بایەخی هێڵەكانی درێژی و پانیی گۆی زەوی

10:55 - 2022-07-17
ژینگە
2012 جار خوێندراوەتەوە

سەردار عەبدولڕەحمان*

بۆ دیاریكردنی شوێنەكان لەسەر رووی زەوی، گۆی زەوی دابەشكراوە بۆ تۆڕێك لە هێڵی خەیاڵی، كە لە سەردەمە كۆنەكانەوە تائێستا گۆڕانكاری زۆری بە سەردا هاتووە و گەیشتۆتە ئەو شێوەیەی ئەمڕۆ هەیە و بە (هێڵەكانی درێژیی و بازنەكانی پانی) ناودەبرێت هەریەك لەم هێڵ و بازنانەش پلە (ژمارە)ی تایبەت بەخۆی هەیە، هەر پلەیەك یەكسانە بە (60 خولەك) و یەك خولەكیش یەكسانە بە (60 چركە).
هێڵەكانی درێژیی(Longitudes)
هێڵەكانی درێژیی نیو بازنەیین ( بازنە داخراوە، بەڵام ئەم هێڵانە داخراو نین) لە نێوان هەردوو جەمسەری باكوور و باشووردا درێژ دەبنەوە، ئاڕاستەی  باكوور و باشوور بەڕاست دیاری دەكەن، هێڵەكانی درێژیی یەكسان نین، بەو پێیەی ماوەی نێوان هەموو دوو هێڵێكی یەك لە دوای یەك لە بازنەی یەكسانیدا نزیكەی (111 كم)، بەڵام بە نزیكبوونەوە لە جەمسەرەكان ئەم ماوەیە كەم دەكات لە هێڵی درێژیی (30) پلە ماوەی نێوانیان (95 كم) و لە هێڵی درێژیی (60) پلە ماوەی نێوانیان (56 كم)، بەڵام لە جەمسەرەكاندا ماوەی نێوانیان سفرە، چونكە جەمسەرەكان شوێنی بە یەكگەیشتن و كۆبوونەوەی هێڵەكانی درێژین و بەكاردێن بۆ دیاریكردنی فەلەكی شوێنەكان لە رۆژهەڵات و رۆژئاوای گرینج.
هێڵەكانی درێژیی، بۆ (360) هێڵ (رۆژهەڵات 180) و (180 رۆژئاوا) دابەشكراوە، یەكەم هێڵی درێژیی پێی دەوترێت (هێڵی گرینج) بەو هێڵانەی دەكەونە رۆژهەڵاتی گرینج دەوترێت هێڵەكانی درێژیی رۆژهەڵات، هەرچی ئەوانەی رۆژئاوایە پێیان دەوترێت هێڵەكانی درێژیی رۆژئاوا، دووریی نێوان هێڵەكانی درێژیی تەنها لە ناوچەی هێڵی كەمەرەیی زەوی (111 كم) دەبێت، بەهۆی شێوەی زەوییەوە تا بەرەو جەمسەرەكان بڕۆین كەم دەبێتەوە، لە نێوان هەردوو هێڵێكی درێژیدا (4) كاتژمێر جیاوازی هەیە.
بازنەكانی پانی (Latitudes)
بازنەكانی پانی بەشێوەی بازنەی داخراو دەوری گۆی زەوییان داوە كە لە هەردوو بەشی رۆژهەڵات و رۆژئاوادایە و ئاڕاستەی درێژبوونەوەیان بەرەو (رۆژهەڵات و رۆژئاوا)یە، لەبەر ئەوەی زەوی شێوەی گۆییە، بازنەیەكی گەورە دابەشی دەكات بۆ دووبەشی (دوو نیوەی) یەكسان، ئەوانیش نیوە گۆی باكوور و نیوە گۆی باشوورن، ئەم بازنانەش بە بازنەكانی یەكسانی ناو دەبرێن و (ژمارە) سفری وەرگرتووە، بازنەكانی پانی بە دووركەوتنەوە لە بازنەكانی یەكسانی بچووك دەبنەوە، واتا بە ئاڕاستەی جەمسەرەكان.
بەو بازنانەی بەشێوەی تەریب و بەگۆشەی (1 پلە) بە ناوچەی كەمەرەییدا دەكێشرێن دەوترێت بازنەكانی پانی، بە كۆی گشتی (180) بازنەن كە (90) بازنەیان دەكەوێتە نیوەگۆی باكوور و (90) دانەكەی دیكە دەكەوێتە نیوەگۆی باشوور، بازنەكانی پانی دەكەونە نێوان (سفر) و هەردوو جەمسەری باكوور(90 پلە) باكوور و باشوور (90)پلە باشوور، گرنگترین بازنەكانی پانی لە باكوور بریتییە لە (خولگەی قڕژاڵ 23.5 پلە) لە باكوور و (خولگەی كارژۆڵە 23.5 پلە) لە باشوور، بازنەی جەمسەری (66.5) پلە باكوور و بازنەی جەمسەری باشوور (66.5) پلە باشوور، بازنەكانی پانی تایبەتمەندییان ئەوەیە كە یەكسانن، واتا ماوەی نێوان هەموو هێڵە یەك لە دوای یەكەكان یەكسانە، رۆڵی دیاریان هەیە لە دیاریكردنی شوێنەكاندا لە باكوور و باشووری هێڵی یەكسانی زەوی.
گرنگی هێڵەكانی درێژیی و بازنەكانی پانی
-1  دیاریكردنی كات لەجیهاندا بەپێی هێڵەكانی درێژیی.
-2 زانینی (تێگەیشتن) لە ئاو و هەوای هەرێمەكان بەپێی شوێنەكانیان لەسەر بازنەكانی پانی، ناوچەی یەكسانی و خولگەییەكان (بازنەكانی خواروو) گەرمن، ناوچە جەمسەریەكان (بازنەكانی ژورو) ساردن، بەشێوەیەكی گشتی بە زیادبوونی ژمارەی بازنەكان یان بەرەو ئاڕاستەی جەمسەریەكان پلەی گەرمی نزم دەبێتەوە (كەم دەكات).
-3 هێڵەكانی درێژیی و بازنەكانی پانی بە بنچینە دادەندرێن بۆ دروستكردنی نەخشە، كە ئامانج لێیان (بازنەكانی پانی – هێڵەكانی درێژیی) گۆڕینی رووی زەوییە لەشێوەی خڕییەوە (گۆیی) بۆ رویەكی تەخت لەم رووەوە پێشكەوتنەكان لە زانستی بواری نەخشەكێشاندا بەشێوەیەكی بەرچاو گەشەیان كردووە.
ناوچەكانی كاتی جیهانی (بەرواری نێودەوڵەتی)
بە مەبەستی زانینی كات و جیاوازی نێوان ناوچەكانی رووی زەوی لە ساڵی (1884 ز)، كۆ دەنگییەك هەبوو لەسەر جێبەجێكردنی سیستمێكی جیهانی بۆ دەستنیشانكردنی كات و جیاوازی لە نێوان ناوچەكان، بەم پێیە جیهان دابەشكرا بۆ (24) ناوچەی كاتژمێری، بە مەرجێك هەر ناوچەیەك لە (15هێڵ)ی درێژی پێكبێت و جیاوازی نێوان هەر هێڵێكی درێژیی و هێڵێكی تر (4 خولەك) بێت، بەم شێوەیە هەر ناوچەیەك دەكاتە (60 خولەك) واتا یەك كاتژمێر، بەم جۆرە ناوچەكان لە رووی كاتەوە دەستنیشان كران، لەگەڵ ئەوەشدا  ناوچەكان نەكەونە سەر یەك هێڵی درێژی سەرەڕای دەستنیشانكردنی جیاوازی كات لە ناوچەیەكەوە بۆ ناوچەیەكی تر .
هێڵەكانی درێژیی گۆی زەوی دابەش دەكات بۆ (24 هەرێم)، لەسەر بنەمای جیاوازی كات، هەر هەرێمێك لە (15 پلە) پێكدێت كە دەگاتە (60 خولەك)، جیاوازی كات لە هەموو هەرێمەكان لەسەر جیاوازی نێوان هێڵەكان( بە جیاوازی هێڵەكان لە رۆژهەڵات بۆ رۆژئاوا كاتەكانیش جیاواز دەبن) هەر هێڵێك یەكسانە بە (4 خولەك) و بۆ دیاریكردنی كاتیش لە سەرجەم هەرێمەكان دەبێت بگەڕێینەوە و پشت بە كاتی گرینج ببەستین.
هەر (15 هێڵ) بەرەو رۆژهەڵات كاتژمێرێك زیاد دەكات، بەڵام هەر (15 هێڵ) بەرەو رۆژئاوا ئەوا كاتژمێرێك كەم دەكات، بۆ نموونە ئەگەر لە (لەندەن) كاتژمێر (12)ی نیوەڕۆ بێت ئەوا لە هێڵی درێژیی (30) رۆژهەڵاتدا كاتژمێر (2)ی پاش نیوەڕۆیە و لەسەر هێڵی درێژیی (30 رۆژئاوا) كاتژمێر (10) ی بەیانییە، بەپێی هێڵی بەرواری نێودەوڵەتی كاتەكان بەشێوەیەكی نزیك لە یەكن، بۆ نموونە: ئەگەر لە رۆژهەڵات  رۆژی یەك شەممە بێت و كاتژمێر(6)ی بەیانی بێت، ئەوا لە رۆژئاوا رۆژی دوو شەممەیە و كاتژمێر(6) ی بەیانییە، بۆیە ئەگەر بێت و لە رۆژهەڵاتەوە بەرەو رۆژئاوا  لە رێگەی هێڵی بەرواری نێودەوڵەتییەوە بڕۆین ئەوا رۆژێك لە ناودەچێت (ون دەبێت)، بەڵام ئەگەر بە ئاڕاستەی رۆژهەڵات بڕۆین رۆژێكمان بۆ دەگەڕێتەوە، هێڵی بەرواری نێودەوڵەتی بە زەریای هێمندا تێدەپەڕێت و دوورە لەو دوورگانەی بەناو زەریاكاندا بڵاوبوونەتەوە.
*شارەزای جوگرافیا

بابەتە پەیوەندیدارەکان