قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم لە هەولێر لەگەڵ جەلال شێخ ناجی، سەرۆکی ئاژانسی پاراستن و زانیاری / زانیاری ، هیوا ئەحمەد سەرۆکی دەزگای ئاسایشی هەرێم کۆبۆوە.
لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە گرنگی پەیوەندی و هەماهەنگی بەردەوامی نێوان دەزگا هەوڵگری، ئەمنی و سەربازییەکان و یەکخستنی هەوڵەکانیان کرایەوە لەپێناوی پاراستنی ئاسایش و ئارامی هەرێم.
سەرۆکی ئاژانسی پاراستن و زانیاری / زانیاری و سەرۆکی دەزگای ئاسایشی هەرێم لەبارەی ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانیان لەم قۆناغەدا روونکردنەوەی وردیان پێشکەش بە جێگری سەرۆک وەزیران کرد.
لە بەرامبەردا قوباد تاڵەبانی سوپاسی بێپایانی ئاڕاستە سەرۆک و ئەفسەران و کارمەندانی ئاژانسی پاراستن و زانیاری / زانیاری و دەزگای ئاسایشی هەرێمی کرد لەپای رۆڵ و ماندووبوون و قوربانیدان شەونخونیان بۆ شکستپێھێنانی پیلانی تیرۆرستان و دەستەبەرکردنی ئارامیی و رایگەیاند لە بەرامبەر ئاسایشی هەرێمەکەمان و پاراستنی سەروماڵی خەڵک دەبێت دەزگا ئەمنییەکانمان چاوپۆشی لە سەرپێچیکاران و پێشێلکارانی قانون نەکەن و هەر تۆمەتبارێک دادگا داوای دەکات راپێچی بەردەم دەسەڵاتی دادوەری بکەن و بە توندترین شێوەش رووبەڕووی ئەوانە ببنەوە کە دەبنە هۆی تێکدانی ژیانی خەڵک.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا چەند پرسێکی تری ئەمنی گفتوگۆیان لەبارەوەکراو جەخت لە بەردەوامی هەوڵەکان و بەهێزترکردنی پەیوەندی لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکانی عیراق کرایەوە بۆ سەرخستنی باشتری پڕۆسە ئەمنی و هەواڵگرییەکان و پاراستنی سەقامگیری لە وڵاتدا.