راپۆرتی/ هێمن ئەحمەد
پسپۆڕی بواری دەروونناسی و هزری بۆ کوردستانی نوێ : خێزانی ئەو کەسەی گرفتی دەروونی هەیە، پێویستە بە زوویی هەست بە خەمۆكییەکەی بكەن و بەزووترین كات هەوڵبدەن پزیشكی دەروونی بیبینێت بۆ چارەسەرکردن
گەلێك كێشە هەیە دەبنە ئاستەنگ لە چوارچێوەی ژیانی مرۆڤدا و چارەسەرکردنیان قورسە، هەندێکجار کەسەکان بۆ رزگاربوون لێی پەنا بۆ خۆکوشتن دەبەن.
خۆكوشتن، پرۆسەیەکی تاکەکەسی بە ئاگایی خۆ ویستانەیە، بە ئەنقەست و بە مەبەستی هەڵهاتن لە ژیان، نەتوانین و لاوازیی زاڵبوون بەسەر خوود دا دەکرێت، چارەسەرکردنی لەسەر ئاستی تاک و لایەنی بەرپرس پێویستە.
دەرکەوتنی دیاردەی نامۆ
محەمەد حەسەن دانیشتووی گەڕەكی ئیسكانی شاری كەركوكە ماوەیەک لەمەوبەر هاوسەرەکەی لە دەستداوە، بۆ کوردستانی نوێ وتی: هاوسەرەکەم نەخۆشی دەروونی هەبوو، چەندینجار سەردانی پزیشکی پسپۆڕمان کرد و چارەسەری وەردەگرت، بەڵام لەناکاو خۆی سووتاند.
وتیشی: ئەو کەسانەی خۆیان دەكوژن پێش رووداوەكە كۆمەڵێك رەفتاری نامۆ دەکەن پێویستە بە هەند وەربگیرێن لەبەرئەوەی رۆڵێكی گەورەی هەیە لە روونەدانی خۆكوشتنەکە و چارەسەرەكانیش ئاسان دەكەوێتەوە، ئەم دیاردەیە بە چەند قۆناغێكدا دەڕوات ئەگەربێت و چاودێری بكرێت رووداوە دڵتەزێنەکە روونادات.
محەمەد ئاماژەی بەوەکرد، یەكێكین لەو خێزانانەی رووداوی خۆکوشتن لەناوماندا روویدا، بەداخەوە هاوسەرەکەم خۆی سووتاند و گیانی لەدەستدا، ئێستا دەزانم ئێمە كەمتەرخەم بووین لە چارەسەركردنی ئەو كێشانەی كە رووبەڕووی دەبوونەوە، بەپێی رێنماییەكانی پزیشكەكەی لەگەڵ خواستەكانیدا نەڕۆیشتین و ئێستا پەنجەی پەشیمانی دەگەزین، كە نەمانتوانی زوو فریای بكەوین و لەگەڵ چارەسەرەكاندا هەنگاو بنێین.
رەهەندەکانی خۆکوشتن
لە زانستی دەروونزانیدا دیاردەی خۆکوشتن سێ رەهەندی هەیە وەک:
یەكەم، بۆ پێش لە دایكبوونی كەسەکە دەگەڕێتەوە، بە جۆرێک دایكەكە پەیوەست بێت بە كۆمەڵێك كێشە و گرفتی جۆراوجۆری وەك، رووداوێک، خواردنەوە كحولییەكان، یان بوونی نەخۆشی دەروونی لە دایكەكەدا.
دووەم، دەگەڕێتەوە بۆ دوای لە دایكبوونی کەسەکە چۆن مامەڵە و هەڵسوكەوتی لەگەڵدا دەكرێت، دەبێت هۆگریی بدرێتێ بۆئەوەی لە بارێكی ئارامدا گەشە بكات و لە رووی دەروونییەوە تەندروست بێت لەگەڵ كەسەكانی دەوروبەریدا، هەروەها یاساكانی ژیانی فێر بكرێت لە باری خۆشی و ناخۆشیدا.
سێیەم، لە ماوەی ژیانیدا تەمەنێكی بردۆتەسەر و بیر لەوە دەكاتەوە هەوڵبدات زاڵبێت بەسەر خۆشی و ناخۆشییەكانی ژیانیدا، بۆیە هەندێكجار لە چوارچێوەی ئەو ژینگەیەی تیایدا پەروەردە دەبێت، دەبێتە هۆكار و پاڵنەر بۆ پرۆسەی خۆكوشتن، كاتێك بیردەكاتەوە ئاوات و مەرامەكانی لە چوارچێوەی كۆمەڵگەدا ناگونجێت ژیان لەلای دەبێتە تاریكی و وایلێدەكات بیر لەوەبكاتەوە چارەسەرەكانی لەنێو كۆمەڵگەدا مەحاڵە، بۆیە بە بڕوای خۆی بیركردنەوە لە خۆكوشتن باشترین چارەسەرە، پاش ئەوەی بێهیوا دەبێت لە كۆمەڵگە لە جێبەجێكردنی خواستەكانی.
کاریگەریی ئاستی رۆشنبیری
د. كەمال جومعە خاوەنی بڕوانامەی دكتۆرا لە بواری دەروونناسی و هزریدا، بە كوردستانی نوێی راگەیاند: هەر دیاردە و گرفتێكی دەروونی هۆكارە بۆ روودانی هەڵەی خۆكوشتن. خۆكوژ، هەوڵدەدات لە رێگەیەكی نا گوماناوییەوە پرۆسەكە بکات، ئەویش بە بەكارهێنانی ئەو ئامرازانەی كە لەناو ماڵەكاندا هەیە، بۆ نموونە، لە ماڵەوە چەكی هەیە و کۆتایی بە ژیانی خۆی دەهێنێت، یاخود بۆ مەرامی خۆكوشتنەكەی سەركێشی دەكات وەك: خۆفڕێدان یان مەلەكردن لە ئاودا یان بەکارهێنانی هەر ئامرازێکی دیکە، لەبەرئەوەی ژیان لای ئەو كوژاوەتەوە و بە تاریكی دەیبینێت.
بەرزی ئاستی رۆشنبیریی خێزان و کۆمەڵگە هۆکارێکی سەرەکییە بۆ باش چاودێریکردن و پەشیمانکردنەوەی ئەو کەسانەی بیرۆکەی خۆکوشتنیان هەیە، كەریم محەمەد، ئەندامێکی خێزانەكەی تووشی نەخۆشی دەروونی بووە و چەندینجار بیرۆکەی خۆکوشتنی هەبووە بە کوردستانی نوێی وت: بە بەردەوامی هەموو ئەندامانی خێزانەکەم چاودێری دەکەین بۆئەوەی کارێکی هەڵە نەکات، ئاگا لێبوونی كەسە نزیكەكان پێوەرن بۆ چاكبوونەوە و روونەدانی خۆكوشتنەكە.
د.كەمال جومعە پسپۆڕی بواری دەروونناسی و هزری وتی: وریایی خێزان و کەسانی دەوروبەری ئەو کەسەی گرفتی دەروونی هەیە زۆر گرنگە، پێویستە بە زوویی هەست بە خەمۆكی کەسەکە بكەن و بەزووترین كات هەوڵبدەن پزیشكی دەروونی بیبینێت، بۆئەوەی بتوانێت چارەسەری گونجاوی بۆ دابنێت و یارمەتیدەری بێت لە چارەسەركردنی رەشبینییەكەی ژیانیدا.
رێژەی خۆكوشتن لە نێوان پیاو و ژندا
رێژەی خۆكوشتن لە نێوان پیاو و ژندا جیاوازی هەیە د.كەمال جومعە دەڵێت: بیركردنەوە لە خۆكوشتن لەناو ژناندا زۆرترە، بەڵام جێبەجێكردنی خۆكوشتنەکە لەناو پیاوان زیاترە، ئەمە رێژەیەکی جیهانییە.
رووداوی خۆكوشتن لە وڵاتێكەوە بۆ وڵاتێكی دیکە جیاوازی هەیە، هەندێك لە وڵاتەكان ئاسانكاری بۆ چارەسەرکردنی گرفتی کەسەکە دەکەن بەو ئامانجەی پرۆسەکە روونەدات.
د.كەمال جومعە وتی: دیاردەی خۆکوشتن لە هەموو وڵاتاندا لە هەڵكشاندایە بە عیراقیشەوە، هەرچەندە دەوڵەتە ئاست بەرزەكان بەردەوام سەرقاڵی لێكۆڵینەوەی زانستین لەسەر ئەم بابەتە، بەڵام گەلێك هۆكاری سیاسی، ئابووری و كۆمەڵایەتی هەیە كە رۆڵ دەبینن لە روودانی خۆكوشتندا بە شێوەیەكی بەرفراوان.