دوێنێ، لە یاریگای سلێمانی (مەلعەبەكە) بە ئامادەبوونی سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی و ژمارەیەك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی، سەركردایەتی، تێكۆشەرە دێرینەكان، كەسوكاری شەهیدان، ئەندامان و لایەنگران و چینوتوێژە جیاوازەكان، كەرنەڤاڵێك بۆ 50یەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەڕێوەچوو.
لە كەرنەڤاڵەكەدا سەرۆك بافڵ، خەڵاتی رێزلێنانی بەخشییە د.فوئاد مەعسوم ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری یەكێتی، هۆمەر شێخمووس ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری یەكێتیش لە پەیامێكی ڤیدیۆییدا پیرۆزبایی یادی 50 ساڵەی لە یەكێتی و یەكێتییەكان و خەڵكی كوردستان كرد.
لە كەرنەڤاڵەكەدا، بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، وتەیەكی پێشكەشكرد، كە ئەمە تەواوی وتەكەیەتی:
ئێوە بوون هێزتان بە ئێمە بەخشی و ئەو یەكێتییەی ئەمڕۆ هاتووەتە بوون
سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی، لەمیانی پێشكەشكردنی وتاری یۆبیلی زێڕینی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا، سڵاوی بۆ هەموو یەكێتییەكان نارد و رایگەیاند: هەموو وڵاتان و حزب و لایەنە سیاسییەكان لە دنیادا مێژووی یەكێتی دەزانن، كە مێژووەكەی چەند دەوڵەمەند و پیرۆزە، پڕە لە خەبات و قوربانی، پڕە لە كوردایەتی و ئازایەتی، مێژووی یەكێتی وەكو ئەستێرەكانی ئاسمان دەبریسكێتەوە، حزب نییە بتوانێت بیر لەوە بكاتەوە وەكو یەكێتی بێت، وتیشی: شەهیدان، تێكۆشەران، كەمئەندامان، پیاوماقوڵان و ژنانی خەباتگێڕ و ئازا، ئەوان بوون یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیان گەیاندە ئەمڕۆ، ئێوە بوون دوای ئەو هەموو ساڵە، كە ئێمە كێشەمان هەبوو، هەرگیز وازتان نەهێنا و لەگەڵ هەڤاڵانی یەكێتیدا كە لەم كەرنەڤاڵەدا دانیشتوون، هێزتان بە ئێمە بەخشی و ئەو یەكێتییەی ئەمڕۆی لێ هاتووەتە بوون، كە هەموو حزبێك بەغیلی پێدەبات.
بەڵێنەكانمان، هەندێكی جێبەجێكراوە و هەندێكیشی لە جێبەجێكردندایە
سەرۆكی یەكێتی، ئاماژەی بەوەشكرد كە ئەوە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە بەڵێنەكانی خۆی جێبەجێ دەكات، هەشت مانگ پێش ئێستا من لێرە لەگەڵ چەند كەسێك كۆبوونەوەیەكی بچووكم كرد، بەڵێنماندا چەند كارێك بكەین، هەندێكی جێبەجێكراوە و هەندێكیشی لە جێبەجێكردندایە، وتمان باڵانسی هێز رێكدەخەینەوە، رێكمانخستەوە، دەزانم هەندێكتان بەگلەیین، دامەزراندنی حكومەت كەمێك دواكەوتووە، سەبرتان هەبێت، ئێمە بەڵێنماندا ئەم حكومەتە حكومەتێك بێت میللەتەكەمان دڵی پێی خۆش بێت، ئەم حكومەتەی دروستی دەكەین، حكومەتێك بێت كە وەكو پێویست بتوانێت خزمەتی میللەتەكەمان بكات، بۆیە من داوای لێبوردنتان لێدەكەم، بەڵام وەك وتم دەبێت سەبرتان هەبێت، چونكە تا حكومەتێكی تەواونەبێت، حكومەتێكی باش نەبێت و شتەكان وەكو پێویست نەبن، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەرگیز تەنازول ناكات.
شەهیدان، تێكۆشەران، كەمئەندامان، پیاوماقوڵان و ژنانی خەباتگێڕ و ئازا، ئەوان بوون یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیان گەیاندە ئەمڕۆ
هەمووتان ئەوە دەزانن كە لە بەغدا قسەی كێ دەخوات و كێ ئیشی پێ جێبەجێ دەكرێت، هەر یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە دۆخەكان چاكدەكاتەوە، هەڵەكانی خەڵكی تر راستدەكاتەوە، هەر یەكێتییە شەڕ دەكات، كە خەڵكی تر ناوێرێ بیكات
پێش ئەوەی بێم بۆ ئەم كەرنەڤاڵە، تەلەفۆنێكم كرد بۆ سەرۆك وەزیرانی عیراق، بەڕێزیان زۆر باش قسەی كرد، ئیشەڵڵا لەهەوڵداین پرسی مووچە چارەسەربكرێت، پێویستیش بكات لەم رۆژانەدا دەچم بۆ بەغدا
هەر یەكێتییە دۆخەكان چاكدەكاتەوە، هەڵەكانی خەڵكی تر راستدەكاتەوە
لە بەشێكی دیكەی وتەكانیدا، سەرۆك بافڵ، دووپاتیكردەوە كە ئەمڕۆ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەشێكە لە هەموو گۆڕانكارییەكان، كە روودەدات لە دنیادا، وڵاتە زلهێزەكان پرس بە یەكێتی دەكەن و رەئی یەكێتی وەردەگرن و لەگەڵ یەكێتی گفتوگۆ دەكەن، هەمووتان ئەوە دەزانن كە لە بەغدا قسەی كێ دەخوات و كێ ئیشی پێ جێبەجێ دەكرێت، هەر یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە دۆخەكان چاكدەكاتەوە، هەڵەكانی خەڵكی تر راستدەكاتەوە، هەر یەكێتییە شەڕ دەكات، كە خەڵكی تر ناوێرێ بیكات، راشیگەیاند: ئاگام لە خەڵكە، دەزانم چەند نیگەرانن و ترساون لە پێنەدانی مووچەكانیان، ناهەقیشیان نییە، بۆیە هەرگیز هەق نییە یەكێك تەهدیدێك بكات، كە پێی جێبەجێ ناكرێت، گۆڕستانەكان پڕن لە تەرمی داعش و قاعیدە، ئەوان تێگەیشتن یەكێتی كە تەهدیدێكی كرد، چۆن جێبەجێی دەكات.
دوای ئەم هەڵبژاردنە پیشانی هەمووانی دەدەین چیمان پێدەكرێت لە بەغدا
لە درێژەی قسەكانیدا، سەرۆكی یەكێتی، وتی: من ئەمڕۆ كە دواكەوتم لە هاتنم بۆ ئێرە بۆ خزمەتتان، لەبەر هۆكارێك بوو، تەلەفۆنێكم كرد بۆ محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق، بەڵێ دیسان ئەوە ئیشی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە، لایەنەكانی تری ئۆپۆزسیۆن لەماڵەوە دانیشتوون وەكو مشك سەیری تەلەفزیۆن دەكەن و هیچیان پێناكرێت، وتیشی: ئێمە لێرەوە پەیامێكمان هەیە بۆ بەغدا، ئێمە دوژمنی ئێوە نین، تكاتان لێدەكەین هەڤاڵانی بەغدا گوێ لە میللەت بگرن، گوێ لە چەند سەركردەیەك مەگرن، كە لەبیریان چووە برسێتی چییە، میللەتەكەی ئێمە هیچ كێشەیەكی نییە لەگەڵ عەرەب، كریستیان و ئێزدی، حەق نییە میللەتەكەی ئێمە چیتر قوربانیی نەزانیی لایەنی تر بدات، لە پەیوەندییەكەمدا لەگەڵ سودانی؛ بەڕێزیان زۆر باش قسەی كرد، ئیشەڵڵا لەهەوڵداین پرسی مووچە چارەسەربكرێت، پێویستیش بكات لەم رۆژانەدا دەچم بۆ بەغدا بۆ دیداری سەرۆك وەزیرانی عیراق، ئەمەش نموونەیەكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە، ئەو یەكێتییەی ئێوە، كە بە هێزی ئێوە؛ ئێمە دەتوانین ئەو شتانە بكەین، هەر دەچین و چارەسەریشی دەكەین، دوای ئەم هەڵبژاردنەش پیشانی هەمووانی دەدەین چیمان پێدەكرێت لە بەغدا.
ئێمە خەڵك لەبیرناكەین، ئێمە حزبی خانووە قوڕەكانین
لە كۆتایی قسەكانیشیدا، سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی، دووپاتیكردەوە كە ئێمە خەڵك لەبیرناكەین، ئێمە حزبی خانووە قوڕەكانین، ئەو یەكڕیزییەی یەكێتی هەیەتی، باشتر دەبێت، با حزبەكانی تر پارچە پارچە بن، ئەو هێزی پێشمەرگەیەی كە هەمانە بەهێزتر دەبێت، بەرنامەكانمان باشتر دەبن، یەكێتی هەر بۆ پێشەوە دەڕوات، هەر شتێك روودەدات یەكێتی بەشدارە تێیدا، لە پرسی ئاشتی لە توركیادا بەشێكی سەرەكی بووین، بێ ئەوەی بۆ یەك جاریش پەنجەیەكی یەكێتییەك بچێتە ناو خوێنی خیانەت، تەنازولمان نەكرد و نایكەین، دووپاتیشیدەكەمەوە كە هەر یەكێتییە بتوانێت حەق و مافەكانی كورد وەربگرێت، هەر یەكێتییە بتوانێت نەیارەكانی كورد بدات بە زەویدا، ئەم یەكێتییە هەرگیز بەڵێنەكانی خۆی لەبیرناكات، هەرگیز كۆڵنادات لە خەبات، وازناهێنێت لە ماندوبوون، لە شەڕكردن و قوربانیدان، تا میللەتی كورد هەموو مافەكانی خۆی وەرنەگرێت، بەپشتیوانی خوای گەورەش ئیشەڵڵا بە چاوی خۆمان كۆتایی هەموو دوژمنەكانی میللەتی كورد دەبینین.
بۆ پێشەوە یەكێتی، بۆ پێشەوە یەكێتی، هەر بۆ پێشەوە یەكێتی و زۆر سوپاس و خوداحافیز.