دوای راگەیاندنی ئەنجامدانی كۆنگرەی 12ی پارتی کرێکارانی کوردستان لە رۆژانی 5 بۆ 7ی ئەم مانگە، چاوەكان كەوتوونەتەسەر ئەنجامی كۆنگرەكە و ئەو بڕیارانەی دراون، بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە تا ئێستا هیچ زانیارییەك لەو بارەیەوە نەدراوە و ئەوەی هەیە هەندێك پێشبینین وەك؛ پەكەكە دەستبەرداری چەك دەبێت، خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە، لەداهاتوودا جیاوازتر كاردەكات.
لەچوارچێوەی گۆڕانکارییەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدایە
کوردستانی نوێ بەدواداچوونێکی لەم چوارچێوەیەدا کردووە، حەسەن ئۆزگونەش پەرلەمانتاری پێشووی هەدەپە لە پەرلەمانی تورکیا بۆ رۆژنامەکەمانی دووپاتکردەوە، پرۆسەی ئاشتی ئەمجارە جدییە و لەچوارچێوەی گۆڕانكارییەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدایە و تەنها لەسەر داواكاری كورد نەبووە، بەڵكو فشاری وڵاتانی زلهێز و خۆرئاوا لەڕووی ئابووری و سیاسییەوە لەسەر توركیا هەیە و چەندین گوشاری دیكەش هەن.
لە بەرژەوەندی کێیە؟
ئەوەشی وت: پرۆسەی ئاشتی و چەكدانان نەك تەنها لە بەرژەوەندیی كوردە لە باكوور، بەڵكو لە بەرژەوەندیی كوردە لەسەرجەم بەشەكانی كوردستان بەتایبەت ئەو شوێنانەی لە رابردوودا توركیا زۆرترین فشاری لەسەر دروستكردوون بە بیانووی بوونی پەیوەندی لەگەڵ پەكەكە، هەروەها لە رۆژئاڤاش كاریگەری لەسەر كورد دەبێت.
ئەو سیاسەتمەدارەی باکوور باسی لەوەكرد، پرۆسەی ئاشتی دەرفەتێكی نوێیە لەلایەن وڵاتانەوە بەتایبەت لەلایەن ئەمریكاوە بۆ كورد رەخسێندراوە تا بە رێگەی ئاشتی و دیپلۆماسی، پەیوەندییەكانی خۆیان لە ناوخۆدا یەكبخەن و دواتر بەشێوەیەكی ئاشتییانە داوای مافەكانیان بكەن.
ئەمجارە پرۆسەی ئاشتی، جیاوازە
ئەو پرۆسەیە لێکدانەوەی زۆری بۆ دەکرێت، مەریوان جیاووك شارەزا لە سیاسەتی تورکیا لە ئەنقەرەوە بۆ کوردستانی نوێ وتی: پرۆسەی ئاشتی لە ساڵانی 2013 بۆ 2015 سەرکەوتنی بەدەستدەهێنا، بەڵام دەستتێوەردانی دەرەکی و ئەوانەی دەستیان لە کاروباری سیاسیدا هەبوو نەیانهێشت پرۆسەکە سەربگرێت، لەگەڵ ئەوەدا ئەمجارە پرۆسەکە جیاوازە.
ئەو دڵنیایە لەوەی ئەمجارە پرۆسەی ئاشتی سەركەوتوو دەبێت، چونكە خودی عەبدوڵڵا ئۆجەلان سوورە لەسەر چارەسەری پرسەكە بە رێگەی ئاشتی و كۆتاییهاتنی پرسی چەكداری. هەروەها پارتی داد و گەشەپێدان بەهۆی لەدەستدانی دەنگی کورد لاواز ببوو، بەڵام بەو پرۆسەیە دەنگێکی زۆری بۆ خۆی کۆکردۆتەوە. هەروەها لەمەودوا کاریگەریی زۆریشی دەبێت لەسەر سیاسەتی تورکیا.
رۆڵی سەرۆك مام جەلال لە پرۆسەی ئاشتیدا
ئەو شارەزایەی كاروباری توركیا باسی لەوەکرد، كاتی خۆی لەگەڵ سەرۆك مام جەلال بووە، کە بەسەردانێك لە تورکیا بووە لە ساڵی 2009دا و داوایكردووە پرۆسەی ئاشتی لە توركیا كاری جددی لەسەر بكرێت و كۆتایی بە جەنگ و چەك بهێندرێت، چونکە مافەکانی گەلی کورد بە قەڵەم و ئاشتی و دەنگی ناو پەرلەمان بەدەستدەهێنرێت.
بە بایەخەوە ئەوەی بە بیرهێنایەوە، ئێستا هەمووان سوورن لەسەر جێبەجێكردنی پرۆسەی ئاشتی، كە پێشتر سەرۆك مام جەلال ئاماژەی بۆ كردووە و كاری جددی لەسەركردووە.
ئەردۆغان چی دەڵێت؟
جیاواز لەم بۆچوونانەش هەندێك بۆچوونی دیكە هەن بەوەی پەكەكە کە تا ئێستا ئەنجامی كۆنگرەكەی ئاشكرانەكردووە چۆن دەتوانرێت خوێندنەوە بۆ دۆخەكە بكرێت؟ بەتایبەت كە تا ئێستاش بۆردومانی توركیا بۆسەر چەند ناوچەیەكی باشووری كوردستان بەردەوامی هەیە.
لە وەڵامی ئەم پرسیارانە داود چیچەك چاودێری سیاسی باس لەوەدەکات، بەو پێیەی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا ئاماژەی بەوەكردووە لە هەر ئان و ساتێكدا مژدە رادەگەیەندرێت، كەواتە دەرئەنجامی كۆنگرەی پەكەكەی بەردەستكەوتووە، كە پرۆسەی ئاشتی هەنگاوی باشی بڕیوە.
دەرئەنجامی کۆنگرەکە زۆر گرنگە
هەروەها چیچەك دەڵێت: رەنگە دەرئەنجامی كۆنگرە بەهۆی گرنگییەکەیەوە لەلایەن خودی عەبدوڵڵا ئۆجەلان رابگەیەندرێت و بەوەش پابەندبوون بە بڕیارەکانەوە زیاتردەبێت.
ئەوەشی ئاشكراكرد، پرسی خۆهەڵوەشاندنەوەی پەكەكە و چەكدانان بەواتای كۆتایی كاری ئەو رێكخراوە نییە، بەڵكو چاوەڕوان دەكرێت لە ژێر ناوێكی دیكە حزبێكی نوێ لە چوارچێوەی توركیا دروست ببێت هاوشێوەی حزبەكانی دیكەی باكوور لەبری شەڕ سەرقاڵی كاری سیاسی بن و بەشداریی هەڵبژاردن و پەرلەمانیش بكەن، بەوەش سوودی گەورە بۆ كورد بەدەستدێت بەوەی دەنگی زیاددەكات و بە دوور نازانرێت لە حكومەتیش بەشداری بكات.
ئەگەر پرۆسەی ئاشتی سەرنەگرێت؟
ئەو چاودێرە سیاسییە ئاماژەی بەوەشكرد، لە ئەگەری سەرنەگرتنی پرۆسەی ئاشتی، بەدڵنیاییەوە توركیا و پەكەكەش پلانی جێگرەوەیان هەیە، كە رەنگە ئەو پلانە مەترسیی گەورە دروست بكات و بۆ ئەوەش گرنگە نیازپاكی لەلایەن هەردوولاوە هەبێت. وتیشی: بۆردومان و شەڕ لە هەندێك ناوچە بەردەوامە، ئەوە پەیامێكی توركیایە کە شەڕ تا راگەیاندنی كۆتایی رێككەوتن، بەردەوامی دەبێت. هەروەها سووربوونی پەكەكەشە بەوەی بێزارنین لە شاخ، كە چەندین ساڵی ژیانی خۆیان لەوێ بەسەربردووە و دەبێت دوای راگەیاندنی ئەنجام، شوێنەكان چۆڵ بكەن».
بەدواداچوون- کوردستانی نوێ