بە چاودێریی سەرۆكی زانكۆ، لە پڕۆژەیەكی گەورە و گرنگدا، كەمپی نوێی زانكۆی سلێمانی، بەشێوازێكی جیاواز و مۆدێرن سەوزدەكرێت.
لە دوو رۆژی رابردوودا، پ.ی.د.زانا مەحمود یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆی سلێمانی بۆ كاروباری زانستی و خوێندنی باڵا و كۆمپانیای جێبەجێكار (ئانزو)، بە مەیدانی ئەو شوێنانەیان بەسەركردەوە كە لەناو زانكۆی سلێمانی دیاریكراون بۆ سەوزكردن.
لە لێدوانێكدا، ئەندازیار محەمەد عەبدوڵڵا بەڕێوەبەری جێبەجێكردنی پڕۆژەی سەوزكردنی كەمپی نوێی زانكۆی سلێمانی، رایگەیاندووە: ئەم پڕۆژەیە لەلایەن دكتۆر هاوڕێ دارۆ شێخ نوری، سەرپەرشتی دەكرێت و دەمانەوێت زانكۆی سلێمانی بەشێوازێكی نوێ سەوز بكەینەوە، وتیشی: پڕۆژەكەمان تەنیا سەوزكردن لەخۆناگرێت، بەڵكو ئاودانی نەمامەكان و دیزاینی لاند سكەیپیش دەگرێتەوە، بەجۆرێك سیمایەكی جوانی تەلارسازیی بە زانكۆی سلێمانی ببەخشێت، سەرباری ئەوەش كارەبا و رووناكیش دابیندەكرێت و سەرەتاش زۆنی (C) لە دەروازەی سەرەكی زانكۆ لەسەر شەقامی راپەڕین تا دەروازەی زانكۆ لەسەر شەقامی قلیاسان، كە نزیكەی 80 دۆنم دەبێت، سەوزدەكەین.
ئاماژەی بەوەشكرد، پرۆژەكە هەموو ئەو شوێنانە دەگرێتەوە كە زەوییەكی وشكن و زیاتریش ئەو دارانە دەڕوێنرێن، كە چوار وەرزە سەوزن و لە چوارچێوەی پڕۆژەكەشدا شەتڵگەی زانكۆی سلێمانی بەشێوازێكی نوێ و مۆدێرن نۆژەندەكرێتەوە.