ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند، حکومەتی هەرێم رۆژانە ٣٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەم هێناوە و نازاندرێت داهاتەکەی چی لێهاتووە، پێویستە دیوانی چاودێری لێپرسینەوەی دارایی بکات.
موعین كازمی ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران وتیشی، حكومەتی فیدراڵ داوادەكات داتابەیسێكی روون بۆ ٧٠٠ هەزار فەرمانبەری مەدەنی و پێشمەرگە هەبێت، بەڵام ئەو لیستەی هەرێم ناردویەتی ناوی دووبارە و دوو مووچە و ناوی ناڕاستیشی تێدایە، ئەوەش حاڵەتێكی بێ متمانەیی دروستكردووە.
باسی لەوەشکردووە، دەبێت لێپرسینەوەی دارایی هەبێت لەلایەن چاودێریی داراییەوە بۆ ئەوەی متمانە لەنێوان هەردوولادا هەبێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، پێم وایە ساڵی داهاتوو رێککەوتنێک دەبێت بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت بە ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا و لەژێر دەسەڵاتی کۆمپانیای سۆمۆ، لەگەڵیشیدا وەزارەتی نەوتی عیراق چاودێر دەبێت بەسەر پڕۆسەی هەناردەکردنی نەوت و رێگە لە بەقاچاغبردنی دەگرێت، لەبەرامبەریشدا حکومەتی فیدڕاڵ پابەند دەبێت بە ناردنی موچە و شایستە داراییەکانی ٧٠٠ هەزار فەرمانبەری هەرێم لەکاتی خۆیدا.
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی دەشڵێت، رەوا نییە هەزاران كەس لە هەرێم بە پلەی وەزیر مووچە وەردەگرن.