لە چەند ساڵی رابردوودا جۆرێک لە دابڕان و دڕدۆنگیی لە نێوان بەشێک لە لایەنە عیراقییەکان لە مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان و خواستی پەنهانی بەشێکی تر لە لایەنەکان لە رەتکردنەوەی دۆخی تەوافوق و شەراکەتی راستەقینە لەگەڵ هەرێمدا وەک ئەوەی لە دەستوور و عورفی سیاسیی دوای 2003 وە کاری پێ دەکرا، خەریک بوو رۆڵی یەکێتی لە هاوکێشە سیاسییەکاندا کاڵ دەکردەوە.
رۆڵی یەکێتی لە دوای 2003 وە بۆ پێکهێنانی سیستمێکی دیموکراتیی ئیئتیلافیی فیدراڵی لەسەر بنەمای تەوافوقی سیاسیی سێ پێکهاتە سەرەکییەکە هەتا ساڵەکانی نەخۆشکەوتنی سەرۆک مام جەلال و بە فیعلی دوورکەوتنەوەی لە کایەی سیاسیی و دواتریش کۆچی دوایی (2012 - 2017) شایەتی ئەو رۆڵە میحوەرییە بووە کە یەکێتی بە سەرۆکایەتی سەرۆک مام جەلال گێڕاوێتی لە بنیاتنانەوەی عیراقدا لەسەر ئەو بنەمایەی مادام هەر دەبێت گەلی کوردستان بەشێک بێت لە گەلی عیراق لە چوارچێوەی ئەو دەوڵەتەدا، ئەوا دەبێت کوردیش بەشێک بێت لە دروستکردنی بڕیاری سیاسی و نەخشی لەو وڵاتەدا دیاربێت کە ئەوەش بە سیستمی زۆرینە و کەمینە نایەتەدی و پێویستی بە تەوافوقی سیاسییە.
لە نزیکەی دوو ساڵی رابردوودا و لەدوای بەستنی چوارەمین کۆنگرەی یەکێتییەوە، جارێکی تر هەوڵەکانی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی لەگەڵ حزب و لایەنە عیراقییەکاندا لە ماڵی مام چ لە دەباشان و چ لە بەغدا ئەوەی بۆ هەموولایەک دووپاتکردەوە چەمکی تەوافوق و شەراکەتی راستەقینە کە سەرۆک مام جەلال رۆڵی لە چەسپاندنیدا هەبووە لەبەغدا، زادەی دیدو تێڕوانینی خودی مام و ی.ن.ک بووە لە ئەزموونی حکومڕانیدا و یەکێتی وەک مەبدەئی سیاسی بڕوای تەواوی پێی هەیە، هەربۆیە لەدوای خۆ مشتوماڵکردنەوەی دوای کۆنگرەوە، یەکێتی بە گەڕانەوە بۆ پرەنسیپە حزبییەکانی خۆی و وەک میراتگری تێز و تێڕوانینەکانی سەرۆک مام جەلال، لە دوای هەڵبژاردنی 10/10/2021 -ەوە پێداگریی خۆی لەسەر ئەو چەمکە دووپاتکردەوە و دواجار زۆربەی لایەنە سیاسییەکان هەم بوونە پشتیوانی ئەو تێز و تێڕوانینە و هەم هاتنە سەر ئەو بڕوایەی دووبارە لە ماڵی مام-ەوە دەستبکرێتەوە بە رۆیشتن بەهەمان رێگە و رێبازدا و هەر ئەوەش زامنی مانەوە و گەشەکردنی عیراقە، نەک زاڵکردنی تێزێک کە هێشتا مافی هاووڵاتیبوونیش تێیدا ونە، نەک مافی پێکهاتەکان.