ژووری ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی گرووپە چەکدارەکان، کۆتاییهاتنى حوکمى 50 ساڵەى بەعسى لە سوریا راگەیاند.
گرووپە چەكدارەكان بڵاویانكردەوە، بەیانی ئەمرۆ بەبێ هیچ بەرەنگاربوونەوەیەك چونەتە شاری دیمەشقەوە، ئاماژەیان بەوەشداوە سەردەمی تاریكی لە سوریا كۆتایی هات و سەرەتای سەردەمێكی نوێ لە وڵاتەكە دەستیپێكردووە، دواتریش لە رێی تەلەفزیۆنی رەسمیی سوریاوە كۆنترۆڵكردنی شاری دیمەشق و كۆتاییهاتنی سەردەمی ئەسەدیان راگەیاند، هەروەها فرۆكەخانەی دیمەشق لەلایەن گرووپە چەكدارەكانەوە كۆنترۆڵكرا و سەرجەم گەشتە ئاسمانییەكانی راگیران.
روانگەی سوریا بۆ مافەكانی مرۆڤ رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەشار ئەسەد لە رێی فرۆكەیەكەوە دیمەشقی بەجێهێشتووە و بەرەو شوێنێكی نادیار رۆیشتووە، چەند سەرچاوەیەكیش باسیان لە كەوتنە خوارەوەی فڕۆكەكەی ئەسەد كردووە، بەڵام تا ئێستا ئەو هەواڵە پشتڕاست نەكراوەتەوە .
هاوكات محەمەد غازی جەلالی سەرۆك وەزیرانی سوریا رایگەیاندوە، حكومەتی سوریا ئامادەیە هاوكاری هەر سەركردایەتیەك بكات كە گەل هەڵیدەبژێرێت و ئامادەشن بۆ رادەستكردنی دەسەڵات، راشیگەیاندووە، لەگەڵ ئیدارەی ئۆپراسیۆنە سەربازییەكان لە پەیوەندیدان و رێكەوتون.