د.نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد
نامۆبوون، یان نامۆیی و نامۆگەری، Alienation، (الإغتراب)، زاراوەیەکە لەهەموو زانستە مرۆڤایەتی و کۆمەڵایەتییەکاندا بەکاردەهێنرێت، لە رەخنەی ئەدەبی، کۆمەڵناسی، دەروونناسی، مرۆڤناسی، فەلسەفە، رامیاری و ئابووری، بە مانا و لێکدانەوەی لێکدی نزیک، شرۆڤە دەکرێت، دەشێت بڵێین نامۆبوون بریتییە لە: هەستی تاکەکەس بە نامۆیی لە بەرامبەر ئەویدی یان ئەوانیدی، هەستکردن بەوەی هیچ شتێک نایبەستێتەوە بەکەسانی دەوروبەری و بە ژینگەی کۆمەڵایەتی و بەو گروپەی ئینتیمای بۆ دەکات، نامۆبوون لەلای هەموو تاکێک و لە هەموو کۆمەڵگەیەکدا بەرێژەی جیاواز بوونی هەیە.
نامۆبوونی کۆمەڵایەتی(Social alienation) دۆخێکی تایبەتیی نامۆیی لەلای تاک پێچەوانە دەکاتەوە کە پەیوەستە بە رێژەی ئەو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەی بە کۆمەڵگەکەیەوە دەیبەستێتەوە، زۆرجار کەسی نامۆگەرا کەسێکی یاخییە، لە بەرامبەر بەها و نۆرم و ئیتیک و پێوەرەکانی کۆمەڵگەدا هەست بە نامۆیی دەکات و دوچاری گۆشەگیری دەبێت.
نامۆبوونی دەروونی(Sycho alienation) لە نامۆبوونی کۆمەڵایەتی ئاڵۆزتر و بەئازارترە، چونکە هەردوو لایەنی دەروون-کۆمەڵایەتی(سایکۆ-سۆسیۆلۆجی) دەگرێتەوە، لەم دۆخەدا زۆرجار کەسی نامۆ هەست بە دڵنیایی و ئارامی ناکات، دەبێت بە کەسێکی بێدەنگ و گۆشەگیر. لایەنی دەروونی پەیوەندییەکی پتەوی بە لایەنی بارودۆخی کۆمەڵایەتییەوە هەیە، بۆ نموونە هەژاری، بێکاری، نەبوونی هێز و پشت و پەنا، هەستکردن بە فەرامۆشی، ئەم حاڵەتانە دەشێت تاک دوچاری نامۆبوون بکەن.
نامۆبوون لە شوێن، ئەم حاڵەتە لە دۆخێکی دەروون_کۆمەڵایەتیی نائاسایی و ناجۆردا، بە ئەندازەیەکی گەورە، دوچاری مرۆڤ دەبێت، کەم مرۆڤ هەیە لە شوێنی نائاسایی و نامۆدا دۆخی دەروونیی تێک نەچێت و هەست بە نامۆبوون نەکات، بەتایبەتی لەشوێنی وەک: بەندیخانە، شوێنی تەسک و تاریک، بیابان، نەخۆشخانە، شوێنی دوور و نەزانراو...هتد.
نامۆبوون لە پێناسێکی فەلسەفیدا بریتییە لە دابڕانی کەسێک لە کۆمەڵگە و ئەوانیدی و لە هەندێ لایەنی سروشتی خۆی، ئەو نامۆبوونە دەشێت کەسەکە دوچاری بێدەسەڵاتی و خەمۆکی و داهێزران و خۆکوشتن بکات، لە هەمان کاتدا دەشێت ببێتە پاڵنەرێک بۆ داهێنان و ئەنجامدانی کاری ناوازە. نامۆبوون لەلای جان جاک رۆسۆ بەستراوەتەوە بە نەبوونی ئازادی، یان لێسەندنەوەی ئازادی، لە دۆخێکی وادا مرۆڤ هەست بە هەموو چەشنەکانی نامۆبوون دەکات.
کارل مارکس یەکێکە لەو فەیلەسوفانەی لە سەدەی نۆزدەدا گرنگییەکی زۆری بە تیۆری نامۆبوون داوە، لەلای مارکس هەلومەرجی کارکردن لە سیستەمی سەرمایەداریدا دەبێتە مایەی خوڵقاندنی نامۆگەری لەلای کرێکار، کاری زۆر و ماندووبوونی کرێکار نابێتە هۆی بەدیهێنانی خۆشگوزەرانیی ئابووری و لانی کەمی ژیانێکی شایستە، بۆیە دوچاری نامۆبوونی کۆمەڵایەتی و دەروونی دەبێت، کرێکار کەسێکی نامۆیە بە هۆیەکانی بەرهەمهێنان، چونکە بەروبوومی کۆشش و ماندووبوونەکەی خۆی بەدەست ناهێنێتەوە.
نامۆگەری وەک تەکنیکێکی هونەری و وەک شێوازێک لە نواندن لەلای برێخت، بریتییە لەوەی شتی زانراو و مەئلوف بگۆڕێت بۆ نامەئلوف و نامۆ و نەزانراو، واتە بینەر تووشی شۆک بکات و لەگەڵ چاوەڕوانییەکانی ئەودا نەیەتەوە، ئەمەش دەبێتە مایەی نامۆکردنی واقیعی ئاسایی، ئەمە بۆ ئەوەی بینەر ئەقڵی خۆی بەکاربهێنێت و بیر بکاتەوەو لە دۆخەکە رابمێنێت و هەوڵی گۆڕانکاری بدات.
زۆرجار نامۆبوون لەلای رۆشنبیری یۆتۆپیست دروست دەبێت، رۆشنبیرێک پێی وایە لەرێگەی ئایدیۆلۆجیاکەیەوە دەتوانێت دنیا بگۆڕێت، ئەوەی نامۆبوون لەلای رۆشنبیر قووڵتر دەکاتەوە بریتییە لە وەهمەکانی، وەهمەکانی رۆشنبیر، یۆتۆپیاکەی و خەونە ناواقعییەکانی، رووداوەکان ناگەنە ئەو دەرئەنجامەی ئەو هەوڵی بۆ داوەو چاوەرێی کردووە، مەلەکردن لەنێو هیوای گەورەدا و نەهاتنەدیی ئەو هیوایە، دوچاری شۆک و نائومێدیی دەکات، بۆیە لە ئاستی کۆمەڵگە و رووداوەکاندا هەست بە نامۆبوون دەکات.