ئا: نەسرین كوردە
ژنانی گومناوی کاروانی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان لێرەدا باسی خەباتی ژنی تێکۆشەری ماندونەناس و دڵسۆزی گەل و نیشتمان و کوردستان دەکەین کە هاوکاری باوک و هاوسەر و براو کوڕیان بوون وەک تەتەری ناو شاخ و شار خۆڕاگری و خەباتی خۆیان دەگێڕنەوە.
ژنێکی شۆڕشگێڕی دیکە ناوی عەتیە رەحمان عەبدولقادر-ە و بە دادە عەتیە ناسراوە ساڵی 1975 پەیوەندی بە ریزەکانی رێکخستنەوە کردووە، ئەو ژنە دەڵێت: ساڵی 1938 لە شاری هەڵەبجەی شەهید لە دایك بووم لە ساڵی 1953 لەگەڵ ( فەتاح مەعروف كەریم ) خێزانمان پێکهێناوە، هاوسەرەكەم لە رێكخستنی حزبی شیوعی بوو منیش لە ساڵی ( 1958 ) وە كارم لە گەڵیان کردووە .
پەیوەندیکردن بە رێکخستنەکانەوە
لە دوای نسكۆی ( 1975 ) لە رێگەی شەهید وەستا ئەنوەری برام و كاك شێخ عەلی برام لە شۆڕشی نوێی گەلەكەماندا كارم كردووە.
لەناو رێكخستنەكانی حزبی شیوعی لەگەڵ چەندین ژن و كچانی هاوتەمەنی خۆم هاوخەباتی ژنە شۆڕشگێرەكانی ناو هەڵەبجە بووین لەوانە ( صەفیە خانی كچی حسێنی نانەوا ، ناهی خانی كچی نوری قەساب، ئافتاو خانی كچی فەرەج سلێمانی، ناهی خانی كچی عەول محەمەد هەورامی ، خاتوو ئەجێ ی شێخ حسێن، پەروین خانی حاجی رەحیم، بەدریە ئەحمەد شیرین و چەندانی تر) لە كار و چالاكیەكانی حزبدا زۆرچالاك و هەڵسوڕاو بووین نامە و بەیاننامەو پێداویستیەكانی حزبی لەنێو ئۆرگانەكانی حزبدا ئاڵوگۆڕكردووە لە بۆنە نەتەوایەتی و یادەكانی حزبدا رۆڵم بینیوە، هەر بۆیە لەساڵی 1963 لەلایەن رژێمی بەعسەوە لەگەڵ هاوسەرو چەندین هاوخەباتی تر گیراین زیندانی كراین لە هەڵەبجە و سلێمانی بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵ و نیوێك دەستبەسەر بووین، پشتیوانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و بزوتنەوەی رزگاری خوازی گەلەكەمان بووین .
شەهیدبوونی وەستا ئەنوەر
ئەو خاتوونە باس لەوە دەکات پاش نسكۆی 1975 و دەستگیركردنی شەهید وەستا ئەنوەرو هاوڕێكانی بەردەوام بووە لە هەواڵپرسین و سۆراخ كردنیان چەندینجار تووشی لێپێچینەوەبووە تا شەهید بوونی شەهید ئەنوەر، ئەو دەڵێت: شەهید بوونی وەستا ئەنوەر كاریگەری زۆری لەسەرم هەبوو بووە هاندەرێكی گەورە بۆ بەردەوامبوونم لەكاری رێكخراوەیی لەناو ریزەكانی (ی ن ك) هاریكاری رێكخستنەكانم كردووە سەردانی مەفرەزەكان و هێزی پێشمەرگەم كردووە، پەیوەندیكردنی شەهید حەمە عەلی بە هێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە هێندەی تر خۆشەویستی و هەڵویستی نیشتمان پەروەرانەی لام دروست كرد، ساڵی 1981 حەمە عەلی شەهید دەبێ بەداخەوە پاش هێنانەوەی تەرمەكەی بەدەستی خۆم لەگەڵ كچەكانم ئەسپردەی خاكمان كرد، ئەم هەڵوێستە شۆڕشگێرانەیەی لەناو خەڵكی سلێمانی و شارەزوورو هەڵەبجە دەنگۆی زۆری هەبوو، ئەوەندەی تر رق ئەستوربووین بەرامبەر رژێمی بەعس و بەگژاچوونەوەی سیاسەتی فاشیەكان، هەر بۆیە لە گشت ئەو ناڕەزایی و خۆپێشاندانانە خۆم و منداڵەكانم رۆڵی بەرچاومان هەبووە، لە خۆپێشاندانەكانی بەهاری 1982 خۆم و (تابان)ی كچم بەسەختی برینداربووین.
برینداربوون و لێپێچینەوە
عەتیە رەحمان وتی: برینداربوون و لێپێچینەوەی توندی بەعسییەكان تۆسقالێك لە ورەی كەمنەكردینەوە تەنانەت كوڕەكانیشم هاندەدا تا لە رێكخستنەكانی ( ی ن ك ) كاربكەن هەرواش بوو هەر بۆیە لەلایەن رژێمەوە چاودێری دەكراین، بەكری كوڕم لەگەڵ چەند هاوڕێیەكی تری دەستگیركران بە (ئیعدام حوكم درا) بەڵام بەهۆی بچووكی تەمەنیەوە حوكمەكەیان بۆ كردە هەتاهەتایی (عوسمان)ی كوڕیشم هەوڵی دەستگیركردنی درا، بەڵام پەیوەندی كرد بەهێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە .
لە پاش راپەرین لەناو ریزەكانی یەكێتی و رێكخراوەكانی ژنانی كوردستان رۆڵی بەرچاوم هەبووە زۆر هەڵسوڕاو چالاك بووم لەبواری كاری ژنان دا سەرمەشقی كاروچالاكیەكانیان بووم، لەبەرەنگاربوونەوەی شەڕی ناوخۆ و بەرقەراربوونی ئاشتی رۆڵی بەرچاوم هەبووە یەكێك بووم لە ژنە تێكۆشەرو ئاشتی خوازەكان كە بە رێپێوان لە سلێمانیەوە چووینە هەولێرو ناڕەزایی خۆمان گەیاندە پەرلەمان.