زایەر عەبدوڵڵا: چرایەكی ھەمیشە داگیرساو!

07:15 - 2024-11-29
کەلتور
140 جار خوێندراوەتەوە

خەلیل عەبدوڵڵا

زایەر عەبدوڵڵا هونەرمەندێكی ناوداری كوردستانە، لەبوارەكانی (شانۆ، دراما، سینەما، نووسین، وەرگێڕان‌ و میدیا) خزمەتی كردووە، شوێن پەنجەی ڕەنگینی بەو بوارانەوە دیارە.
ساڵی 1958 لە گەڕەكی تەیراوەی شاری هەولێر لەدایكبووە. باوكی لە خۆشەویستی هاوڕێیەكی، بەناوی ئەوەوە، ناوینا (زاهیر)، لەسەر داوای (مەحموود زامدار)ی نووسەر‌و ئەدیب، وەك زاهیر خۆی باسی دەكات ناوەكەی  لەزاهیرەوە كرد بە (زایەر).
قۆناغەكانی خوێندنی سەرەتایی‌ و ناوەندی‌ و ئامادەیی پیشەسازی لە شاری هەولێر تەواو كردووە.
زایەر عەبدوڵڵا، هونەرمەندێكی كوردپەروەر‌ و بەهەڵوێست بووە، ساڵی 1974 لەگەڵ باوكی بەشداری شۆڕشی ئەیلولی كردووە. ساڵی 1979 كە خوێندكاری ئامادەیی پیشەسازی بوو، پەیوەندی بە ڕێكخستنە نهێنییەكانی كۆمەڵەی ڕەنجدەرانی كوردستانەوە كرد‌ و بەناوی نهێنی (هێور) چووە كۆڕی تێكۆشانەوە، رۆڵی دیاری لە خەباتی ژێرزەمینی لە شاری هەولێر هەبوو، بەهۆی  چالاكی‌ و هەڵسوڕانی سیاسییەوە، بووە جێگەی سەرنجی دەزگا ئەمنییەكانی حزبی بەعس، لە رۆژی 27ی تشرینی یەكەمی 1981 لەگەڵ سیروان عوسمانی هاوڕێی لە ئامادەیی پیشەسازی لە لایەن مەنزومەی شیمالییەوە دەستگیر كران.
لە زیندانی هەولێری مەنزومە‌ و هەیئەی كەركووك، ئازاری جەستەیی‌ و دەروونی زۆر درا، بەڵام ئەو خۆڕاگر بوو، هیچ نهێنییەكی نەدركاند، سەربەرزانە ئازاد كرا.
دوای ئازادبوونی دەزگا ئەمنییەكان چاودێرییان دەكرد، بۆ شوێنەونی ‌و خۆبزركردن، لەگەڵ خانەوادەكەی لە شاری ھەولێر دوور كەوتنەوە‌و چوونە گوندی (سماقوڵی گرتك)‌ و ماوەیەكی زۆر لەوێ‌ مانەوە.
زایەر، هەر لە منداڵییەوە خولیای شانۆ بوو، بەدوای ئەو هونەرەدا وێڵ بوو، ساڵی 1972، كە خوێندكاری دووی ناوەندی بوو، ئەو خەونەی هاتەدی‌ و بۆ یەكەمجار خۆی لەسەر تەختەی شانۆ بینی‌و بەشداری شانۆگەری (ئەنجامی پولپەرستی) لە دەرهێنانی هونەرمەند ( سەباح عەبدولڕەحمان) كرد، رۆڵی حاجی پولپەرستی بەجوانترین شێوە بینی‌ و بووە جێی سەرنجی بینەرانی شانۆگەرییەكە.
ساڵی 1980 بەشداری لە درامای ( هەبوو نەبوو) كرد، لەم  درامایەدا رۆڵی (هۆمەرە گەدەی چاوچنۆك)ی بینی، رۆڵەكەی هێندە جوان بوو، زایەری بە هەموو كوردستان ناساند، بەهۆی ئەو ڕۆڵەوە تا ئێستا بە (هۆمەرە گەدە) دەیناسن‌ و بانگی دەكەن.
درامای (كەوەكانی قەرەچووخ) كە ساڵی 1993 بۆ كەناڵی هەولێری تەلەفزیۆنی گەلی كوردستان تۆماری كرد، یەكێكە لەو درامایانەی توانا‌ و سەلیقەی بەزری هونەری زایەر عەبدوڵڵای نیشان دا‌و پێشوازییەكی گەرمی میللی لێكرا.
زایەر عەبدوڵڵا، بەشداری دەیان شانۆگەری‌ و درامای دیكەی كردووە، لەوانە (شەوچرا، ماڵی نوێ‌، محەمەد‌ و سێوێ‌، سوورمەخان، خانەدان، گوڵی نهێنی، قەڵای دمدم، زولێخا، مالەی سەرگردەكە، خۆتان بگرن هات، مەڕانە، ئاسكە، گەڕەكەكەمان، كەونە دەركە، خاتوو كڵاو زەڕ‌و چەندین بەرهەمی تر).
زایەر، خولیای چیرۆك نووسینی هەبوو، یەكەم چیرۆكی بەناوی( وڕینە) لە ڕۆژنامەی ( هاوكاری) بڵاو كردۆتەوە، كۆی چیرۆكەكانی بەناوی (خەرەند) لە ساڵی 1990 چاپ‌و بڵاوكردۆتەوە.
لە نووسینی شانۆشدا، شارەزا بووە، چەندین شانۆگەری نووسیوە، لەوانە: (محەمەد‌ و سێوێ‌، هاوارێك لە حاجی قادری كۆییەوە).
شارەزای بواری وەرگێڕانیش بووە، چەندین شانۆگەری بەكوردییەكی پاراو وەرگێڕاوە، لەوانە: (كۆنە دەركە، پەپوولە رەنگاوڕەنگەكان).
لە بواری دەرهێنانی سینەمایی، شوێن پەنجەی دیارە، فیلمی سینەمایی (بێوار) لە ئامادەكردن‌ و دەرهێنانی ئەوە.
شوێنێكی دیاری هەیە لە بەرنامە رەخنەیی‌ و تەنزئامێزەكانی تەلەفزیۆنەكان، لەوانە( بەرنامەی زووم زووم لە كەناڵی هەولێری تەلەفزیۆنی گەلی كوردستان، (بەرنامەی بەرنامە)ی تەلەفزیۆنی خاك‌ و كەناڵی كوردسات، بەرنامەی (مقۆمقۆ)ی تەلەفزیۆنی سپێدە).
وەك پەیامنیری رۆژنامەی (كوردستانی نوێ‌) خزمەتی كردووە، چەندین بابەت‌ و ریپۆرتاجی جوانی لەو ڕۆژنامەیەدا بڵاوكردۆتەوە.
زایەر عەبدوڵڵا، لە ناو رێكخراوە پیشەییەكانی وەك: (سەندیكای هونەرمەندانی کوردستان و یەكێتیی نووسەرانی كورد)، خزمەتی كردووە‌ و ڕۆڵی دیاری لەو دوو رێكخراوەدا ھەبووە.
زایەر عەبدوڵڵا، نزیکەی نیو سەدەیە لە كایەكانی هونەردا خزمەت دەكات، خاوەنی خەرمانێك بەرهەمی هونەری‌و ئەدەبی‌و میدیایی ‌و رۆژنامەگەرییە، ئەوەش سەرمایەیەكی دەوڵەمەندی مەعنەوییە، لە لاپەڕە زێرینەكانی مێژوودا بەشانازییەوە بۆ ئەو و هەولێر‌ و كوردستان تۆمار دەكرێن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان