لەپێناوی خزمەتكردنی دانیشتووانی شارەكە بەبێ جیاوازی..
پارێزگاری كەركوك بۆ کوردستانی نوێ : شەو و رۆژ كاردەكەین و درێغی ناكەین
هێمن ئەحمەد
بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوەڕۆی كەركوك بۆ کوردستانی نوێ : گەورەترین پرۆژە بۆ گەڕەكی شۆراو جێبەجێ دەكەین و كێشەیان نامێنێت
رێبوار تەها پارێزگاری كەركوك راستەوخۆ بەدواداچوون بۆ جێبەجێكردنی تۆڕی ئاوەڕۆی گەڕەكی شۆراو دەكات و لە لێدوانێكی تایبەتیشدا بۆ كوردستانی نوێ، ئەوەی خستەڕوو كە راستەوخۆ چاودێریی كار و پرۆژەكان دەكەم، كە چاككردنی تۆڕی ئاوەڕۆی گەڕەكی شۆراو یەكێكە لە پرۆژەكان و بە تەواوبوونیشی مەترسی لافاو لەسەر گەڕەكەكە نامێنێت.
پارێزگاری كەركوك، وتیشی: لە 52 شوێنی جیاواز لە شارەكەدا پڕۆژەی ئاوەڕۆ جێبەجێ دەكرێت، ئەوە جگە لە پڕۆژەی جۆراوجۆری خزمەتگوزاری و لە هەمووشی گرنگتر بەرەوپێشبردنی كەرتی كارەبایە و ئێستا سەرقاڵی دانانی محاویلەین بۆ گەڕەكەكان و تیمە خزمەتگوزارییەكانیش بەبێ جیاوازی بە شەو و رۆژ كاردەكەن، ئەوەشی ئیدارەی ئێستای شارەكە و فەرمانگەكان پێشكەشی دەكەن لە مێژووی كەركوكدا نەكراوە و خزمەتگوزارییەكان و جێبەجێكردنی پرۆژەكان چوونەتە قۆناغێكی نوێی پێشكەوتووەوە و كارەكان زۆر بەباشی و بەخێرایی دەكرێن.
هاوكات، ئەندازیار ئیحسان عەلی بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوەڕۆی كەركوك، لە لێدوانێكدا بۆ كوردستانی نوێ، ئەوەی خستەڕوو كە لەسەر راسپاردەی پارێزگاری كەركوك، تیمەكانیان بەردەوام كار لە پڕۆژەی ئاوەڕۆی سەرجەم گەڕەكەكانی شارەكەدا دەكەن، وتیشی: پرۆژەی ئاوەڕۆی گەڕەكی شۆراو گەورەترین پرۆژەیە بۆ گەڕەكەكە و لە ئایندەیەكی نزیكیشدا تەواودەبێت و كێشەی ئاوەڕۆی گەڕەكەكە چارەسەردەبێت، كە پێشتر لەكاتی باراندا ئاوێكی زۆر كۆدەبووەوە و لافاو دروستدەبوو، خەڵكی گەڕەكەكەش ئاستەنگی هاتوچۆیان دەهاتەپێش.
#کەرکوک