خەلیل عەبدوڵڵا
ئیتاڵیا، وڵاتێكی دێرینە و بە بێشكەی شارشتانێتی و كەلتور و پێشەنگی رێنیسانسی ئەوروپی دادەنرێت، خاوەنی هەزاران كەسایەتیی زانستی و كەلتوری و ئابووری و سیاسیی و سەربازییە، كە هەریەكەیان لە بواری خۆیدا خزمەتی بە وڵات و مرۆڤایەتی كردووە.
گوگلیلمۆ ماركۆنی یەكێكە لەو زانا و داهێنەرانەی لە چەند بوارێكدا خزمەتی بە وڵاتەكەیی و هەموو جیهان كردووەو زانایەكی فرە بەهرە و خاوەنی خەڵاتی نۆبڵی فیزیایە، بەشداری لە دۆزینەوەی شەپۆلەكانی كارۆموگناتیسی كردووەو بەداهێنەری رادیۆ و تەلەگرافی بێتەل دادەنرێت. ماركۆنی لە رۆژی 25ی نیسانی 1874 لە شاری بۆلۆنیای ئیتاڵیا لەدایكبووەو لە ئامێزی خێزانێكی زەنگین (باوكێكی ئیتاڵی و دایكێكی ئێرلەندی) پەروەردە بووە. قۆناغەكانی خوێندنی لە شارەكانی بۆلۆنیا و فلۆرەنسا و لیگۆرن تەواوكردووە.
ماركۆنی بایەخی زۆری بە زانستی فیزیا و كارەبا دابوو، لە ئەنجامی خوێندنەوەی كتێبی (هێنریك هێرتز) و چەندین سەرچاوەی زانستی تر، گەیشتە چەند ئەنجامێكی زانستی و شەپۆلەكانی موگناتیسی و بێتەل و رادیۆی دۆزییەوە. ساڵی 1895 لە ماڵی هاوینەی خۆیان لە گوندی بۆنتچیۆ ئامێرێكی بۆ ناردنی هێمای بێتەل بۆ زیاتر لە 2 كیلۆمەتر دۆزییەوەو دواتر لە رێی ئامێری بێتەلەوە نامەی بۆ كەشتیی ناو زەریاكان نارد و لەوبوارەدا سەركەوتنی بەرچاوی بەدەستهێنا.
ساڵی 1896 ئامێرە بێتەلەكەی لەگەڵ خۆیدا برد بۆ بەریتانیا و لەوێ بەهاوكاری ولیەم پریسی ئەندازیاری ناوداری ئینگلیزی گەشەی بەو ئامێرەدا و ساڵی 1897 ماركۆنی كۆمپانیایەكی تایبەتی بەناوی خۆیەوە دامەزراند و ساڵی دواتر ناوی كۆمپانییەكەی بۆ كۆمپانیای تەلەگرافی سنووردار گۆڕی، ئیدی ماركۆنی توانی گەشە بە ئامێری بێتەل بدات و شەپۆلەكانی بۆ نزیكەی 20 كلیۆمەتر بنێرێت. ساڵی 1909 نامەی بێتەلی بۆ كەشتی ڤیكتۆریا نارد و توانی چەند كەسێك لە خنكاندن رزگار بكات. هەر لەرێی پەیامی فریاگوزاریی ئامێری بێتەلی ماركۆنییەوە، توانرا كارمەندێكی سەر پەخشی بێتەلی كەشتیی تایتانیك و چەند سەرنشینێك رزگار بكرێت. ساڵی 1910 گەشەی زیاتری بە ئامێری بێتەل دا و توانی نامەی بێتەل لە نێوان ئێرلەندا و ئەرجەنتین بۆماوەی زیاتر لە 6000 میل بنێرێت، ئەوەش بەسەركەوتنێكی گەورە لەوكاتەدا لە قەڵەم درا.
لە سەرەتای یەكەمین جەنگی جیهانی، ماركۆنی چووە خزمەتی سەربازی و وەك ئەفسەر تا كۆتایی جەنگ خزمەتی كرد و رۆڵی دیاری هەبوو لەسەرپەرشتیكردنی ئامێرە سەربازییەكان و لەپای خزمەتەكانی خەڵاتكراو مەدالیای سەربازی پێبەخشرا.
ماركۆنی یەكێكە لەو زانا و داهێنەرانەی لە چەند بوارێكدا خزمەتی بە وڵاتەكەی و هەموو جیهان كردووە و زانایەكی فرە بەهرە و خاوەنی خەڵاتی نۆبڵی فیزیایە، بەشداری لە دۆزینەوەی شەپۆلەكانی كارۆموگناتیسیی كردووە و بەداهێنەری رادیۆ و تەلەگرافی بێتەل دادەنرێت
لە كۆتایی سەدەی 19دا ماركۆنی پەیوەندیی بێتەلی لە نێوان بەریتانیا و فەرەنسا دامەزراند، لە چەند ناوچەیەكی بەریتانیا وێستگەی بێتەلی دامەزراند. تا ئەوكاتە زاناكانی بیركاری رایان وابوو، كە شێوەی هێلكەیی زەوی رێگرە لەناردنی شەپۆل و ئاماژەی بێتەل لە ماوەی(181-322) كیلۆمەتردا، بەڵام ماركۆنی ناڕاستیی ئەو بۆچوونانەی سەلماند و توانی بۆماوەی دوورتر شەپۆلەكانی بێتەل بنێرێت. ماركۆنی خولیای ئەوەی بوو كە رادیۆ دروست بكات و چەندین لێكۆڵینەوەی زانستی لەو بوارەدا ئەنجامدا، ساڵی1901 یەكەم ئامێری بێتەلی پێشوازیی شەپۆلی رادیۆی نارد و لەوبوارەدا سەركەوتوو بوو. بەهۆی داهێنانەكانی لە بواری زانستیی فیزیادا، ساڵی 1909 خەڵاتی نۆبڵی لەو بوارەدا بە هاوبەشی لەگەڵ كارڵ فردیناند براون بەدەستهێنا. ساڵی 1918 توانی یەكەم پەیامی رادیۆیی بنێرێت.
دۆزینەوەی ئامێرەكانی تەلەگراف و تەلەفۆن، رۆڵی دیاریان هەبوو لە داهێنانی ئامێری رادیۆدا و ئیدی ماركۆنی توانی لە ساڵی 1927 یەكەم ئامێری تۆڕی رادیۆ دروست بكات، ئەو ئامێرە دەنگدانەوەیەكی گەورەی هەبوو، ماركۆنی بە هەموو جیهان ناساند. ساڵی 1931 شەپۆلە كورتەكانی رادیۆی دۆزییەوەو بەوەش خزمەتێكی زۆری بە خزمەتگوزاری رادیۆ كرد.
لە ساڵەكانی كۆتایی تەمەنیشی هەر كۆڵی نەدا و سەرقاڵی توێژینەوەی زانستی بوو، بایەخی بە گەشەپێدانی شەپۆلە كورتەكانی رادیۆبدا و لەوبوارەدا سەركەوتنی مەزنی بەدەستهێنا و رادیۆی كردە ئامێرێكی جیهانی كە لەرێی شەپۆلەكانییەوە هەموو دنیای پێكەوە گرێدا. لەپای داهێنان و خزمەتە زانستییەكانی، چەندین زانكۆی ئیتاڵی و جیهانی دكتۆرای شانازییان بە ماركۆنی بەخشیوە. هەروەها ناوەندە زانستییەكان خەڵاتیان كردووەو مەدالیای رێزلێنانیان پێبەخشیوە. ماركۆنی بێجگە لە توێژینەوەی زانستی، چەند خولیایەكی دیكەی هەبوو، لەوانە: راو و پاسكیلسواری و لێخوڕینی ئۆتۆمبیل، هەندێ لە كاتەكانی بۆ ئەو خولیایانە تەرخان دەكرد و چێژی لێدەبینین.
پاش خزمەتێكی زۆر بە بوارە زانستییەكانی فیزیا و بێتەل و تەلەگراف و رادیۆ، رۆژی 20ی تەممووزی 1937 ماركۆنی لە تەمەنی 63 ساڵیدا لە شاری رۆما كۆچی دوایی كرد، راستە ماركۆنی بە جەستە رۆیی، بەڵام بەهۆی خزمەتە زانستییەكانی كە پێشكەش بە مرۆڤایەتی كرد و هەمووجیهانی پێكەوە بەستەوە، هەمیشە بە نەمری دەمێنێتەوە. هاوزەمان لەگەڵ كۆچی دواییدا وەك رێزێك لەو داهێنەرە بلیمەتە، لە بەریتانیا بۆ ماوەی دوو خولەك هەموو ئامێرەكانی بێتەل و رادیۆ و تەلەفۆن كوژێنرانەوە.