راپۆرتی/ رەوەست نەوزاد
بەهۆی زۆربوونی ژمارەی سەگی بێلانە لەناو گەڕەک و کۆڵان و شەقامەکانی شاری هەولێر و رووداوی گەستنی هاووڵاتیان، شارەوانی شارەكە ساڵی 2023 شێڵتەرێكی بۆ كۆكردنەوەی سەگی بێلانە لە دەرەوەی شارەکە دروستكرد، كە نزیکەی 16 هەزار سەگی تێدا كۆكراوەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئێستا ژمارەیەكی زۆر سەگی بێلانە لەناو شارەكەدا هەیە. هەروەها رووداوی گەستن و پەلاماردانی هاووڵاتیان دووبارە دەبێتەوە، بۆیە دانیشتووان داوای چارەسەری بنەڕەتی دەكەن.
هۆزان جیهاد هاووڵاتییەكی شاری هەولێرە بۆ کوردستانی نوێ وتی: كردنەوەی شێڵتەر بۆ کۆکردنەوەی سەگی بێلانە كارێكی زۆرباش و شارستانییە، بۆ ئەوەی هاووڵاتیان لە پەلاماردانی سەگ بە دووربن، لە هەمانكاتدا سەگەكان لە كوشتنیان لەلایەن هاووڵاتیانە بپارێزرێن، بەڵام پێویستە کارمەندانی شێڵتەرەکە چالاکتربن بۆ کۆکردنەوەی سەگی زیاتر.
بەشەکانی شێڵتەرەکە
شێڵتەری هەولێر بۆ کۆکردنەوەی سەگی بێلانە، لەسەر 20 دۆنم زەوی دروستكراوە بەشەكانی بریتین لە: ژوورەكانی نەشتەرگەری، ئۆفیس و پزیشكی ڤێتێرنەری لە 27-9-2023 دەستکرا بە پرۆسەی كۆكردنەوەی سەگی بێلانە تێیدا و ئێستا لەلایەن هەشت كارمەندەوە چاودێری دەکرێت و بەڕێوەدەبرێت.
حەسەن ئیسماعیل بەڕێوەبەری شێڵتەری هەولێر بە كوردستانی نوێی راگەیاند: لەناو شێڵتەرەکەدا 13 پزیشکی ڤێتێرنەری هەیە كە كاری نەشتەرگەریی بۆ سەگەكان دەکەن، بەڵام پێویستمان بە پزیشکی زیاتری پسپۆڕی نەشتەرگەرییە.
شێڵتەری هەولێر بۆ کۆکردنەوەی سەگی بێلانە، تائێستا زیاتر لە 16 هەزار سەگی تێدایە و بە گشتیی جێگەی 40 هەزار سەگی تێدا دەبێتەوە، بەڕێوەبەری شێڵتەرەکە دەڵێت: لەو ژمارەیە نزیکەی 7500 سەگ نەشتەرگەری نەزۆك کردنیان بۆ كراوە، سەگەکان كاتێك نەشتەرگەری نەزۆكییان بۆ دەکرێت دۆخیان ئارام دەبێتەوە، پەلاماری مرۆڤەكان نادەن و بە دوایان ناكەون، تەنانەت ئەگەر پەلاماری كەسێكیش بدەن، هیچ ئازاری پێ ناگەیەنن لەبەرئەوەی ڤاكیسنمان بۆ کردوون، نەزۆك كردنەكەش هەمیشەییە و هەردوو رەگەزی سەگەكان دەگرێتەوە.
شێڵتەری هەولێر بۆ کۆکردنەوەی سەگی بێلانە، جێگەی 40 هەزار سەگی تێدا دەبێتەوە و تائێستا نزیکەی 7500 سەگ نەشتەرگەری نەزۆكییان بۆ كراوە
خواردنی رۆژانەی سەگەکان
سەبارەت بە دەنگۆی خواردنی گۆشتی سەگی مردارەوە بوو لەلایەن سەگی دیکە لە شێڵتەرەكەدا، بەهۆی نەبوونی خواردن، حەسەن ئیسماعیل وتی: لەناو ئاژەڵاندا ئەوحاڵەتە بوونی هەیە، بەڵام تائێستا حاڵەتی لەمجۆرە لە سەنتەرەكەماندا نەبووە، لەبەرئەوەی ئێمە رۆژانە نزیكەی 10 تا 12 تۆن تەنیا گۆشتی مریشكیان بۆ دەهێنین لە سەربڕینخانەكانی هەولێر كە بە خۆڕایی بۆمان دابین دەكەن، بۆ ئەمەش قایمقامیەت و ژووری بازرگانی هەولێر هاوكارمانن، ئەو گۆشتە بێ مۆرانە یان ئەو گۆشتە ماوە بەسەرچووانەی كە دەستیان بەسەردا دەگیرێت بۆمان دەهێنن.
لە شێڵتەری هەولێر بۆ کۆکردنەوەی سەگی بێلانە، جۆرەها دەرمانی چارەسەر و ڤاکسین هەیە کە بۆ سەگەکان بەکاردەهێنرێت، بە مەبەستی بڵاونەبوونەوەی نەخۆشی تیایاندا.
بەشێک لە هاووڵاتیان گلەییان هەیە، لە داخستنی ئەو ژمارە تەلەفۆنەی لەلایەن شێڵتەرەکەی هەولێر بڵاوکرایەوە، کە ژمارە 07507507011ەیە بۆئەوەی لە کاتی بینینی سەگی بێلانە لە کۆڵان و سەرشەقامەکاندا پەیوەندییان پێوە بکەن، بۆئەوەی کارمەندەکانیان بیانگرن و بیانبەن بۆ شێڵتەرەکە.
هۆزان جیهاد، هاووڵاتی دەڵێت: لە ماوەی رابردوودا لە گەڕەكەكەمان سەگێكی زۆرم بینی، چەند جارێك پەیوەندیم بەو ژمارەیەوە كرد کە بڵاویانکردۆتەوە تەلەفۆنەكەیان داخرابوو.
رۆژانی کارکردنی کارمەندانی شێڵتەرەکە
بە وتەی بەڕێوەبەری شێڵتەری هەولێر بۆ کۆکردنەوەی سەگی بێلانە، تیمەكانیان بە بەردەوامیی جگە لە رۆژانی هەینی هەموو رۆژێك لە گەڕاندان بۆ گرتنی سەگی بێلانە و وتی: ئێستا تەنیا سەگەكانی ناو شەقامی 150 مەتری تا سەنتەری شار دەگرین كە دوو ئۆتۆمبێلمان بۆ ئەو کارە لە بەردەستدایە، هەرچەندە کەمە، بەڵام تاڕادەیەك كۆنترۆڵی دۆخەكەمان كردووە و رۆژانە 50 - 60 سەگ دەگرین.
وتیشی: هۆكاری وەڵام نەدانەوەی پەیوەندی هاووڵاتیانیش بۆ سەرقاڵبوونی تیمەكانمان بە كاری گرتنی سەگەكان دەگەڕێتەوە.
زۆربوونی حاڵەتەکانی گەستنی سەگ، پەلاماردان و ئازاردانی هاووڵاتیان، وای لە بەرپرسانی شێڵتەرەكەی هەولێر کرد، بانگەواز بکەن بۆ گرتنی سەگ لەلایەن هاووڵاتیانەوە، بە شێوەیەک هەر هاووڵاتییەک لە بەرامبەر گرتنی سەگێکدا بڕی سێ هەزار دیناری پێ دەدرێت.
چۆنیەتی گرتنی سەگ لەلایەن هاووڵاتیانەوە
حەسەن ئیسماعیل بەڕێوەبەری شێڵتەری هەولێر وتی: گرتنی سەگ کاری هاووڵاتیان نییە، بەڵكو کاری کارمەندانی ئێمەیە، بەڵام مەبەستمان لە بڕیارەکە ئەوەیە هەرکەسێک بیەوێت دەتوانێت لەگەڵ ئێمە گرێبەستێك بكات كە لەژێر چاودێری و فەرمانی بەڕێوەبەرایەتی خزمەتگوزاریی ژینگەپارێزیی هەولێردا كاربكات، بۆ ئەو مەبەستە ئەوان پارەیان پێدەدرێت، نەوەك كەسێك لە كۆڵانێك سێ سەگ بگرێت و بێتە لای ئێمە و ئێمەش بڕی نۆ هەزار دیناری پێ بدەین.
وتیشی: ئێمە بە دەرزی سڕكردن سەگەكان ناگرین، لەبەرئەوەی كاتی زۆری دەوێت، بەڵکو بە گوریس و ئاسنی تایبەت سەگەكان دەگرین، بە شێوەیەک كە زیان بە تیمەكانمان نەگەیەنێت، لەگەڵ ئەوەش حاڵەتی گەستنی ئەندامانی تیمەكانمان لەلایەن سەگەوە هەبووە.
باسی لەوەشكرد، تائێستا چەندین رێكخراوی بیانیی تایبەت بەم بوارە هاتوون بۆ شێڵتەرەكەمان، بەڵام جگە لە حكومەتی هەرێم هیچ كەسێك هاوكاری نەكردووین، هیواداریشم خەڵكی هەولێر هاوكاری تیمەكانمان بكەن لە كاتی گرتنی ئاژەڵەكاندا.
بە گوێرەی پێشبینییەکانی خزمەتگوزاریی و ژینگەپارێزیی هەولێر، لە سنوورەکەدا نزیکەی 31 هەزار سەگی بێلانە هەن.
حەسەن ئیسماعیل