کەشتیی ژینگەپارێز چییە؟

10:42 - 2022-07-17
ژینگە
618 جار خوێندراوەتەوە

پیسبوونی ژینگە بووەتە دەردێکی کوشندە بۆ مرۆڤایەتی و ئاسەواری خراپی بۆ هەموو جیهان دروستکردووە، گۆڕانی کەشوهەوا دروستبوونی لافاو و رەشەبا و با و بۆرانی بەخوڕ و زریان و و بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و وشکەساڵی پەیدابوونی پەتاو نەخۆشی تازە و ژاوەژاوی ژیان دەیان کێشەی تری بۆ ژیان و گوزەران لەسەر زەمین دروستکردووە.
پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و زۆربوونی ئامێر و کەرەستە و مەکینە و کۆمپانیای گەورە و نابەرپرسیارێتی هەندێک لە خەڵکی هۆکاری سەرەکی ئەو پیسبوونەن و ئەو پێشکەوتنانەی لە دەیەکانی رابردوودا جیهان بەخۆیەوە بینیوە لەم ساڵانەی دواییدا زیانەکانی لەبواری پیسبوونی ژینگەدا دەرکەوتوون، هاتوچۆی دەریایی و زۆری کەشتی زەبەلاح بۆ گواستنەوەی شمەکی بازرگانی نەوت و پێداویستی ژیان کە هەموویان بەو سووتەمەنیانە کاردەکەن کە زیان بە ژینگە دەگەیەنن، 90٪ ی بازرگانی جیهان لەڕێی دەریا و کەشتیە بارهەڵگرەکانەوە دەکرێت و لەو پرۆسەیەدا دووەم ئۆکسیدی کاربۆنێکی یەکجار زۆر فڕێ دەدەنە ناو ژینگە و هەمووی دەچێتە ناو قوڕگی مرۆڤ و گیانلەبەرانی تر.
بۆ کەمکردنەوەی ئەو ئاسەوارە نەرێنیانە ئێستا وڵاتانی رۆژئاوا خەریکی دۆزینەوەی رێگاچارەی گونجاون قەدەغەکردنی مادە پلاستیکیەکان و دروستکردنی ئۆتۆمبێلی کارەبایی  و غاز و زیادکردنی باج لەسەر ئەو کۆمپانیایانەی کە زۆرترین دووەم ئۆکسید بەرهەمدەهێنن، هەروەها دەیان هەنگاوی تریش لەو هەوڵانەن کە دەبنە فریادڕەسی مرۆڤایەتی و کۆمەڵگاکان لەو دەردە کوشندانە دوردەخەنەوە.
کۆمپانیای Wallenius Marine ی سویدی بۆ دروستکردنی کەشتی و بەلەمی گەورە لە هەنگاوێکی تازەیدا جۆرێک لەو کەشتیە بارهەڵگرانە دروستدەکات کە ژینگە پیس ناکات و سەرچاوەی وزەی هەوایە وەک بەلەمە کۆنەکانی سەدەی نۆزدەهەم لەژێر کاریگەریی باو بە پەروانە و پەردەی گەورەوە لەناو دەریا رێیان دەکرد، Orcelle Wind ناوی ئەو کەشتیەیە کە ئەو کۆمپانیایە دروستی کردووە، درێژیەکەی 200 مەترو پانیەکەشی 40 مەترە، لەجیاتی قوماش بە مادەیەک دروستکراوە ناوی  Oceanbird و توانای بارکردن و هەڵگرتنی 7000 ئۆتۆمبێلی هەیە لەگەڵ سەدان تۆن لە کەلوپەلی تر، لەسەرخۆ دەڕوات و لە توانایدا هەیە لە سەعاتێکدا 22 کیلۆمەتری دەریا ببڕێت، ئەو کەشتیە سەرچاوەی وزەی هەوایە و لەناو ئەو لولانە کۆیدەکاتەوە کە بەرزی هەر یەکێکیان بۆ ئاسمان 80 مەتر دەبێت، لەگەڵ دوو دانەی تری یەدەگ کە لەناویدا جێگیر کراوە، هەوا و تەوژمی با لەناویاندا کۆدەکرێتەوە و دەبێتە خۆراکی مەکینەکەی و 90٪ ی پیسکردنی ژینگە کەمدەکاتەوە کە ئەمەش هەنگاوێکی باشە بۆ ئەو مەبەستە.
بڕیار وایە لە سەرەتای ساڵی 2025 یەکەمین کەشتی لەو جۆرە بکەوێتە کار و لەنێوان وڵاتاندا شتومەکی پێ بگوازرێتەوە، ئەمەش یەکەمین جارە لە مێژوودا کەشتیەک بەو گەورەییە و بەو جۆرە سووتەمەنیە بخرێتەکار، پسپۆڕانی ژینگە دەڵێن: دەبێت بەزوویی سنورێک بۆ پیسبوون دابنرێت ئەگینا کار لەکار دەترازێ و لەگەڵ گۆڕانی کەشوهەوادا کارەساتی سروشتی مەرگەسات هێنەر بەڕێوەیە و ئەو هەنگاوانەی دەستیان پێکردووە لەسەرخۆن و دەبێت پراکتیک و گشتگیربن.

سەرچاوە: Travelbook

بابەتە پەیوەندیدارەکان