جەلال غەریب یەكەم یاریزانی لەشجوانی هەولێر

لەبەرئەوەی كورد بووە رێگای پێنەدراوە لە ئەمریكا بەشداریی لە پاڵەوانێتییەك بكات

12:37 - 2024-12-04
دووتوێ
67 جار خوێندراوەتەوە

ئا: رەوەست نەوزاد



كۆچكردوو جەلال غەریب عەبدوڵڵا، یەكێكە لە وەرزشوانە دێرینەكانی شاری هەولێر، لە تەمەنی لاوێتیدا لەگەڵ كاری كرێكاری حەز و ئارەزووی بۆ وەرزشی لەشجوانی دەچێت و لە ساڵانی پەنجاكانی سەدەی رابردوو دەست بەو وەرزشە دەكات.
سەرهەنگ جەلال غەریب كوڕی ئەو وەرزشەوانە دێرینەی هەولێر، باس لە ژیانی وەزرشی باوكی دەكات و بە كوردستانی نوێی راگەیاند: باوكم باڵا و لەشێكی بەرز و رێكی هەبوو، بۆیە لە ساڵانی پەنجاكان و لە تەمەنی 18ساڵی ئارەزووی ئەو یارییەی كردووە و وەرزشی لەشجوانی کردووە.
وتیشی: سەرەتا دەستپێكردنی لەشجوانی ئەو كاتە بووە كە لە شاری بەغدا لەگەڵ كاری كرێكاری، ئێواران رووی لە هۆڵەكانی وەرزشی لەشجوانی كردووە، دواتر بەهۆی رێكی لەشولاری پەیوەندیی بە هۆڵەكانی لەشجوانی دەكات و رۆژانە دوای تەواوبوونی كارەكەی یاری كردووە، لەگەڵ بەردەوامی لە مەشقەكانی توانیویەتی لەشێكی جوان بۆ خۆی دروستبکات، بۆیە لەكاتی بەشداریكردنی لە پاڵەوانێتیی لەشجوانی لەبەغدا، پلەی یەكەمی لە ئاستی ناوچەی باكووری عیراق بەدەستهێناوە.
باسی لەوەشكرد: دوای ئەوەی باوكم دەبێتە یاریزانێكی بەناوبانگی لەشجوانی، لەشاری بەغدا لەیانەی(مەهداوی) لەو وەرزشە بەردەوام دەبێت، هەربەهۆی لێهاتوویی لەگەڵ سێ وەرزشەوانی تری عیراق، بۆ بەشداریكردنی پاڵەوانێتیەك لە ئەمریكا دەستنیشان دەكرێن، بەڵام لەبەرئەوەی زانیویانە كوردە، لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئەو كاتەی عیراق رێگای پێنادەن بەشداری لەو پاڵەوانیەتییە بكات.

گەڕانەوەی باوکم بۆ هەولێر، دەبێتە سەرەتایەك بۆ كردنەوەی هۆڵی لەشجوانی لە شارەكە و دەركەوتنی ئەو جۆرە وەرزشە

ئاماژەی بەوەشكرد: هەر بەهۆی ئەو رێگرییەی لە باوكم كرا، بەغدا جێدەهێڵێت و لە ساڵی 1964 دەگەڕێتەوە شاری هەولێر. گەڕانەوەی باوکم بۆ هەولێر، دەبێتە سەرەتایەك بۆ كردنەوەی هۆڵی لەشجوانی لە شارەكە و دەركەوتنی ئەو جۆرە وەرزشە، ئەوەبوو لەگەڵ كەسایەتی وەرزشوانی كۆچكردوو كامل حەداد و هەروەها عوسمان حەداد، بۆ یەكەمجار لە شاری هەولێر لەناو باخچەی گڵكەند هۆڵێكی یاری وەرزشی لەشجوانیان كردەوە، كە ئەوكات ئاسنی تایبەتی یاریەكە نەبووە، بۆیە كامل حەدادی ئاسنگەر بە ئاسنی(دیشلی فلاوین) ئامێرەكانی ئەو یارییەی دروستكردووە.
وتیشی: پاشان لەگەڵ یانەی بروسك باوكم بەشداریی لە چەندین پاڵەوانیەتی دەكات، جگە لە لەشجوانی لەبەرزكردنەوەی قورسایی توانایەكی بەهێزی هەبووە و چەندین خەڵاتی بەدەستهێناوە، دواتر لە ساڵانی 1975- 1976 واز لەیارییكردنی ئاسن لە هۆڵەكان دەهێنێت، بەڵام تا ساڵی  2019 لە تەمەنی 84 ساڵی كۆچی دوایی كرد، هەر لە ماڵەوە، بەردەوام بوو لە یاری ئاسنی و گرنگی بە تەندروستی و لەشی خۆی دەدا.

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان