خەزعەل ئەلماجدی
و/ عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا
شاعیری باش و خوێندەوار، زۆر لە شاعیرێكی نەخوێندەوار زیاتر، پێویستی بە «خۆبەخۆیی» و «هەڕەمەكییەت»ە، بۆئەوەی بە باشیی پارێزگاریی لە تازەبوونەوەی بەهرەكەی خۆی بكات، ئەوەش ئەوەمان بۆ دەردەخات، بۆچی شاعیرە نەخوێندەوارە باشەكان، لە فرە رۆشنبیریی دەترسن؟!
وزەی زمانی شیعریی پەرت نییە، پارێزراوە، بە پێچەوانەی وزەی زمان لە بوارەكانی دیكەدا كە بەرەو سوودگەرایی و دەستاودەستكردن و تێگەیشتن دەبێتەوە. وزەی شیعریی لە چوارچێوەی فۆڕمی شیعرییدا پارێزراوە، نە دەگۆڕێ و نە لەكار دەكەوێ. ئایا بەپێی ئەو تێگەیشتنە دەتوانین شیعر لە رووی زمانەوانییەوە پێناسە بكەین و بڵێین شیعر زمانە، كاتێ وزەی خۆی دەپارێزێت. لە رووی زمانییەوە پێناسەی پەخشان بكەین و بڵێین پەخشان زمانە كاتێ پەرت دەبێت، یان وزەكانی بەكار دەهێنین یان لە پێناو شتێكی دیاریكراودا سوودی لێوەردەگرین. لەو دەرئەنجامەشەوە بڵێین زمان لە شیعردا هێزێكی نەگۆڕە، لە كاتێكدا زمان لە پەخشاندا هێزێكی گۆڕاوە بۆ جۆرێكی تر، بۆ نموونە پەخشانی دەرەكیی «بابەتخوازیی و زانستیی» زمان بۆ كار، هەواڵ، هاندان، وەسفكردن دەگۆڕێ، پەخشانی فێركاریی بۆ زانست و زانیاریی دەگۆڕێ، بەڵام هێزی زمانی شیعر ناگۆڕێت، بەڵكو لە ناوەوەی خۆیدا بە درەوشاوەیی دەمێنێتەوە.
پەخشان لە مێژوودا جێگیر دەبێت، شیعریش بەرەنگاریی مێژوو دەبێتەوە، چونكەناگۆڕێت و دوای مێژوو ناكەوێت، بەڵكو شتێ لە ناوەوەی گوتار و رووداوە قەدەغەكراوەكانی دەوروبەری لە خۆیدا هەڵگرتووە، بۆ نموونە قەسیدەكانی (موتەنەبی) لەبەرانبەر سەدەی چوارەمی كۆچیدا وەستاون، لەكاتێكدا دەسەڵات و میدیا و هەواڵ و یاسا و دابونەریتەكانی سەدەی چوارەمی كۆچیی كەوتوونەتە نێو مێژووەوە.
لە سەدەی نۆزدەهەمی پڕ لە رووداو و هەواڵ، قەسیدەكانی (رامبۆ) وەستاون، وەك رووناكییەكی درەوشاوە و تازە، بە هێز و چالاكییەوە لە مرۆڤ دەڕوانن. ئایا ئەوە بەو مانایەیە كە پەیام «پەیامی شیعریی» دەبێ بابەتەكەی لە خودی خۆیدا بێ «بابەتەكەی لەو شتانە وەرنەگرێت، كە دەوریداوە و ئاماژە بە شتەكانی دەوروبەری خۆی نەكات»، ئەوە پەیامێكی شیعرییە، وەك ئەوەی لە دەقی شیعرییدا هەیە؟ هەڵبەتە نا. چونكە كاتێ باس لە ئەركەكانی زمان دەكەین و دەبینین یەكێك لە ئەركەكانی زمان، شیعرییەتە «لەبەرئەوەیە كە ناوەڕۆكی پەیامەكەی یان زمانەكەی خودی زمانەكەیەتی، نەك ئەوەی ئاماژەی بۆ دەكات» ئەو قسەیە «واتە پەیامی شیعر» تەواو لەگەڵ قسەكانمان لە بارەی «هونەری شیعری» جیاواز دەكەوێتەوە، چونكە شیعر نواندنێكی هونەرییە «بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نواندنی هونەریی» تەنیا ئامانجەكەی نییە. با بە وردیی بڵێین ئەوە شیعرییەتە وەك ئامانجێك تەنها لە رێگای هونەرەوە دەتوانرێت بە دەست بهێنرێت، بەڵام «ئەركی شیعر» یش دەشێ لە مەبەست «پەیامی شیعریی» یان ئامانجی شیعریدا هەڵگرینەوە، كە رەنگە شیعر تێیدا سەركەوتوو بێت، یان لە بەدیهێنانیاندا سەركەوتوو نەبێت. «روونكردنەوەی» ئەو قسانەش بە گشتی «خودێتی و زمانەوانیی و تەمومژی شیعریی» كەم دەكاتەوە و بە شیاوییی چارەی دەكات، چونكە سروشتی ئەو پەیامەی چارەی دەكات ئەوەیە كە خودی زمانی ئاڵۆز چەمکێكە دەبێت بوڕوژێندرێت، چونكە هەمیشە سەرلێشێواوییەكی گەورە لەنێوان ئەركی شیعری و ئەركەكانی دیكە (كۆمەڵایەتی و سیاسی و پەروەردەیی و سۆزداری و سوودگەرایی.. هتد) دروست دەكات، كە دەكەونە چوارچێوەی ئەركە بابەتییە لەكار كەوتووەكانی زمان.
لێرەدا بە هیچ شێوەیەك مەبەستم داخستنی ئامانجی زمانی شیعریی«پەیامی شیعریی» نییە، كە هەمیشە كراوەیە، بەڵكو دەبێ بزانین شیعر«هونەری شیعریی» ئەگەر ملكەچی ئەو ئەركانە بێت، ئەوە ئامانجی خۆی «وەك شیعر - زمانی شیعریی» لە دەست دەدات و دەبێتە پاشكۆ بۆ ئەركی دیكە. لێرەدا ناتوانین ئەو كارە یەكلا بكەینەوە و بڵێین ئەوەی شیعر دەنووسێ دەبێ بەو رێچكەیەدا بڕوات، بەڵكو شاعیر دەبێ لە خۆیەوە «بە شێوەی تایبەتی خۆی» پارێزگاریی لە شكۆی شیعر و روونیی و وزەی شیعریی بكات، شاعیر دەبێ هۆشیارییەكەی تا ئەوسنورە بێ، كە نەكەوێتە ژێر چەكوشی ئامانجەكانی دیكەی زمان، پاشان شوێنكەوتە و ملكەچیان. شاعیر دەبێ بۆ ئامانجی شیعر هەنگاو بەرەو پێشەوە بنێت، پێویستی بە هۆشیارییەكی گەورەی شیعریی یەكگرتوو هەیە، دەبێت لەگەڵ كاتدا هەنگاو بنێ، خۆی لە هەموو ئەو رێگایانە بدزێتەوە، كە بەرەو گەڕانەوە و بێ بایەخیی و موجامەلەی دەبەن.
شوشتنەوەی وشەكان
وشە لە شیعری كۆندا ناسنامەی دیار نییە، بە ئاڕاستەی ئەو مانایەدا دەڕوات، كە بە شێوەیەكی هەڕەمەكی رۆژێ لە رۆژان بۆی پێشنیار كراوە، لە پێناویدا دروستكراوە، بۆیە وشە تەنها وەك ئامرازێ بۆ بەكارهێنان و گەیاندن دەمێنێتەوە، نە زۆر نە كەم.. وشە لە شیعری كۆندا هیچ كەسایەتییەكی نییە.. چونكە لە شیعری كۆندا «مانا» دۆخەكە بەڕێوە دەبات، بەڵام ئەگەر وای دابنێین زمان لە پێكهاتن و هەڕەمەكییەت و یاسا ناوەكییەكانیدا هاوتای ژیان بێت، لەبەرئەوەی زمان لە خودی ژیان و پێشكەوتنەكانی ژیانەوە گەشەی كردووە، كەواتە ئەی بۆچی دەستەواژەكان «وشەكان»بە بوونەوەری زیندووی ئەو ژیانە نازانین، كە كەسایەتی و سەربەخۆیی خۆیان هەیە، وەكو رووەكەكان و ئاژەڵەكان و زیندەوەرە وردەكان كە ژیانی شاراوە و تایبەتی خۆیان هەیە، زۆربەی جار هەر نایانبینین، تەنها ئەوانە نەبێ كە دیارن و پەیوەندییان بەیەكترییەوە پەیوەندیی مانەوە و ململانێ و ئەزموون و هاوژیانییە. دەشێ لە ژیانی رۆژانەدا زمان ئامرازی گەیاندن و تێگەیشتن بێ، وشەكان «بوونەوەرە زیندووەكان» قوربانیی بە كەسایەتی و ژیانی خۆیان بدەن، بۆ ئەوەی مرۆڤ لە مرۆڤ بگات، بۆ ئەوەی ئەو لەیەكگەیشتنە بەردەوام بێت، بەڵام ئایا هیچ دەستەواژەیەك بەو قوربانیدانە خۆبەخشانەیە رازییە؟ نەخێر، بەڵكو ئەوە بەكاربردنە رازییان دەكات، بەڵام ئەدەب ئەو بەكاربردنە رەتدەكاتەوە و دادپەروەریی لەگەڵ ئەو بوونەوەرانە و پەیوەندییەكانیان دادەمەزرێنێ و شكۆیان بۆ دەگەڕێنێتەوە، لەو رووەوە شیعر ژانرێكە زیاد لە ژانرەكانی دیكەی ئەدەب پارێزگاری لە پەرتبوونی وشەكان (دەستەواژەكان) و پەیوەندییەكانیان دەكات، لە هەموو ئەو بەكارهێنانانە رۆژانەییە، یان رۆتینییەی كەسایەتی وشەكانیان پیس كردووە و تێكشكاندووە، پاكیان دەكاتەوە و شكۆ و هێزیان بۆ دەگەڕێنێتەوە، دەیانخاتە نێو بەكارهێنانی نوێ و ژیانی «زمانەوانیی نوێ» یان بۆ دەڕەخسێنێ و دەیانخاتە نێو پەیوەندییەكی نائاسایی و چاوەڕوان نەكراوەوە، جێگایان بۆ دەدۆزێتەوە و وایان لێدەكات تێیدا نیشتەجێ بن، بەمجۆرە دەقی شیعریی سەرسامیی دروست دەكات، چونكە: واتای نوێ «ژیانی نوێ» بە وشە دەبەخشێت، وشە دەخاتە پەیوەندیی نوێوە، بەمجۆرە زمان نوێ دەبێتەوە و ئەو نوێبوونەوەیەش دەبێتە نوێبوونەوەی ژیانی مرۆڤ و بوژانەوە و گرژیی و نەشونما كردنی مرۆڤ. پەیوەندییە زمانەوانییە كۆنەكان لە شیعر و پەخشاندا پەیوەندیی دیاریكراون یان وەك رەوانبێژیی پۆلینكراون، ناشێ لێیان دەرچین و نكۆڵی لە رەوانبێژییان بكەین، بەڵكو دەبێ چوارچێوەیەكیان بۆ بدۆزینەوە و لە شێوازێكی چەقبەستوودا دایانبنێین، بەوەش دەستەواژەكان و پەیوەندییەكانیان لە شیعری كۆندا بە هۆی تووندیی سیستمی زمانەوانی و عەقڵی و كۆت و بەندكردنیان لە چواچێوەی رۆحی مرۆییدا تووشی پووكانەوە دەبن، بەمجۆرە رزگاركردنی شیعر و عەقڵ لەو هێزە نەرێینیە پێویستی بە دیدگایەكی ریشەیی هەیە، ئەو دیدگایەش دەبێ شتێ لەخۆ بگرێ ژیانی ئاسایی و لەكاركەوتوو نەتوانێ بیبڕێت، شتێكی سەرووی سروشتی، شتێكی ناوازە و لەپڕ كە بشێ وەك پێویست دەستەواژە و پەیوەندییەكانیان لە داڕشتنەوەی نوێدا بنوینێ.
رێبازی بونیادگەریی لێكۆڵینەوە لە بارەی پەیوەندیی نێوان دەستەواژەكان وەك حەقیقەتی زمانەوانیی و جەوهەری زمان «فۆنۆلۆژی، مۆرفۆلۆژی، شێوازگەریی» بە كاری لەپێشینەی خۆی دادەنێ و لەوەشدا گەیشتۆتە دەرئەنجامی زۆر گرینگ، بەڵام لەبەرانبەر ئەوەشدا بوونی «وشە»و دەستەواژەكانی پشتگوێ خستووە و تەنها وەك پارچەكانی شەترەنج دایناون، كە دەشێ داربن یان ئاسن یان قوڕ و هەویر، هیچ جیاوازییەكی گرنگیان لە وازیكردنی شەترەنجدا نییە و دواتریش هەر بەو پێودانگە گەمەی زمانەوانی ملكەچی سیستمی ناوەوەی زمان دەكات. ئەگەرچی بونیادگەریی لە هەندێ لە تیۆرە جۆراوجۆرەكانیدا گرنگنترینیان تیۆری زایندەیی «تەولیدی»، «چۆمسكی» كە بە راستی لە رووی یاساكانی زمانی زایندەیی و گۆڕانكاریی «تەولیدی و تەحویلی»دا، وێناییەكی رازیكەر بە دەستەوە دەدات، دوور لەو لێكۆڵینەوە زمانەوانییە گشتییانە، ئیتر دەستەواژەكان هەروا مانەوە، تا لقێكی تایبەت بە ناوی زانستی ئاماژە «علم الدلالة»هاتە ناوەوە، بەڵام «ئەو لقە» لەگەڵ زانستی زمان تێكەڵ نەبوو تاكو بەیەكەوە وێناكردنێكی رازیكەر لەبارەی زمانەوە بە گشتیی و شیعرییەت بە تایبەتیی بخەنە روو، شاعیر بۆخۆی دەبێ لە هەموو ئەو زانستانەدا قووڵبێتەوە، نابێت هەر تەنها پێیانەوە پابەندبێ، بەڵكو لەسەری پێویستە تێیانبگات و هەرسییان بكات، پاشان لە یاسا سەختەكان بگوزەرێت. «وەك كۆت و بەندی نووسین تەماشایان نەكات» بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە كە بەدوایاندا نەچێ و لێیان تێنەگات، بەڵكو بە پێچەوانەوە شاعیر دەبێت ئاگای لە زانستەكانی زمان بێ و بەدوای لێكۆڵینەوەی زمان و تێگەیشتنی زمانەوە بێت و هۆشیارییان لێوە بە دەستبهێنێت. زۆرێك لە شاعیران حەز لە بواری زمان ناكەن، بەڵام بنەمای نووسینی شیعر پەیوەندیی بە تێگەیشتنی تایبەتی زمانەوە هەیە، شاعیر دەبێت پارێزگاریی لە زمان بكات و بچێتە نێو تایبەتمەندییەكانی زمانەوە، بە تایبەتی هەموو ئەو تایبەتمەندییانەی پەیوەندییان بە شیعرەوە هەیە، بەو مانایەش «لەخۆوەیی» و دەرچوون لە رێچكەی «ناوكۆیی» باو، ئەو كاتە بە جوانیی دەردەكەوێت كە شاعیر لە قۆناغی نەخوێندەوارییەوە بەرەو قۆناعی مەعریفە هەنگاو دەنێت، چونكە هۆشیاری دەرگای فرەوانی گفتوگۆ دەكاتەوە. ئەگەرچی شاعیری خاوەن بەهرەی گەورە و كەم رۆشنبیر، پێویستی بە بڕێكی زۆر لە «خۆبەخۆیی» و «هەڕەمەكییەت» هەیە، بەڵام شاعیری پڕ بەهرە و رۆشنبیریی پێویستی بە دوو ئەوەندە توانای «خۆبەخۆی» و «هەڕەمەكییەت» هەیە، چونكە «نووسین» هەمیشە ناچاری دەكات، ئەو رۆشنبیرییە گەورەیەی خۆی بە شێوەی «خۆبەخۆیی» بیخاتە روو. لێرەوە دەشێ گرفتەكانی پێشوو شیبكەینەوە و بڵێین: شاعیری باش و خوێندەوار، زۆر لە شاعیرێكی نەخوێندەوار زیاتر، پێویستی بە «خۆبەخۆیی» و «هەڕەمەكییەت»ە، بۆئەوەی بە باشیی پارێزگاریی لە تازەبوونەوەی بەهرەكەی خۆی بكات. ئەوەش ئەوەمان بۆ دەردەخات، بۆچی شاعیرە نەخوێندەوارە باشەكان، لە فرە رۆشنبیریی دەترسن؟!
چونكە دەزانن هەتا رۆشنبیریت زۆرتر بێت، پێویستیت بە «خۆبەخۆیی» قووڵتر و بە پیتتر دەبێت. خودی ئەو شیكردنەوەیە رووناكی دەخاتە سەر ئەو راستییەی ئەو شاعیرە باشانەی دوای رۆشنبیرییەكی زۆر بەهرەی شیعرییان كز دەبێت، لەو شاعیرانەن كە هەر لە بنەماوە «خۆبەخۆبوون» و «هەڕەمەكی» بوونیان دیاریكراو بووە، بۆیە توانای ئەو رۆشنبیرییە و مەعریفە زۆرەیان نەگرتووە و بەهرەكەیان تێكشكاوە. ئەوان قەوارەی بەهرەی خۆیان نەدەزانی بۆیە تێكشكان، بەڵام نەك لەبەرئەوەی مەعریفە و رۆشنبیرییان بە دەستهێنا، چونكە هەرگیز مەعریفە و رۆشنبیریی جێی بەهرەی شیعریی ناگرێتەوە، بەهرەی شیعریی گەورەترین گەنجینەیە، كە مرۆڤ لە ژیاندا دەیدۆزێتەوە، بە راستی بە داخەوەكە بە شێوەیەك لە شێوەكان لە دەستی دەدات. با بۆ رەوتی نووسینەكە بگەڕێینەوە و ببینین كە شاعیری حەقیقی ئەو كەسەیە، بە شێوەیەكی دیكە لە زمان «وشە و پەیوەندییەكانی» رادەمێنێ و سازشیان لەسەر ناكات، هەمیشە وشەی سەرسوڕهێنەر، نامۆ دەڵێت كە پێشتر گوێمان لێی نەبووە.
شیعر و قسەكردن
ئەگەر لە بارەی زمان وەك سیستمێكی كۆمەڵایەتی و قسەكردن بەو مانایەی كارێكی تاكە كەسییە(فەردییە)، لەنێو سیستمی كۆمەڵایەتیدا بۆ لێك جیاكردنەوە بە ناوبانگەكەی(دی سوسێر) بگەڕێینەوە، ئەوە بۆمان دەردەكەوێت، زمان لە كتێب و فەرهەنگ و گرامەری زمانەوانییدا نیشتەجێیە، بەڵام قسەكردن لە شەقام و كارگە و نێو ماڵاندا بە وزە و چالاكییەوە دەجوڵێتەوە. شیعر كارێكی تایبەتیی و تاكە كەسییە بۆیە دەكەوێتە نێو قسەكردنەوە «لێرەدا قسەكردن بە مانای زاراوەكان نایەت»، كەچی گیروگرفتەكانی شیعر ئەوەیە لەنێو قسەكردندا بەشێكی تایبەت و خودییە. شیعری كۆن «لە رێگای بیستنەوە» بوو، بەڵام شیعری نوێ، پاش ئەوەی چاپكردن دەركەوت، كە كتێب و نووسین لەنێو خەڵكدا بڵاوبۆوە، ئیتر خوێندنەوەی شیعر جێگای بیستنی شیعری گرتەوە، واتە كە نووسین دەركەوت، شیعری نوێ سەری هەڵدا و جیاكردنەوەی ئەركی بیستنی شیعری لێكەوتەوە، «واتە شیعر لە سیستمی بیستنەوە بۆ سیستمێكی خوێندنەوە هەنگاوی نا» لێرەوە ئیتر كەوتینە پارادۆكسێكی نوێوە، شیعری كۆن بە قسەكردنی زارەكییەوە بەندە یان دەبیسترێت و لەگەڵ تامی قسەكردنی زارەكیی سەردەمەكەیدا بڵاودەبێتەوە، ئەو تامەش نامینێ كاتێ ئەو شێوە قسەكردنە بەسەر دەچێت، بەڵام شیعری نوێ بە قسەكردنی نووسراوەوە بەندە، بایەخەكەی ئەو كاتە كەم دەبێتەوە كە سەلیقەی باوی سەردەمەكەی بەسەر چێژەكەیدا زاڵ بێت.
بەمجۆرە زمان «زمانی قسەكردن» لە بۆتەی نووسینی شیعری نوێدا دەوروژێ «زمان دەنووسرێتەوە» و شیعر پشت بە گۆڕانكارییەكانی نووسین دەبەستێ، گرنگترین گۆڕانكارییەكانیش كە پێی هەڵدەستێ سەرەولێژكردنی ئەركی تەواوی شیعر و گۆڕینی ستراتیژییەتی ئامانجی شیعرییە، بە جۆرێك كە شیعری «شەعبی» ئەوەی بۆ دەستاودەستكردن پەیوەندیی خۆی بە قسەكردنی «خەڵكەوە» راگرتبوو، «لە جەوهەردا» هێندە بە نووسینەوە پەیوەست نەبوو، شیعری شەعبی بێ ئەوەی نیازێكی هەبێ دوو جۆر بوو: یەكێكیان خۆی دادەهێنا و خۆی لە رێگای نووسینەوە «نووسینی بیستنەوە» دەبینییەوە و لە رێگای نووسینەوە كاریگەریی دروست دەكرد. ئەوی دیكە دەكەوتە سەر رووكاری زمان یان «بیستنی بیستنەوە» قسەكردنەوە، وەك ئەوەی شێوەیەك بێت لە شێوەكانی پەیوەندییكردن بە كۆمەڵگاوە. ئەركی «بیستن» لە شیعری كۆن، یان شیعری شەعبیدا «زمان دەبیسترێتەوە» لەلایەن كۆمەڵ «وروژان»ی دەنایەوە و جیاواز لە ئەركی بینینی تاكە كەسی «زمان دەنووسرێتەوە» لە شیعری نوێدا!
بەمجۆرە بەرانبەر رەگەزێكی نوێ دەبینەوە، كە پێویستی بە یەكێك لەو دوو شێوازە هەیە: یەكێكیان شیعرە و ئەوی دیكە شیعر نییە! لێرەوە مەترسییەكی نوێ دەست بەسەر شێوەكانی چێژ و گۆڕانكارییەكاندا دەگرێت، رەنگە بكەوێتە دەرەوەی تێگەیشتنی ئەدەبیی و بە تەواوی سەیرورەی مرۆڤایەتییەوە بلكێت، واتە لە ئەدەبەوە تا بە بوونی خودی مرۆیی دەگات. ئەدەبی كۆن هیچ شێوازێكی رادیكاڵ و پڕ جۆشی ئەدەبیی بەدەست نەهێناوە، بەڵكو هەمیشە بە پەلە شێوازەكانی خۆی گۆڕیووە، ئەوەش ئەگەرچی لە راستیدا لە ئەنجامی هۆشیارییەوە بوو، بەڵام بەدبەختی ئاگایی نووسەرانی لەوەدابوو، نەیاندەتوانی بەرانبەر ئەو سەردەمانە بە شێوەیەكی قووڵی نیگەرانئامێز بوەستنەوە، جگە لەوە كارەكانیان بەرهەمی ئەو گۆڕانكارییە فیكرییانە نەبوو كە خودی خۆیان پێی هەڵدەستان تا بتوانن ئەدەبێكی «خودیی» نوێ بونیاد بنێن، بەڵكو زمانێكی ئاسۆیی هاوبەشیان هەبوو دەكەوتە نێوان خەڵك و شێوازی نووسینی ستوونیی نوێنەرایەتی دەكرد، چ لە ناوەوەی نووسەر، ناخی نووسەر -چ وەك هاوبەشیكردنی خەڵك – لێرەدا «لە نووسینی شیعری شەعبی»دا زمان وەك مێژووی مەعریفە، ئاوارەی رابردوو بوو، بەڵام شێوازی نووسینی شیعری نوێ لەنێو مێژووی گشتیدا، بازدانێكی تاكە كەسیی داهێنان و خەڵقكردن بوو، هەوڵێك بوو یان كۆمەڵە هەوڵێكی تاكخوازانە بوو بۆ بوژانەوە و گۆڕینی بونیادی زمانی باو. لەسەر ئەو بنەمایە مێژووی ئەدەبی كۆن، مێژووییەكی خاو و بێزاركەر بوو كە تێیدا گۆڕانكارییەكان هەڵبەز و دابەزییان بوو، لە شێوە و ناوەڕۆكی ژانرە ئەدەبییەكاندا ناڕێك دەردەكەوتن، بەڵام مێژووی ئەدەبی نوێ خەریكە خێراتر دەبێت، نەك هەر وەك مێژووی نەشونماكردن، بەڵكو وەك مێژووی داهێنان و خەلقكردن، بەپێی زاوزێكردنی پشتاوپشتگەریی بەڕێوەناچێت، بۆیە داهێنان لە ئەدەبی نوێدا تاكخوازانەیە، باوك و كوڕ ناناسێ.. تاك دروستكەرێكە، بەڵام لۆژیكی پشتاوپشتگەرێتیی كە ئەدەبی كۆن بانگەشەی بۆ دەكات، تەگەرەیەكە لە تەگەرەكانی بەردەم وزە و هەڵسانەوە و جوانیی ئەدەبی نوێدا.
چالاکكردنی زمان لە رێگای شیعرەوە
دوای ماندووبوونێكی زۆری رەخنەگری فەرەنســــی «پێــــریس» بــــۆ دۆزیــــــنەوەی پێناسەكردتێكی وردی شیعر لەژێر رووناكیی بەردەوامی دەرچوون لە ناوكۆییەكان، دوای دروستبوونی ململانێیەكی تووندی نێوان شیعر وەك مەترسییەكی بەردەوام و پەخشان وەك مەترسییەك بە دژی شیعر، «پێریس» گەیشتە ئەوەی بڵێت:«زمان ناتوانێت گوزارشت لە شیعر بكات، بەڵكو شیعر فێڵ – لە زمان دەكات - یاخیبوونە، خەباتە لە دژی زمان» كەواتە چۆن ئەو دوو رستەیەی خوارەوە بەیەكەوە بگونجێنین «شیعر گوزارشت لە زمان دەكات» و «شیعر لە زمان یاخی دەبێت»؟
رەنگە چەمكی «لادانی زمانیی» ئەوەی «كۆهین» پێشنیاری كردووە جۆرە چارەیەك بێت، بەڵام ئەو چارەكردنە زمانێكی پێوانەیی «كە بوونی نییە»دەسەپێنێ، «زمانێكی پێوانەیی دیار» كە بۆ ئەوەی شیعر بونیاد بنێین، بتوانین لێی دەربچین «لێی لادەین»، بەڵام لەبەر ئەوەی قسەكردنی رۆژانە لادانی زمانی لێدەكەوێتەوە و دەرچوونە لە زمانی پێوانەیی، بۆیە دەشێت بڵێین لادانی زمانیی دەكەوێتە نێو لادانی رۆژانەی بەكارهێنانی قسەكردنەوە، بەمجۆرەش وێنەكە تا ئەندازەیەك دەشێوێ، یان بەیەكگەیشنێكی بە پیت دەخاتە نێوان شیعر وەك «یارییكردنێكی بەرزی زمانەوانیی» و قسەكردنی رۆژانەوە. چارەكردنی «كۆهین» وەك پشتبەستنێكی رەها «لە پێوانە و لادان)» بۆ ناوكۆییە رەوانبێژەكان دەگەڕێتەوە، جا بۆ ئەوەی بگەینە پێناسەكردنی شیعر، وەك پێشنیارێكی نوێ خۆی دەنوێنێ، چونكە ئەو كێشە كۆن و نائومێدكەرانەیەی كە لە دەوری پەیوەندیی فۆرم و ناوەڕۆك دەسوڕێنەوە، تەنیا وێستگەیەكی بچووك پێكدەهێنن كە دەشێ بۆ ئەوەی لێی دوور بكەوینەوە، لێی بوەستین، واتە لێكۆڵینەوە تەقلیدییەكانی شیعر «سەرەڕای هەوڵەكانیان» هەر لەنێوان «هەژاریی و كەمخوێنیی»دا دێن و دەڕۆن، دەڵێن فۆرم لە ناوەڕۆك جیا نابێتەوە پاشان دەڵێن شیعر ئەوەیە فۆرم و ناوەڕۆك لەگەڵ یەكتر هاوسەنگ بێت «هاوڕێك بەیەكەوە رێبكەن» ئەوەش چارەیەكی ئاسان و سازشكارانەیە و پێویستی بە هەوڵ و ماندووبوون و راستینییە، چونكە رەگەزەكانی فۆرم ناسراون و دەتوانین دەستنیشانیان بكەین و ئەركەكانیان بژمێرین و دیارییان بكەین، وەك چۆن دەتوانین رەگەزەكانی ناوەڕۆك دیاریی بكەین و لێكۆڵینەوەیان لەبارەوە بكەین، كەچی لە پەخشان و بە دیاریكراوی پەخشانی ئەدەبییدا، هاوسەنگییەك لەنێوان فۆرم و ناوەڕۆكدا هەیە، بەڵام بەنسبەت پەخشانی زانستیی ناوەڕۆك بەسەر فۆرمدا زاڵە، چونكە فۆرم لە پەخشانی زانستییدا ئامرازێكە بە وردیی ئەركی گەیاندنی ناوەڕۆكە.
كەواتە تەنها شیعر لە بایەخی فۆرم بەسەر ناوەڕۆكدا ناوازەیە، واتە لە بایەخی فۆرمەوە دەتوانین ئاستی پێشكەوتنی شیعرەكە و دابەزینی هونەریی دیاری بكەین، فۆرم ئاراستەكانی ناوەڕۆكی قەسیدە دیاریی دەكات، ئاراستەكانیش فەزای قەسیدەكە دەجوڵێنن و ئەو ئامانجانە دیاریی دەكەن كە قەسیدەكە هەوڵی بۆ دەدات، هەمووشیان تەگەرەن و جووڵەی فۆرم بۆ خۆیان كێش دەكەن. فۆرم رووتكردنەوەی فۆرم دیاریی دەكات، فۆرم بەندە بە بەشتكردنی ناوەڕۆكی دیاریكراوی فۆرمەوە، حەقیقەتی ئەو شتەش ئەوەیە فۆرم نوێنەرایەتیی رێڕەوێك دەكات کە لە میانەیدا دەتوانین ناوەرۆكی «هەرچی بێت» بە كردە نوێنەرایەتیی بكەین.
مێژووی ئەدەبی كۆن، مێژووییەكی خاو و بێزاركەر بوو كە تێیدا گۆڕانكارییەكان هەڵبەز و دابەزیان بوو، لە شێوە و ناوەڕۆكی ژانرە ئەدەبییەكاندا ناڕێك دەردەكەوتن، بەڵام مێژووی ئەدەبی نوێ خەریكە خێراتر دەبێت، نەك هەر وەك مێژووی نەشونماكردن، بەڵكو وەك مێژووی داهێنان و خەڵقكردن، بەپێی زاوزێكردنی پشتاوپشتگەریی بەڕێوەناچێت، بۆیە داهێنان لە ئەدەبی نوێدا تاكخوازانەیە
زمان لە كۆمەڵێ رەگەز پێكهاتووە بە ناوكۆییەكی دیاریكراوەوە بەندە كە زمان دەكاتە فۆرم نەك جەوهەر، بۆیە شیعر بەرهەمە یان بەرهەمێكی ئەو ناكۆییەیە، واتە بەرهەمێكە لە «فۆرم»دا نەك لە جەوهەردا، بۆیە شیعر فۆرمە لە فۆرمدا یان میتافۆرم، بەڵام شیعر فۆرمی زمانەوانیی نییە، بۆیە مافی ئەوەمان هەیە بپرسین جەوهەری شیعر بۆ كوێ چووە، جەوهەری شیعر كامەیە و چۆن بەدەست دێت؟ جەوهەر لە رەگەزەكانی زماندا بوونی هەیە نەك لە دەرەوەی زمان، نەك لە كۆمەڵە شتێكی دەرەوەی زمان «كۆمەڵە شتێك كە دەرك دەكرێن.. هتد» ئەو شتانەی دەرك دەكرێن لەگەڵ جەوهەری ناسراوی فیزیادا یەكدەگرێتەوە، كەواتە جەوهەری شیعریی نەك جەوهەری فیزیایی لە كوێدایە؟ من پێموایە «جەوهەری شیعریی» بە شێوەی فۆرم لە وەدیهێنانی هەبووەكاندایە، لەبەرئەوەی «بەدیهێنانی هەبووەكان» ئەگەرێكی لاوازە و بە گشتی دەكەوێتە نێو مەحاڵەكانەوە، بۆیە جەوهەری شیعریی لە ناوەوەماندا وەك وەهمێكی جوان، نامۆ، سەرسوڕهێنەر خۆی دەشارێتەوە. بەمجۆرە دەتوانین دوای ئەو بەدواداچوونە بڵێین جەوهەری شیعریی نە لە واقیعدایە، نە لە قەسیدەدایە بەڵكو لە ناخی شاعیریدایە، جەوهەری شیعریی پەندۆڵێكە «چاڵمە - لە هاتووچۆکردنی پەندۆڵی سەعاتەوە هاتووە» لەنێوان شاعیر و ئەوەی دەینووسێ هاتوچۆ دەكات، بەڵام كەی ئارام دەبێتەوە، ئەوە تەنها مردن دەزانێ، مەبەستم مردنی شاعیرە. نووسین بە كورتكردنەوەی زمان هەڵدەستێت، بە داپاچینی زیادە و درێژدادڕییە ئاڵۆزەكانی، پاشان ئەدەب «لە نووسیندا» خێرا بە كەمكردنەوەی ئاڵۆزی خانەكانی نووسین هەڵدەستێ، بۆ ئەوەش شیعر بە تایبەتی دوایین رۆڵ دەگێڕێ، بەمجۆرە بابەتەكە وەك هەڕەمێكی بنكە فرەوان بە ئاراستەیەكی ورد و ناسك بەرەو لوتكەدەبێتەوە، بێگومان بنكە فراوانەكەی ئەو هەڕەمەش زمانە، بەڵام لوتكەكەی شیعرە، لەوێدا فۆرمی شیعری وەك بارستەیەك لە رەمز و ئاماژە رووناكیی دەبەخشێت و هەوڵدەدات دووبارە بێتەوە و ببێتە«میتافۆرمێكی باڵا»ی زمان، بەو رێگایەش زمان پاكبكاتەوە لەوێشەوە وەك ئاماژەكاریی مۆزیكا بیچنێ، ئەوەش دووبارە هەوڵێكە بۆ پاككردنەوەی عەقڵی مرۆیی و هەڵوەشانەوەی بەردەوامی بنبەستووەكانی رەوانبێژیی و ناڕەوانبێژیی كە زمان پشتی پێدەبەستێت.
هەموو هەوڵە دووبارەكانی شاعیرە گەورەكان بۆ گەیشتن بە ئاستە باشەكانی نووسین بە دڵنیاییەوە هەوڵی تاكەكەسین، كاتێ شیعر دووچاری چەقبەستن دێت یان لە ئاستێكدا قەتیس دەبێت، ئەوە لە ئەگەری كەوتن «رووخان»ی شیاو رزگاری دەكەن، بۆیە بازدان لە نووسیندا لە ئاستێكەوە بۆ ئاستێكی دیكەی بەرزتر هەر تەنها بە واتای باڵایی عەقڵ و رۆح نایەت، بەڵكو چاككردن و كورتكردنەوەی زمانە. بەمجۆرە شیعر زمان دەكاتە دەقێكی كراوە، میكانیزمە شیعرییەكانی دەگۆڕێ تا كونیلەكانیزمان بكاتەوە بۆ ئەوەی زمان بە جوانیی هەناسە بدات و درێژە بە ژیان بدات. داتاشینی زمان «لە رێگای شیعرەوە» واتای كەمكردنەوەی دەستەواژە بەكارهێنراوەكانی شیعر نییە، بەڵكو بە واتای شۆردنی بەردەوامی دەستەواژە جێگیر و بەكاربردووە ماندووەكان دێت یان بە مانای گواستنەوەی دەستەواژە دووبارەبووەكانە بۆ كۆمەڵێ شێوازی نوێی بەكارهێنان، واتە وروژانی دەستەواژە نوێیەكان بۆ ئەوەی دەستەواژە نوێیەكانیش ئاوێتەی زمانی باو بن و زمان بكەنەوە، ئەگەر زمانیش بكرێتەوە ئەوە عەقڵیش دەكرێتەوە و تەواوی ژیانیش دەكرێتەوە، بەمجۆرە شیعر بواری ژیانی بەرفراوان دەكات، وەك چۆن بواری عەقڵ و زمانی بەرفراوان دەكات، ئەوەش وەك ئەركی یەكەم و نایابی شیعر تەماشا دەكرێ.
كەواتە ئەگەر ئێمە وەك رەخنەگر، واقیع یان خودی شاعیر وەك شوێنی بەدیهێنانی جەوهەری شیعریی بە دوور بگرین، ئەوە بەو مانایەیە كە بڵێین شیعر فۆرمی بەدیهێنان و دەركەوتنی ئەو جەوهەرەیە. بەو شێوەیە زمان هەر قسەكردن نییە لە بواری واقیعیی و دەروونیی یان سۆزداریی ناوەوە و دەرەوەی شاعیر، بەڵكو رۆڵێكی نائاسایی لە شیعردا دەنوێنێ. زمان لە شیعردا هەر تەنها دالی مەدلولەكان نییە، كە لەنێو فەرهەنگاندا دەیدۆزینەوە یان لە سۆز و هەستی شاعیردا دەیدۆزینەوە، بەڵكو «زمان لە شیعردا» بە تەواوی بوونێكی سەربەخۆی دیكەیە. یاكۆبسن دەڵێت: «بەڵام شاعیریەت چۆن دەردەكەوێت؟ لەوەدا دەردەكەوێت كە وشە وەك وشە هەستی پێبكرێت، نەك وەك جێگرەوەیەك بۆ ئەو شتەی بەناوی كراوەتەوە، یان وەك دەركەوتنی هەست و سۆزی وشەكان و پێكهاتە و دەلالەت و شێوەی ناوەوە و دەرەوەیان، شاعیرییەت تەنها شانشنێكی جیا لە واقیع نییە، ئەگەرچی كێشی تایبەتی خۆی و بەهای تایبەتی خۆی هەیە»، زمان لە بنەمادا دنیایەكی سەربەخۆیە لە واقیع، بەڵام زمان پەیوەندییە سوودگەرا مەزنەكەی خۆی لەگەڵ واقیع دەپارێزێت، كەچی شیعر زمانێكی سەربەخۆیە لەنێو زماندا وبەیەك هەنگاو لە زمان دوور دەكەوێتەوە و بە دوو هەنگاو لە واقیع، بۆیە شیعر پەیوەندیی لەگەڵ زمان و واقیع پەیوەندییەكی دژئامێز و جوانە و لەسەر ملكەچنەبوون وەستاوە. شیعر بریتییە لە زیادەڕۆیی زمان و واقیع لە بەریەككەوتنی نوێی تەقەڵەكانی چنین و پێشنیاركردنی سیستمێكی دیكە بۆ زمان و واقیع. «شیعر بە ئاسایی خرایە نێو چواچێوەی پێدراوەكانی زمان چونكە هیچ مەودایەكی لەنێوان واقیع و زماندا دانەناوە، خرایە نێو پێدراوەكانی زمان چونكە دەیەوێ واقیع كۆپی بكاتەوە، كاتێ واقیع كۆپی دەكاتەوە شیعر دەبێتە بەشێكی مردووی واقیع» كەواتە هەمیشە شیعر وەك شوێنی مەترسیداری ئاگایی و بڵێسە لە زمان و واقیعدا و بە شێوەیەكی نوێ وزەی خۆی لە تێگەیشتن بەدەست دەهێنێتەوە، دوور لەو ناونانانەی ئێمە لە رابردوودا وەك شیعر پێماندابوو، بەڵام ئەمڕۆ كات رێگا نادات هەمان ئەرك بە شیعر ببەخشین.
لێرەدا ئەوەی پێشنیارمان كردووە ئەوەیە، شیعر لەو هەوڵانە دانابڕێ كە نوێنەرایەتیی واقیعی جوانناسی یان زمانیی دەكات، بەڵكو شیعر لەلایەك جەخت لە سەربەخۆیی خۆی و ئەركی شیعریی دەكاتەوە و لەلایەكی دیكەوە هەوڵدەدات خزمەتێكی گەورە بە زمان و واقیع بگەیەنێت، پیسبوونی زمان و واقیع بە شیعر ئەگەرێكی نایابی شیعرە، تاكو چالاكیی نوێ بۆ بزاڤێكی جیاواز، بۆ هەژاندنی خانەكانی خۆی بخاتەوە و هیچ سەرهەڵدانێكی نوی بۆ ئەوان نەهێڵێتەوە، ئەگەرچی شیعر لە ئەنجامدا هەوڵ بۆ زیندووكردنەوەی زمان و واقیع دەدات، بەڵام بەردەوام خۆی لێیان دادەبڕێت.
سەرچاوە:
رۆژنامەی (زەمان)
ژمارە 1933 رێكەوتی 2004/10/5
تێبینی: «جووت كەوانەكانە» بۆ روونكردنەوەی زێتر، وەرگێڕ دایناون.