چیرۆک

خەونی فرمێسک و ژیان

12:48 - 2024-11-28
ئەدەب و هونەر
61 جار خوێندراوەتەوە


دێرین جەمال


ئاشتی لە خەونیدا منداڵێکی ساوای بینی بەرەو رووی دەهات، لەلای وەک موعجیزە وابوو، چۆن منداڵی ساوا دەتوانێت بە پێیەکانی خۆی بڕوات، منداڵە ساواکە بە دەستەکانی دوو چڵ گوڵی هەڵگرتبوو، گەیشتە لای و گوڵەکانی بۆ ئاشتی بەرز کردوە، کاتێک گوڵەکانی لێوەرگرت، چڵێک لە گوڵەکان هەڵوەرییە سەر زەوی، چڵە گوڵەکەی تر گەش و جوان بوو، بۆنی کرد، بۆنی سەرەتای بە هاری لێدەهات. بە وێنەی گۆچان چەمییەوە و منداڵەکەی لە ئامێز بگرێت، دەستەکانی بۆ منداڵەکە درێژکرد، ئەو بە قاچە بچکۆلەکانی بە خێرایی رایکرد و بەجێیهێشت،ئەمیش رایکرد بە دوایدا، زۆر هەوڵیدا نەیتوانی بگاتەوە بە منداڵەکە، لەچاوانی ونبوو. لە زەنگی کاتژمێرەکەی بەخەبەر هات، تەماشای لای راستی خۆی کرد، ئازادی هاوسەری پڕخەی خەوی دەهات ، دەتوت شەمەندە فەرێکە و لەکاتی رۆیشتندایە ، بەهێواشی لە ناو پێخەفەکەی هاتەدەرێ و بەرەو چێشتخانەکە ڕۆیشت، نانی بەیانئی ئامادەکرد، بانگی ئازادی هاوسەری کرد، نان ئامادەیە. دوای ژەمەخواردنی بەیانیی، ئاشتیی پۆشاکی کارەکەی پۆشی، لەسەرکورسییەک بەرامبەر ئاوێنەی ژوورەکەی دانیشت، سەیری رووخساری خۆی کرد، ئارایشتەکانی بەدەستیەوە گرت تا ئارایشت بکات، لەو ساتەدا خەونەکەی هاتەوە بیر، ئارایشتەکەی نەکرد، داوای لە ئازادی هاوسەری کرد بەئۆتۆمبێلەکەی بیبات بۆ سەر کارەکەی.
لەسەرکورسیەک بەماتیی دانیشتبوو، بیری لەو خەونە دەکردەوە کە بینی بووی، وەک مۆتەکە دەروونی گرتبوو، جار جارەش هاوارێک یان پێکەنینێک دەروونی زیاتر ماندوو دەکرد. لەناو ئەو دەنگانەدا جیڕەی  دەرگای ژوورەکە رایچڵەکاند، کاتێک دەرگاکە کرایەوە بینی یەکێک لە هاوکارەکانی کە هاوڕێیەتی، دەستی منداڵێکی گرتووە، بەیانیت باشی لێکرد، بە روویەکی بێزارەوە  پێی ووت: ئەمڕۆ ئەم منداڵەیان بۆ ژوورەکەی من هێناوە، منداڵێکی بێزار کەرە و هەردەگری، بۆم ژیر ناکرێتەوە. هێشتا هاوڕێکەی قسەکانی تەواو نەکردبوو، منداڵەکە دەستی بەردا و رایکرد بەرەو رووی ئاشتی، هاوڕێکەی پێی وت: با لای تۆ بێت  من لێی بێزاربووم، پێدەچێت لای تۆی پێ خۆش بێت. منداڵەکەی لای ئاشتی داناو رۆیشت، منداڵەکە لە خۆشیدا توند باوەشی بە ئاشتیدا کرد، وەک بڵێیت زۆر دەمێکە چاوەڕێی ئەو ئامێزەیە تا هەناسەی لەگەڵدا تێکەڵ بکات. ئاشتی بەسۆزێکی دایکانەوە لە ئامێزی گرت، دەستی بە سەریدا هێنا، کەوتە پرسیار کردن لە منداڵەکە.
-بە ماتیەکەوە لێی پرسی: کچە جوانەکە ناوت چیە؟
- ناوم فرمێسکە
- ئەی باوکت ناوی چییە؟
- سەردار
- ئەی دایکت ناوی چییە؟
- ناوی چرۆیە، بەڵام باوکم خۆشدەوێت، دایکم خۆشناوێت، زۆر ئازارم دەدات، زۆر توندو تیژە لەگەڵما؟!
ئاشتی بە بینی ئەم منداڵە خەونەکەی لەبیر چووەوە، خۆی منداڵی نەبوو، منداڵی زۆر خۆشدەویست، بەم وتانەی فرمێسک زۆر دڵگران بوو، پێی وت: تۆ کیژێکی جوان و ژیریت، نابێت دایکت خۆشنەوێت، ئەو هەرچیەکت پێ بڵێت بۆ باشیی تۆ دەیڵێت، دایکەکان هەمیشە باشترینیان بۆ ڕۆڵەکانیان دەوێت. لەم ساتەوە  منیش لێرە وەک دایکێک دەبم بۆت، چیت ویست بە من بڵێ، هەرکەسێک ئازاریدایت بۆم باس بکە، نابێت بە هیچ جۆرێک شەرم لە من بکەیت؟
دەستی بە پرچەکانی فرمێسکدا هێنا و بە زەردەخەنەوە پێی وت: ئێستا بڕۆ لەگەڵ منداڵەکاندا ساتێکی خۆش بەسەربەرە و یاریی بکە.
هەر لەو ساتەوە ئاشتی سۆزێکی زیاتر لە مندڵەکانی تری باخچە بە فرمێسک دەدا، شەوانە لەگەڵ ئازادی هاوسەریدا دادەنیشت و باسی فرمێسکی بۆ دەکرد، چەند لای شیرینە، رۆژانە چۆن کاتەکانی لەگەڵدا دەباتەسەر .
شەوێکی ساردبوو، رەشەبایەکی بە هێزبوو، جەنگی لەگەڵ درەخت و دەرگا و پەنجەرەی ماڵاندا دەکرد. ئاشتی لەبەردەم زۆپاکە دانیشتبوو، سەری شۆڕکردبۆوە بۆ زەوی. چەناگەی لەسەر دەستەکانی راگرتبوو، برۆکانی گرژ کردبوو،  بێزاریی لە رووخساریدا دیاربوو، گیزەی کتریەکیش لەسەر زۆپاکە زیاتر بێزاری دەکرد، بە توڕەییەوە کترییەکەی لەسەر زۆپاکە داگرت، وەک بڵێیت جەنگاوەرێکە لەشەڕدا دەجەنگێت! ئازادی هاوسەری بەهەر شێوازێک بیدواندایە ئەو زیاتر توڕە دەبوو، دیمەن و رەفتارەکانی ئازادی توڕە دەکرد، ئارامیی لەدەستدا و خۆی پێ رانەگیرا، پڕ بە ژوورەکە هاواری کرد: تۆ دەزانیت هاوژینت هەیە ؟! ئەم هەموو بێزاریی و ماتییە چییە؟!
ئاشتی بەبێزارییەوە وەڵامی دایەوە: تۆ بۆ لە من تووڕە دەبیت، من زۆر ماندووم، تۆ خۆت باش لەوە تێدەگەیت چەند ئازار دەکێشم، چەند هەوڵماندا چەندین پزیشکمان کرد تا منداڵێکمان ببێت، لەکۆتایدا بەتۆیان وت توانای مندڵ دروستکردنت نییە!  راستە تۆ هاوژینێکی زۆر باشیت بۆم، بەڵام منداڵیش نیوەی ژیانە، هەمیشە بیرم لای  ئەو کۆرپەیەمە کە لێیان سەندم، گەر باوکی ئەو منداڵە کەمێک باش بوایە لەگەڵم ، هەرگیز داوای جیابوونەوەم نەدەکرد لێی، لەپاش پێنج ساڵ من هەر لەبیری کۆرپەکەمدام، تاکە کەس کە جێی ئەوی لەناخمدا گرتبوو فرمێسک بوو، بە بینی خەمەکانم دەڕەوینەوە، ئەمڕۆ کە چووم بۆ باخچە لەوێ نەبوو، پێیان وتم نایەتەوە، خێزانەکەی لەو باخچەیە دووریان خستەوە. منیش دەمەوێت ئەو باخچەیە بەجێبهێڵم، چیتر دادەی باخچە نابم، یادگارییەکانی فرمێسک ئازارم دەدەن. ئەو شەوە شەوێک بوو لە شەوگارە تاڵەکانی ئاشتی، بڕیاریدا شوێنی کارەکەی بگۆڕێت.
پاش تێپەڕبوونی دە ساڵ، ئاشتی - م لە نەخۆشخانەی منداڵبوون بینی، لەبەردەم هۆڵی منداڵبووندا مێز و کورسییەک دانرابوو، ئاشتی لەسەر کورسیەکە دانیشتبوو، دەفتەرێک و کۆمەڵێک فایل لەبەردەمیدا دانرابوون، لەوە تێگەیشتم هەر خاتوونێک منداڵی ببێت، دەبێت ئەو پێش مناڵبوون ناو نووسی بکات. چوومە لای و سڵاوم لێکرد، لێم پرسیی چۆنە لەو شوێنە کار دەکات؟ بە چاوێکی پڕ لە خەمەوە سەیری کردم و پێی وتم: ئەی تۆ نازانیت هەر لەم شوێنە کورپەکەیان لێسەندم، ئەو کۆرپانەی لێرە لە دایک دەبن بە کۆرپەی خۆمیان دەزانم، پێش هەرکەسێک دەیاننێم بەسنگمەوە، تێر بۆنیان  پێوە دەکەم، کەمێک ناخم ئاسود دەکەم ؟!
لەو کاتەدا دەنگی گریانی کۆرپەیەکی تازە لەدایکبوو هاتە بەر گوێمان، لەسەر کورسییەکەی هەستایە سەر پێ و وتی: ئەوە کۆرپەیەکی ترم لەدایکبوو، پێش دایکی تێر بۆنی دەکەم، بەزەردەخەنەیەکەوە بەجێی هێشتم، منیش لەشوێنەکەی ئاشتی دانیشتم. کیژێکی تازە پێگەیشتوو هاتە بەردەمم، داوی لێکردم ناونووسی بکەم، بچێتە ژوورەوە و منداڵی ببێت، بانگی ئاشتیم کرد، ئەو لەخوشیی ئەو کورپە تازە لەدایکبووە نەهات،داوای لە من کرد  ناونوسی بکەم، بە ناچاریی خۆم فایلەکەم بۆ پڕ کردەوە و ناردمە ژووری منداڵ بوون. کاتێک ئاشتی هاتە سەر کوسییەکەی دانیشت دەنگی هاوار و گریانێک دەهاتە بەر گوێی: دایکە گیان تو خوا مردم ، خوایە گیان مردم. کاتێک گوێبیستی ئەمانە بوو، ناخی هەژاند خۆی پێ نەگیرا و  رۆیشتە لای، دیقەتیدا کیژێک بەو ئازارە زۆرەوەیە، هیچ کەسێکیشی لە گەڵدا نییە، لێی پرسی: کچی خۆم کێت لەگەڵدایە؟ کیژەکە لەبەر ئازار وەڵامی بۆ نەدرایە و هەر ئەمە وای کرد ئاشتی بەخێرایی خۆی بگەیەنێتە لای پزیشکەکان تابچن بە هانایەوە، ئەوان لەوەڵامدا پێیانوت: کیژەکە خۆی ترسنۆکە، یەکەم جارییەتی منداڵی دەبێت، بۆیە وا دەکات، ئەوەندەش نابێت هاتۆتە هۆڵی مناڵبوون وا بەزوویی منداڵی نابێت. ئاشتی هێز لە ئەژنۆکانیدا نەمابوو، حەزی نەدەکرد بەجێی بهێڵێت، دەستەکانی بەجۆرێک دەلەرزین ناونووسینی نەخۆشەکانی بۆ نەدەکرا، وەک بڵێیت زەمین لەرزەیە، دیسان خوی پێڕانەگیرا رۆیشتەوە بۆ لای کیژەکە، وەک ئەوەی هێزێک دەستی راکێشێت بۆ لای ئەو فایلەی کە ناونووسی کیژەکەی لەسەرکرابوو، فایلەکە کەوتە سەر زەوییەکە، کاتێک ئاشتی هەڵیگرتەوە و سەرنجی ناوەکەیدا  نووسرابوو، فرمێسک سەردار؟!
لەو ساتەدا وەک لە خەونێکی قوڵ رایچڵەکێنن شتێک هاتەوە بەبیریدا، تووند باوەشی بەکیژەکەدا کرد، فرمێسک گیان تۆ ئەو فرمێسکەیت پێش دە ساڵ لە باخچە لای من بوویت؟! بەڵام فرمێسک وەڵامی نەبوو لە هۆش خۆی چووبوو! هاواری لە پزیشکەکان کرد تا بێن بە هانایەوە. پاش هەوڵدانێکی زۆر پزیشکەکان تەنیا توانیان کورپەکەی رزکار بکەن، فرمێسکیش وەک فریشتە  ئاسا رۆحی فڕی بۆ لای یەزدان. پزیشکەکان داویان لە ئاشتی کرد بچێتە دەرەوەی نەخۆشخانە بپرسێت کێ لەگەڵ فرمێسکدایە، ئاشتی بەجلو بەرگی نەخۆشخانەوە رۆیشە دەرەوەی نەخۆشخانەکە، لەبەر دەمی نەخۆشخانەکەدا لاوێک وەستابوو، کاتێک ئاشتیی بینی هات بەرەو رووی و لێی پرسی:
-دادە تۆ لە چ بەشێکیت؟
- لەهۆڵی منداڵبوون
- هاوژینەکەم لە هۆڵی منداڵبوونە، هەواڵی نازانم دەبێت منداڵی بوبێت؟
- هاووژینەکەت ناوی چییە؟
- فرمێسک سەردار
- کاتێک ئاشتی زانی ئەو لاوە هاوسەری فرمێسکە، گەرووی وشکبوو نەیدەزانی چۆن ئە هەواڵە ناخۆشەی پێبدات، لێی پرسی: هیچ کەسێکت لەگەڵدایە؟
- بەڵێ، باوکی هاوژینەکەم لەگەڵدایە، پێویست دەکات بانگی بکەم، ئەو پشتی لێمانە؟
کاتێک لاوەکە بانگی کرد ئاوڕی دایەوە، ئاشتی رووخساری بینی بە وێنەی شێت پەلاماریدا، تووند بەرۆکی گرت  و قیژاندی کچەکەم....کچەکەم رۆیشت، کچەکەم مرد! زۆر هەوڵمدا دەفتەری ڕابردووم دابخەم، نەمزانی کۆتا پەڕەی دەفتەرەکە بە مردنی فرمێسک دادەخرێت، خودایە بۆ دەبێت قەدەری من بەمشێوەیە بێت، ئەو زۆر لێم نزیکبوو بەڵام نەمدەبینی، ئەو تووخساری لەبەر چامدابوو، من لەخەیاڵمدا بۆ شێوەی ئەو دەگەڕام، پانزە ساڵە بەحەسرەتی بینینەوەی کچەکەم بووم، خودایە تۆ زۆر دادپەروریت، بەڵام کینە و رقی مرۆڤەکان جوانیی ژیان دەشێوێنن، ئای من بەرگە ناگرم ..چۆن بڕوا بکەم کچەکەم بێ ماڵئاوایی بەجێی هێشتم؟
ئەم دیمەنەی ئاشتی بۆ ئەو کەسانەی لەوێدا بوون ئازار بەخش بوو، مرۆڤ نەیدەتوانی بە سانایی  سەیری بکات، هەریەک بەجۆرێک دڵنەوایان دەدا، تاکەمێک لە ئازارەکەی کەم بکەنەوە . ئاشتی بەوێنەی باڵندەیەک کە بۆ یەکەم جار لەشەقەی باڵ دەدات، نازانێ بەرەو کوێ دەفڕێت، رایکرد بۆناو نەخۆشخانەکە، بەهاوار و گریانەوە چووە بەردەم  پزیشکەکان، پێی وتن ئەوان هۆکار بوون بۆ مردنی کچەکەی، گەر زووتر بهاتنایە بە دەنگ داواکارییەکەیەوە، بەو شێوەیە کیژەکەی جێی نەدەهێشت ! یەکێک لە پزیشکەکان هاتە بەر دەمی ئاشتی، هۆکاری گیان لەدەستدانی کیژەکەی بۆ روون کردەوە، تاکە هۆکاری گیان لەدەستدانی کیژەکەی کەمیی تەمەنی بووە، بەرگەی ئەو ئازارەی نەگرتووە، ئەوەی لە توانای ئەواندا بووبێت  بۆیان ئەنجامداوە، دوای هەوڵدانێکی زۆر تەنها توانیویانە کۆرپەکەی  رزگار بکەن! لەو کاتەدا سەردار و هاوژینەکەی فرمێسک بە گریانەوە خۆیان کرد بە ژووری پزیشکەکەدا، ئاشتی رووی کردە سەرداری کۆنە هاوسەری و هاواری کرد،خەڵکینە ئەم فرمێسکەی کە مرد کچی منە، کاتێک لەدایک بوو ئەم باوکەی هێندە زاڵم بوو  نەیهێشت بینێم بەسنگمەوە و بۆنی بکەم، لێی سەندم و بردی بۆ لای خۆی، منیش ئێستا کورپەکەی فرمێسک لەگەڵ خۆم دەبەم، تازە فرمێسک رۆیشت بەڵام کچەکەی ناودەنێم ژیان.

بابەتە پەیوەندیدارەکان