژێی ناوەوەی عودەکەت دابەزیووە، کەمێک توندی بکەرەوە.»
ئەو ناوبانگەی سەید دەرویش پێی گەیشت ومەلا موسڵیی لێ بێ بەشکرا
کاتێک سەید دەروێش ئاواز و گۆرانییەکانی دەدا بە گوێی خەڵکی قاهیرە و دیمەشق و حەلەبدا، هێشتا باوی سەردەمی تۆمارکردنی گۆرانیی نەهاتبوو، هەر لەبەرئەوە دەبووایە نەوەکانی داهاتوو لە رێی ئەو کەسانەوە بیناسن کە کەلتورەکەیان بەزیندوویی هێشتبۆوە، یەکێ لەوانە رەحەبانییەکان بوون، کە میکسێکیان (ئاوێتەیەکیان) لە نێوان میوزیکی خۆماڵیی هەزەج (شاد) و دەنگی فەیروزدادروست کردبوو، یەکێ لەو پارچە میوزیکانە کە گوێگران لە بەیانیاندا چێژیان لێ دەبینی «طلعت يا محلی نورها» بوو کە گۆرانییەکی بەناوبانگە، پاش ئەو هەموو ساڵە کە لەگەڵ سەید دەروێشدا بردومانەتە سەر کە بە باوکی گۆرانیی و ئاوازی میسریی دادەنرێت، ئینعام کەچەچی کە خانمە نووسەرێکی موسڵاوییە شۆکێکی لە ناوەندیی رۆشنبیریی و زانیارییەکانماندا دروست کرد کاتێک کە رایگەیاند: «زۆر گۆرانیی کە دراونەتە پاڵ سەید دەروێش، لە راستیدا ئاوازی مەلا عوسمانی موسڵیی داهێنەری موەشەحاتن کە سەید دەروێش ئەو کاتەی لە سوریا بووە گوێی لێیان بووە و پێیان کاریگەر بووە، هەروەک چۆن ژمارەیەکی بەرچاو لە شاعیران و میوزیکژەنەکانی ئەو قۆناغە کاریگەربوون بە ئاوازەکانی»
بەڵام بۆچی ناوبانگی مەلای موسڵیی لە جیهانی عەرەبیدا نەگەیشتە ناوبانگی سەید دەروێش ئەگەرچی موسڵیی کەلەپوری عیراقیی دەوڵەمەند کردبوو؟ لەو باوەڕەدام هۆکاری سەرەکیی وڵاتی میسر بووە، لەبەرئەوەی لەو رۆژگارەدا بۆ ئەوەی بابەتێک گشتگیر بکرایە دەبووایە هەموو شتێک میسریی بێت، شیعر و رۆژنامەوانیی و هونەریش. خۆئەگەر ئەحمەد شەوقی لە هەر وڵاتێکی دیکەدا بووایە ناونەدەنرا ئەمیری شاعیران، یان ئەگەر ئەسمەهان لە سوریا بمایە ئوم کەلسوم ئیرەیی پێ نەدەبرد، ئەگەر رۆژنامەی (الاهرام) لە بەیروت دەربچوایە نەدەبووە رابەری رۆژنامە عەرەبییەکان بە درێژایی چەند دەیەیەک. فەیروز و رەحەبانییەکان ئەو یاسایە نەیگرتنەوە، سیانەیەکی دەگمەن بوون لە شیعر و ئاواز و دەنگدا، ئەوەش زیادبکە لە شانۆ و هەموو شتێکدا داهێنەر بوون، ئیدی لە جیاتی ئەوەی ئەمان بچن بۆ میسر ئاوازدانەری میسریی محەمەد عەبدلوەهاب چوو بۆ لایان بۆئەوەی ئاواز بۆ گۆرانییەکی فەیروز دابنێت بە ناونیشانی «سهار بعد سهار، ت یحرز المشوار».
بۆچی بزووتنەوەی هونەریی کیشوەربڕ هەر لە چوارچێوەی قاهیرە و بەیروتدا مایەوە؟ واپێدەچێت هۆکاری سەرەکیی کۆمەڵگە موحافیزکارەکان بووبن. لە عیراق یەک خانمی گۆرانیبێژ هەبوو ئەویش «عەفیفە ئەسکەندەر» بوو کە کریستیان بوو. دەبووایە زۆر چاوەڕوان بکەین تا «وەردە» لە جەزائیر دەربکەوێت، ئەگەرچی جەزائیرییە بەڵام درەوشانەوەکەی لە قاهیرە بوو بە هۆی ئاوازەکانی بەلیغ حەمدییەوە. هەموو هەفتەیەک خانمە رۆماننووس ئینعام کچە چی لە پاریسەوە هەواڵی رۆشنبیریی جوانمان بۆ دەهێنێت، بەردەوامیش ئەو هەواڵانە دەدۆزێتەوە کە هاوپیشەکانی گرنگیی پێ نادەن، هەردەم کاروباری عیراقیش دەکاتە بابەتێکی گشتیی، وەک لە وتارەکەی سەبارەت بە «مەلا عوسمانی موسڵیی»دا روویدا کە دایکیشی و باوکیشی کورد بوون، ئەمەیش بابەتەکەی کەچە چی بەهادارتر کرد.
سەرچاوە:
* سمیر عطالله، رۆژنامەی (الشرق الاوسط)
* انعام کجەجي، روائیة و صحفیة من الموصل
مەلا عوسمانی موسڵی پەیکەری مەلا عوسمانی موسڵی