نەشمیل عەلی بەرزنجی
جەنیوەری بێت یان نۆڤەمبەر
هەر دەبێت من قاپەکان بشۆم
مناڵەکان ئامادە بکەم
خاولییە تەڕەکان کۆبکەمەوە.
ڕقم لە بۆچیە
بۆچی من وەک ژنانی تر نیم؟
بۆچی قژت سور ناکەی، مۆدە
بۆچی زۆر دەبۆڵێنیت؟
کێ بوو وتی ؟
بیرم نایەت...
تەنانەت ئەم قسانەش کە شعرن شەڕێک هەڵدەگیرسێنن.
من زمانی شعریشم تیژە و توندە
ئەم دە رۆژە دەتوانم من قاپەکان نەشۆم؟
بۆم هەیە سەوزەی سەلاجەکە چاک نەکەم فڕێی بدەم؟
بۆم هەیە قاوەیەک بخۆم و کەسێک هاوار نەکا دایکە راکە وەرە زوو؟
بۆم هەیە ئەم دە رۆژە کەی ویستم بخەوم، کەی ویستم هەستم؟
بۆم هەیە ئەم قسانە بکەم؟
رقم لە وشەی هەروایەیە!
هەر وایە رۆڵە گیان هەموو ژنێک هەر وایە
هەر وایە پیاو هەر وایە
هەر وایە ئیشی تۆیە ئەوانە.
تەنانەت ئەم پاڕانەوەیەش
هیچ لە رۆژەکانی ساڵی ئێمە ناگۆڕێت
گفتوگۆکە بەردەوامە،
تۆ زۆر دەبۆڵێنیت.
من ؟ تکا دەکەم دەپاڕێمەوە.
تۆ زۆر توندوتیژیت شەڕانیت،
من ؟ دەپاڕێمەوە دەلاڵێمەوە.
تۆ لە هیچ تێناگەیت
من، بێدەنگ دەبم.
تۆ بۆ ژنیت؟
من، بێدەنگ دەبم، دڵم دەشکێت
نا توانم بەرەنگاری توندوتیژیی ببمەوە
با بچم بەلای ئیشمەوە
نۆڤەمبەرە و ئیشی ساڵێکم هەیە.