عەلی زەنگەنە یەكێكە لە گۆرانیبێژە دێرینەكانی كەركوك كە زیاتر لە 50 ساڵە خزمەتی هونەری رەسەنی كوردی دەكات و تا هەنووكەش بەردەوامە. یەكەم بەرهەمیشی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1973 لە درامای (مەرەزە) لە دەرهێنانی سەلمان فایق، كە رۆڵی گۆرانی بێژی ئاغای بینی، دواتر چووەتە خانەی مامۆستایانی سلێمانی.
هونەرمەند عەلی زەنگەنە بە دوالاپەڕەی وت: یەكەم بەرهەمی گۆرانیم بە ناوی (بەرزی باڵاكەت) لە ساڵی 1978 تۆمار كردووە، دواتر لە ساڵی 1988 گۆرانییەكی ترم بە ناوی (عەشقی ئێمە) تۆمار كرد، گۆرانی (نازە نازە) م لە ساڵی 1989 تۆمار كرد. لە ساڵانی نەوەدەكاندا چەندین گۆرانی وەك(هاللە هاللە، نەگۆڕاوم، منی شاعیر، هۆ دایە گیان) تۆماركردووە و هاوكاتیش چەند كلیپێكم پێشكەش كردووە.
وتی: لە رابردوودا هەر كلیپێك كە دەرچوو، شاعیر و ئاوازدانەر و دابەشكەری مۆسیقا و گۆرانیبێژ خەڵات دەكران، ئێستا وا نییە، گۆرانیبێژ دەبێت پارەیەكی زۆر خەرج بكات بۆ بەرهەمەكەی و دواتریش كە دەیبات بۆ كەناڵەكان دەبێت رەزامەندی ئەوان وەربگرێت و هەندێكجار دەبێت واسیتەش پەیدا بكات تا بەرهەمەكەی بۆ بڵاوبكرێتەوە.
سەبارەت بە دۆخی هونەر وتی: جاران مۆسیقا و گۆرانی پێشكەوتووتر بوو، بەڵام ئێستا بە داخەوە گۆرانی كوردی دوورە لە رەسەنایەتی و تێكەڵی ئاوازی توركی و یۆنانی و رۆمانی كراوە، بەڵام هاوكات هەندێك لە هونەرمەندە لاوە دەنگخۆشەكان لایان نەداوە لە گۆرانی رەسەن و مۆركی كوردییان پێوە دیارە.
هونەرمەند عەلی زەنگەنە وتیشی: هیوادارم مۆسیقای كوردی هەر مۆركی كوردی پێوە بێت لەگەڵ ئەم پێشكەوتنەی ئێستا لە بواری مۆسیقادا هەیە، لە كۆندا هونەرمەندانی وەك حەسەن زیرەك و محەمەدی ماملێ پەنا بۆ ئاوازی توركی بردووە، بەڵام وایان كورداندووە كە مۆركی كوردی پێوە دیارە.
كەركوك – رزگار شوانی