هەناسەی بەردەکان

لە کارەکانی بەختیار بەمۆ دا

12:31 - 2024-11-28
ئەدەب و هونەر
62 جار خوێندراوەتەوە
هونەرمەندی شێوەکار بەختیار بەمۆ


بەیان مانی


بەختیار کارەکانی لەسەر هەستی خۆی بونیادەنێت و ویستی خۆی لە کارەکانیدا  بەرجەسە دەکات، ئەو بە هەموو شێوەیەک کار دەکات بۆ ئاوێتەکردنی هەست و ویست و ئارەزووی خۆی
بە کارە هونەرییەکانی

 

زۆرن ئەو هونەرمەندانەی بەردەوام کار دەکەن و بەشێکی زۆری ژیانیان تەرخان کردووە بۆ کاری هونەریی. بەختیار بەمۆ یەکێکە لەو هونەرمەندانەی ماندووبوون نازانێ، ئەوەی لە نزیکەوە بەختیار بناسێ وا هەست دەکات، ئەو تاکە کەسە کە بە دانیشتن ماندوو دەبێت و هەناسەی سوار دەبێت. ئەم هونەرمەندە هەمیشە وا هەست دەکات بەشێک لە جەستەی ون بووە و بە دوایدا دەگەڕێت. ئەو وێڵە بە دوای پارچەکانی جەستەی خۆیدا لەنێو سروشت بۆ ئەوەی بیاندۆزێتەوە و رۆحی خۆی پێ کامڵتر بکات، ئەم کامڵبوونەی رۆحی هەندێجار لە  ریشەی درەختێک یان پارچە بەردێک یان پیرەدارێک یان شاخی گیاندارێکی بێ گیانی کێوییدا بەرجەستە دەبێت، کاتێک دەیگۆڕێ هەست و نەستی خۆی تێکەڵ دە کات و دەبێتە کارێکی هونەریی لە بەرجەستەکردنی کارەکانیدا، هەندێجار سروشت دەپشکنێ و ئەو پارچە دار و بەرد و شاخی گیاندارانە هەڵدەگرێ کە هەست دەکات ئەمانە پێشتر لای ئەو بوون و لە ناخیدا چرۆیان کردووە، پاشان گەڕاونەتەوە بۆ ناو سروشت،
بە جۆرێک نزیکن لە رۆحی ئەوەوە ناتوانێ خۆی رابگرێ لە ئاستیاندا بۆیە ئەوانیش پەلی دەگرن و بۆ لای خۆیان رایدەکێشن، بە جۆرێک ئیتر دەست دەگرن بە سەر هەست و نەستیدا و بە دوای خۆیاندا پەلکێشی دەکەن. هەروەها ئەمیش بە دۆزینەوەیان زۆر ئاسوودە دەبێت و دەیانباتەوە ناو ستودیۆکەی و بە دیاریانەوە رادەمێنێ،  پاش ماوەیەک پاکیان دەکاتەوە و بە هەندێ دەستگاریی کەمەوە دەبنە پەیکەر و ئیتر لەگەڵ رۆحی ئەو ئاوێتە دەبن، هەتا هەتایە جودا نابنەوە.
هەندێجار بەختیار سروشت بەڵکێش دەکات و بە دوای خۆیدا دەیهێنێ، دەگەڕێ بە دوای بەردەکان و پارچەی پیرەدار و بە دوای خۆیدا دەیانهێنی و ویست و هەستی خۆی بە سەریاندا دەسەپێنێ، ئەو شێوەیەی کە لە ناخی دایە بەرجەستەی دەکات و دەبێتە پەیکەرێک هونەرمەند بەم زاڵبوونەی بە سەر ئەم بەردانەدا زۆر ئاسوودە دەبێت، چونکە وا هەست دەکات بەشێک لە ویستە خەفەکراوەکانی واڵا دەبێت وەکو  کاندنسکی دەڵێت:(گرنگیی کاری هونەرمەند لەوەدایە کە شێوەیەک بخولقێنێ لەسەر هەستی خۆی بونیاد نرابێت)، بەختیاریش کارەکانی لەسەر هەستی خۆی بونیاد دەنێت و ویستی خۆی لە کارەکانیدا  بەرجەسە دەکات. هەروەها ئیرنست دلۆدڤیگ دەڵێت:(هونەرێک نییە بە ناوی هونەری زیندوو بەبێ ئاوێتە بوونی هەست و سۆز بەبێ هەست و سۆز دەبێتە کارێکی پیشەیی)،  ئەو بە هەموو شێوەیەک کار دەکات بۆ ئاوێتەکردنی هەست و ویست و ئارەزووی خۆی بە کارە هونەرییەکانی، بۆ ئەم مەبەستەش هەندێجار چەند کەرەستیەکی  جیاواز موتوربە دەکات بەیەکەوە، بۆ خوڵقاندنی شێوەیەکی هونەریی، زۆر جاریش بە یەک ماتریاڵی سروشتیی شێوەیەک دەخولقێنێ هەسدەکەیت کارێکی سروشتییە و  سروشت بۆ خۆی خولقاندوویەتی، ئەمیش پەلی گرتووە و ئاوێتەی دنیای خۆی کردووە. دەبێ ئەوەش بڵێین بە زۆریی سوودی لە مەتریاڵی سروشتیی و ئامادە وەرگرتووە وەکو بەرد و شاخی ئاژەڵ و هەندێ کەرەستەی ئامادەی تر، واتە زۆر کەم خامەی دروستکراوی بەکارهێناوە لە ئەنجامدانی کارە هونەرییەکانیدا .
بەشێوەیەکی گشتیی کارە هونەرییەکانی هونەرمەند بریتین لە شێوەی ئاژەڵ و باڵندە و مرۆڤ و ماسی. لێرەدا بە پێویستی دەزانم هەندێ وردەکاریی لەبارەی شێوازی  بەرجەستە کردنی کارەکانیی ورد بکەمەوە. سەرەتا  بەشێوەی باڵندەکان دەست پێ دەکەم، هونەرمەند لە بەرجەستەکردنی شێوەی کارەکانیدا زۆر جار شێوەکانی    رووتکردۆتەوە و دایماڵیوە لە وردەکارییەکانی جەستەی باڵندەکان،  تەنها شێوەی گشتیی باڵندەکە یان بە بەشێک لە شێوەی باڵندەکە کارەکەی تەواو کردووە، بێ ئەوەی وردەکاریی تێدا بەرجەستە بکات. ئەو دەیەوێ ئەوەمان پێ بڵێت ئەو باڵندە وا دەبینێت، وا جوانترە یان دەیەوێت ئەوەمان پێ بڵێت ئەو رۆح و ناواخنی باڵندەکان دروست دەکات نەک کۆپیکردنەوەی شێوەی باڵندەکان وەکو چۆن لە سروشتدا هەیە.
هونەرمەند شێوەیەکی پوختی رووتەڵە دەخاتە روو، شێوەیەک کە لە جیهانی واقیعیدا بوونی نییە، بەمەش هونەرمەند گوزارشت لە هەڵچوونی باری دەروونیی خۆی دەکات. لێرەدا هونەرمەند بە رووتکردنەوەی شێوەکان بە شێوازی تەجرید رێگایەکی لەبارە بەرەو گوزارشکردن لە جیهانی رۆح و میتافیزیک، لەهەمان کاتدا رووتکردنەوەی شێوەکان لە وردەکاریی و بە رجەستەکردنی شێوەیەکی رووتەڵەک زیاتر لە بارە بۆ جیهانی راڤەکردن واتە تەئویل چونکە زیاتر بەرفراوانە، پانتاییەکی زۆر و کرداریی هەیە لە بەردەم بینەردا. هەندێجاریش هونەرمەند تەنها بەشێک لە شێوەی باڵندەکانی بەرجەستە کردووە و بەشەکانی دیکەی فەرامۆش کردووە، وەک ئەوەی پێمان بڵێت: ئەم بەشە رۆحی باڵندەکەیە و تەنها ئەم بەشە دەتوانێ گوزارشت لە تەواوی شێوەی باڵندەکە بکات . بۆ بەرجەستەکردنی کارەکانی دیکەی کە ئاژەڵ و گیانداری دیکەی دروستکردووە هەمان بۆچوونی هەیە لە ئەنجامدانی کارە هونەریەکانیدا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان