سۆما قادر
ئەم خاتوونە و هاوكارەكانی بەو هەگبە زانستییەوە بەجۆرێك ئەو ئاژەڵانە دەلاوێنێتەوە وەختە بیانهێنێتە قسە
لەنێو ئەم جیهانە جەنجاڵەدا، لەنێو ئەم هەموو كێشە و بێنەوبەردەیەی ژیانی مرۆڤەكاندا، خەڵكانێك ماون بۆ ئاوڕدانەوە لە ژیانی گیاندارە بێلانەكان.
چەند ساڵێكە هەوڵی تاكە كەسی و گرووپ و هەندێكجار وەك رێكخراوێك ئەركی بە هاناوەچوونی ئەم گیاندارانەیان لە ئەستۆ گرتووە و لە شوێنێكدا كۆیان كردوونەتەوە و بەخێویان كردوون، هەندێكجار لەناو ئەم گروپانەدا پزیشكی ڤێتێرنەرییان لەگەڵدا بووە بۆ چارەسەری ئەو سەگ و پشیلانەی بە هۆكاری جیاجیا بریندار بوون.
مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو بێزمانانەدا توانا و سەبر و سۆزی دەوێت، بۆیە كەمن ئەوانەی بەشێكی ژیانی خۆیان بۆ ئەم كارە تەرخان بکەن، كەمن ئەوانەی جورئەت دەكەن لەگەڵ گیانداراندا هەڵبكەن، بۆیە زۆرجار ئەم هەوڵانە بۆ ماوەیەك هەبوون و بەردەوامییان پێنەدراوە.
چەند ساڵێكە لە شاری سلێمانی (دكتۆر بەیان عەقیل) وێڕای كارە رەسمییەكەی خۆی كە پزیشكی ڤێتێرنەرییە لە فەرمانگەی ڤێتێرنەری بازیان، لە پاش دەوام و لە رۆژە پشووەکان و بۆنەكاندا لە پرۆژەی (نۆرینگە و هۆتێلی بێری) رۆڵ دەبینێت بۆ پاراستنی سەگ و پشیلەی بێلانە كە نموونەی دەگمەنە، ئەم خانمە خۆی و ستافێكی كارامە رۆژانە وێڕای چارەسەری سەگ و پشیلەی ماڵیی خەڵك و لە خۆگرتنی سەگ و پشیلەی ئەو كەسانەی بۆ گەشتی چەند رۆژە لە ماڵەكانیان دەردەچن، لە هۆتێلە تایبەتەکەیان بە ئاژەڵان دەمێننەوە.
ئەوەی جێگەی سەرنج و بایەخە دكتۆر بەیان و ستافەكەی لەم پرۆژەیەدا هەموو سەگ و پشیلەیەك كە هی خەڵك بووە و بەرەڵای شەقام و كۆڵانەكان كراون یان هەر سەگ و پشیلەیەك بە لێدانی ئۆتۆمبێل یان هەر هۆكارێكی تر ئازاریان پێگەیشتبێت و بریندار بووبن و هاووڵاتیان و رێبواران بۆیان ببەن، بەوپەڕی لە خۆبردووییەوە لێیان وەردەگرن و هەر چارەسەرێكی بوێت بۆی دەکەن، ڤیدیۆكانی پەیج و ئەكاونتی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی كلینیكەكەیان شاهێدی ئەم كارە بەخشندە و میهرەبانەی دكتۆر بەیان و ستافەكەی دەدەن.
لەخۆبوردویی و بگرە ئازایەتی ئەم خاتوونە و هاوكارەكانی لەگەڵ شۆخ و شەنگیی ژن بوونیدا بەو هەگبە زانستییەوە بە جۆرێك ئەو ئاژەڵانە دەلاوێنێتەوە وەختە بیانهێنێتە قسە و ئازارەكانیان لەبیر دەباتەوە، ئەمەش جوانترین نموونەی ژنی سەركەوتوومان بۆ دەردەخات.
ئەم دكتۆرە سیحرێكی هێندە بەهێزی هەیە ئەوەی حەوسەڵەی بەخێوكردنی سەگ و پشیلەشی نەبێت وایلێدەكات هێندە سەگ و پشیلەی خۆشبوێت لە شەقام و گەڕەك و كۆڵانەكاندا بیانبینت بە هی خۆتیان بزانیت.
ئەمانە نیشانەی ئاستبەرزیی ئەم خاتوونە دەردەخات، بۆئەوەی كە خوێندویەتی بە زیادەوە جێبەجێی دەكات .