كۆمار مەسعود
دیدارەكە، بە ئامانجی گفتوگۆكردنی ژینگەی میدیایی لە سۆشیال میدیا و دەستنیشانكردنی ئاستەنگەكانی ئەو بوارە و دۆزینەوەی چارەسەری پێویست رێكخرابوو
بۆ ماوەی دوو رۆژ لە شاری هەولێر، بە چاودێری وەزیری رۆشنبیری و لاوان، دیداری (سۆشیال میدیا پانتاییەك لە روانگەی یاساییەوە)، بە بەشداریی دەیان كەسایەتیی ئەكادیمی و رۆژنامەنووس و نوێنەری دامەزراوە میدیاییەكان بەڕێوەچوو. دیدارەكە بە ئامانجی گفتوگۆكردنی ژینگەی میدیایی لە سۆشیال میدیا و دەستنیشانكردنی ئاستەنگەكانی ئەو بوارە و دۆزینەوەی چارەسەری پێویست رێكخرابوو.
حەمەی حەمەسەعید، وەزیری رۆشنبیری و لاوان لە هەردوو رۆژی دیدارەكەدا ئامادەبوو، بۆ ئەوەی لە نزیكەوە گوێبیستی راوبۆچوون و سەرنجی پانێڵیست و بەشداربووانی دیدارەكە بێت.
یەكەمین رۆژی دیدارەكە
كاتژمێر 10:00ی سەرلە بەیانی رۆژی 25/11/2024، دەست بە كارەكانی دیدارەكە كرا. سەرەتا وتەی سەرپەرشتیاری دیدار لەلایەن دەلیل جەمال، بەڕێوەبەری نووسینگەی وەزیری رۆشنیری و لاوان پێشكەشكرا و تێیدا هێڵی گشتیی و ئامانجی دیدارەكەی خستەڕوو، كە رەخساندنی زەمینەیەكی گونجاوە بۆ هێنانەئارای گفتوگۆیەكی بنیاتنەرانە بۆ چارەسەری كێشەكانی ژینگەی میدیایی.
دواتر حەمەی حەمەسەعید، وەزیری رۆشنبیری و لاوان وتارێكی پێشكەشكرد و تێیدا وتی: (دیداری سۆشیال میدیا، پانتاییەك لە روانگەی یاساییەوە، هەوڵێكی جددی وەزارەتمانە بە ئاراستەی دەستنیشانكردنی گرفت و ناهەموارییەكانی ژینگەی میدیاییمان، لە پێناو دۆزینەوەی چارەسەرێكی یاسایی، كە لەسەر بنەمای پاراستنی شكۆی مرۆڤ و هەموو ئەو مافانەی لەجاڕنامەی گەردوونی مافەكانی مرۆڤ و پەیماننامە نێودەوڵەتییەكاندا دەستنیشانكراون داڕێژرابێت).
وتیشی: (پێویستمان بە دروستكردنی گفتوگۆیەكی زانستی و پیشەیی هەیە بۆ ئەوەی رێگەی چارەسەری بۆ بدۆزینەوە، لەم دیدارە و چالاكییەكانیدا دەمانەوێت بگەینە ئەنجامێك، كە هەم ئازادیی رادەربڕین چەسپاوتر بكات و هەمیش ژینگە میدیاییەكە بەجۆرێك رێكبخاتەوە، كە ئازادی و شكۆی مرۆڤ لە ژێر هیچ ناو و پاساوێكدا نەشكێنرێت).
پاشان، یەكەم پانێڵی دیدارەكە بەڕێوەچوو، كە هەریەك لە دادوەر د. جەودەت سەعید، نوێنەری سەرۆكایەتی داواكاری گشتیی، شێروان عەوڵا، بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوبەرایەتی راگەیاندن و چاپ و بڵاوكردنەوە، عەقید پێشڕەو عەبدوڵڵا، نوێنەری وەزارەتی ناوخۆ، د. جەمال ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی پۆستە و گەیاندن وەك پانێڵیست بەشداربوون و ژیان عەزیز، مامۆستای زانكۆ بەڕێوەبەری پانێڵەكە بوو.
پانێڵیستەكان لە روانگەی پەیوەستی دامەزراوەكانیان بە ژینگەی سۆشیال میدیا، راو و سەرنجی خۆیان خستەڕوو.
دووەمین پانێڵ
دووەمین پانێڵیش، بە هەمان شێوە تایبەت بوو بە خستنەڕووی دیدگای لایەنە پەیوەندیدارەكان و هەر یەك لە د. فوئاد ئەحمەد، نوێنەری دیوانی پەرلەمانی كوردستان، د. سەفین محەمەد ئەمین، نوێنەری وەزارەتی تەندروستی، د. خەندان سابر، نوێنەری وەزارەتی پەروەردە، هێما نیازی، نوێنەری فەرمانگەی میدیا و زانیاری وەك قسەكەری پانێڵەكە بەشداربوون و ئەرسەلان رەحمان، پانێڵەكەی بەڕێوەبرد.
تێیدا باس لە دەرچەی چارەسەر بۆ گرفتەكانی سۆشیال میدیا لەڕووی یاسایی و تەكنیكییەوە كران و هەریەك لە نوێنەرانی وەزارەتەكانی پەروەردە و تەندروستی باسیان لەو گرفتانە كرد، كە لە ژینگەی سۆشیال میدیا رووبەڕویان بوونەتەوە.
سێیەمین پانێڵ
هەر لە رۆژی یەكەمی دیدارەكەدا، پانێڵی سێیەم، دوای نیوەڕۆی هەمان رۆژ بەڕێوەچوو. تێیدا لە دیدگای میدیاییەوە قسە لەسەر گرفتەكانی بەردەم دۆزینەوەی چارەسەر بۆ كێشەكانی سۆشیالمیدیا خرایەڕوو و هەریەك لە نوێنەرانی رێكخراوە پیشەییەكانی بواری میدیا دیدگای خۆیان بۆ چارەسەر خستەڕوو. بەشدارانی پانێڵەكە بریتی بوون لە د.شوان ئادەم ئەیڤەس، سەرۆكی رێكخراوی چاودێری میدیایی (چمك)، دانا جەمیل، نوێنەری رێكخراوی پاسەوان، ئاشنا دڵشاد، نوێنەری رێكخراوی پەیامنێران وەك قسەكەری سەرەكی دیدگای خۆیان خستەڕوو و ئەرسەلان رەحمان پانێڵەكەی بەڕێوەبرد.
رۆژی دووەمی دیدارەكە
رۆژی 26/11/2024، رۆژی دووەمی دیدارەكە بە ئامادەبوونی وەزیری رۆشنبیری و لاوان و ژمارەیەكی بەرچاو لە توێژەران و رۆژنامەنووس و مامۆستایانی زانكۆ و نوێنەری رێكخراو و ناوەندە میدیایی و پیشەییەكان، بە پانێڵێك دەستیپێكرد.
پانێڵەكە تایبەت بوو بە خستنەڕووی دیدگای زانستیی بۆ چارەسەری گرفتەكانی ژینگەی سۆشیال میدیا لە هەرێمی كوردستاندا.
هەریەك لە پ. د. سامان فەوزی، مامۆستای زانكۆ و پسپۆر لە یاسای میدیایی، پ. د. سادق حەمەغەریب، مامۆستای زانكۆ و پسپۆڕ لە میدیای ئەلیكترۆنی، د. مەجید ساڵح، راوێژكار لە پەرلەمانی كوردستان و شارەزای بواری میدیا، م. عوبێد سوبحی، مامۆستای زانكۆ و ماستەر لە راگەیاندن، فێنك شەفیق حاجی مەلا، لە بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان بەشداربوون و هانا شوان، چالاكی بواری مافەكانی ژنان و رۆژنامەنووس پانێڵەكەی بەڕێوەبرد.
دوای خستنەڕووی بۆچوونی قسەكەرەكان، دەرگا بە رووی پرسیار و سەرنجی ئامادەبووان كرایەوە و گفتوگۆیەكی فراوان سازكرا.
راسپاردەكان
دواتر، لیژنەیەك بۆ رێكخستن و كۆكردنەوەی سەرنجی ئامادەبووان و نووسینی راسپاردەكانی دیدار پێكهێنرا و فۆرمێكیش بۆ وەرگرتنی بۆچوونی ئامادەبووان بڵاوكرایەوە و بڕیاردرا، دوای ئامادەكردنی راسپاردەكان هەنگاوی پێویست بگیرێتەبەر بۆ گەیاندنیان بە شوێنی مەبەست و كار لەسەركردنیان.
لە كۆتایی دیدارەكەدا، خەڵاتی رێزلێنان و سوپاسنامە پێشكەش بە هەریەك لە پانێڵیست و بەڕێوەبەری پانێڵەكان كرا.