بۆنكردنی ئەم گوڵانە چیمان لێدەكات؟

10:38 - 2022-07-17
ژینگە
523 جار خوێندراوەتەوە

تارا شێخ عوسمان

هەندێكجار ماندوێتی زۆر وا دەكات مرۆڤ بڕستی هیچی نەمێنێت و نەتوانێت لە دوای كاركردن چێژ لە رۆژەكەی ببینێت، بەڵام زانایان ئامۆژگاریمان دەكەن، بۆنكردنی هەندێك رووەك و میوە و گوڵ یارمەتیمان دەدەن بۆ ئەوەی لە گیان داهێزران و شەكەتی زۆر رزگارمان بێت لەوانە:
بۆنكردنی لیمۆ
بۆنكردنی لیمۆی فرێش یارمەتی مرۆڤ دەدات بۆ هێور بوونەوە و  وشیاریش زیاتر دەكات، پێگەی (دەیلی هێلس پۆست)ی ئەمریكی  ئاماژەی بە چەندین توێژینەوە داوە كە لەو بارەیەوە كراوە و ئەوە سەلمێندراوە بۆنكردنی لیمۆ كاریگەریی  ئەرێنی هەیە  بۆ ئەو كەسانەی كە توڕە دەبن و هێوریان دەكاتەوە، هەروەها هەستكردن بە ماندوێتی كەمدەكاتەوە و بۆ ئەوانەش باشە كە ترسنۆكن دەتوانن لە رێگەی بۆنكردنی لیمۆوە كەمێك بەسەر ترسەكەیاندا زاڵ بن، چونكە بەپێی ئەو توێژینەوانە لیمۆ كۆئەندامی بەرگری بەهێز دەكات و سوڕی خوێن چالاك دەكاتەوە و خەمۆكیش كەمدەكاتەوە، بۆیە پسپۆڕان دەڵێن، ئەو كەسانەی تووشی ئەو حاڵەتانە دەبن دەتوانن  لیمۆیەك لە ناوەڕاستدا بكەن بە دوو كەرتەوە و تێر بۆنی بكەن و لە دوایشدا دەتوانن  بیخۆن.
دارچینی
دارچینی یەكێكە لە مادە چالاككەرەوەكان، بۆیە گونجاوە بۆ كەمكردنەوەی ماندوێتی و باشتركردنی توانای سەرنجدان، توێژەرەوەكانی زانكۆی (ویلنگ جیسویت)ی ڤێرجینیای ئەمریكا جەختدەكەنەوە، بۆنكردنی دارچینی دەبێتە هۆی باشتركردنی توانا ژیرییەكان و یارمەتیدەرێكی باشە بۆ ئارامبوونەوە لە دوای كاركردنێكی تاقەت پڕوكێن، زۆر بە سوودیشە بۆ ئەوانەی كە خەمۆكییەكی سووكیان هەیە و ناوبەناو هەست بەبێتاقەتی دەكەن.
لاڤیندەر 
گوڵی لاڤیندەر بە بۆنە خۆشەكەی بەناوبانگە و رۆڵێكی گرنگی هەیە لە رونكردنەوەی زیهن و  ئارامكردنەوەدا، لە جیهاندا بۆ بنەبڕكردنی ماندوێتی و بێزاریی بەكاردەهێنرێت، هەروەها  رۆنی ئەم گوڵە تایبەتمەندیی زۆری هەیە و بۆ زۆر شت بەكاردەهێنرێت یەكێك لەوانە بۆ هێوركردنەوە و كەمكردنەوەی گوشارە دەروونییەكان، بە گوێرەی پێگەی ( گیزوندهایت تیبس) بەكاردەهێنرێت بۆ چارەسەكردنی حاڵەتەكانی خەمۆكیی و چەند جۆرێكی  نەخۆشی شەقیقە.
نەعنا
نەعنا یەكێكە لە رووەكە سەوزە سەرنجڕاكێشەكان جگە لەوەی بە كاڵی دەخورێت و تامێكی خۆشی هەیە، هەر لە بەر بۆن و بەرامە خۆشەكەی لە ئامادەكردنی چەندین خواردنیشدا بەكاردەهێنرێت و لە پیشەسازیی دروستكردنی بنێشت و هەندێك مادەی خۆراكی دروستكراویشدا پشتی پێدەبەسترێت، جگە لەوانەش بۆ ئەو كەسانە بە سوودە كە رۆژێكی  پڕ ماندوێتیان هەبووە و دەتوانن بە كاڵی و دەشتوانن وەكو چا ئامادەی بكەن و بە گەرمیی یان دوای ساردكردنەوەی بیخۆنەوە و دەشتوانن لە رێگەی بۆنكردنی گەڵاكانییەوە سوودی لێببینن، چونكە دوای چەندین توێژینەوە دەركەوتووە ئەو رووەكە مێشك و جەستە چالاك دەكاتەوە و هاندەرێكی باشی بەدەستهێنانەوەی چالاكییە و وزەیەكی باشیش دەدات بە جەستە و هێزی بیركردنەوەی ئیجابی دەبەخشێت و دڵەڕاوكێ و ماندوێتی كەم دەكاتەوە.
رۆزماری
بەپێی توێژینەوە  نوێیەكان دەركەوتووە، بۆنكردنی روزماری یارمەتیدەرە بۆ كەمكردنەوەی دڵەڕاوكێ و رۆڵێكی گرنگیشی هەیە لە باشتركردنی یادەوەری و زیاتركردنی توانای دیقەتدان، هەروەها شێوە سروشتییەكەی ئەو رووەكە زۆر نیشانەی پەیوەست بە گوشارە دەروونیی و جەستەییەكان كەم دەكاتەوە و بۆنكردنی  گەڵا باریكەكانی ئەو رووەكە بۆ سەرئێشە بە سوودە.
ڤانێلیا 
لە توێژینەوەیەكی نوێی توێژەرانی ئەمریكی كە لەسەر ژمارەیەك كەسی خۆبەخش كراوە و ئەنجامەكەی لە پێگەی (گیزۆندهایت هویتە) دا بڵاوكراوەتەوە دەركەوتووە، بۆنكردنی ڤانێلیا كاریگەریی ئەرێنی هەبووە لەسەر بەشداربووان، بەشێك لەوانەی بۆنی  ڤانێلیایان كردووە دڵخۆشتر و هێورتر دەركەوتوون.
شیاوی باسە بەكارهێنانی ڤانێلیا شتێكی نوێ نییە و لە شارستانیەتی میسری كۆندا بەكارهاتووە بۆ هێوركردنەوەی ئەوانەی دەروونیان نا ئارامبووە و جۆرێك لە هارمۆنی رۆحییان بەدەستهێناوەتەوە.
یاسەمین 
گوڵی یاسمین لە كۆنەوە بەكارهاتووە بۆ چارەسەركردنی هەندێك گرفت و بۆنكردنی ئەو گوڵە زۆر بەسوودە بۆ هێوركردنەوەی مێشك و هەستكردن بە ئارامیی، هەروەها رۆنی ئەو گوڵە وەك مادەیەكی سروشتی  بەكارهاتووە بۆ چارەسەركردنی خەمۆكی، چونكە تایبەتمەندییەكی زۆری  هەیە لە رەواندنەوەی خەمۆكی و چالاككەرەوەی مێشكە و هەستی گەشبینی دەدات بەو كەسانەی بەكاریدێنن.
سەرچاوە: DW

بابەتە پەیوەندیدارەکان